ئامەد شاهۆ: نابێت دەوڵەت یاری بە ئیرادەی ئازادانەی گەلان بکات

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پەژاک ڕایگەیاند: هەر توندوتیژییەکی دەوڵەت بەو مانایە دێت، کە یاری بە ئیرادەی گەلان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە خۆپیشاندانەکان زیاتر ببن. لەو رێگەیەوە گەل داوای ئازادیی زیاتر دەکات.

 

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەشداری بەرنامەی لاپەڕە لە ڕادیۆی دەنگی گەلی بوو و شیکاری و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین دۆخ و پرۆسەی ڕۆژهەڵات و ئێران کرد.

شاهۆ ڕایگەیاند، بە رێزەوە یادی هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژنان دەکاتەوە و وتی: "ئەم شۆڕشە بناغەی دەوڵەتی هەژاند، لەگەڵ خۆیدا گۆڕانکاریی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی هێنا. لە ئێران و ناوچەکە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری ڕوویدا. دەوڵەت لە بەرامبەر ئەوەدا ڕووی لە شێوازەکانی توندوتیژی کرد و دەیەوێت شۆڕشەکە کپ بکاتەوە. هەر توندوتیژییەکی دەوڵەت بەو مانایە دێت، کە یاری بە ئیرادەی گەلان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی خۆپیشاندانەکان. بەمەش داواکارییەکانی گەل زیاتر دەبێت و گەلی ئازادی زیاتریان دەوێت.

ئێمە پەژاک، دەمێکە دەڵێین، 'بەڵێ بۆ دیموکراسی، نا بۆ سێدارە'. سێدارە و لەسێدارەدان دیمۆکراسی بەدیناهێنێت. ئاشکرایە، کە دەوڵەت نایەوێت چارەسەری و دێموکراسی لە ئێران پێشبکەوێت، بەڵام گەلانی ئێران سوورن لەسەر دیموکراسی و ئازادی".

ئامەد شاهۆ ڕاگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت، دەوڵەت وەک تۆپەڵە بەفرە و وتی: "ئەو تۆپەڵەیە لە مێژوودا تلۆر بووەتەوە و تا ئەمڕۆ هاتووە و و گەورە بووە، بەڵام ئێستا لەمپەرێک لەبەردەم ئەو تۆپەڵەیەدا هەیە. ئەویش لەمپەری ئیرادەی ئازادانەی گەلانی ئێرانە. ئەمە بووەتە هۆی ئەوە، کە ئەمڕۆ ئەو تۆپەلە بەفرە بتوێتەوە و پارچە ببێت. دەوڵەت خۆی لەسەر بنەمایەک دروست دەکات. ئەو بنەمایەش لە کۆمەڵگا و لەگەل پێک دێت، تا ئێستا دەوڵەت هەژموونی خۆی بە زەبری هێز بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.  هیچ دەوڵەتێک بە خواستی خۆی ئازادی ناکاتە دیاری بۆ گەلان. دیاریی دەوڵەت تا ئێستا کوشتن و کۆمەڵکوژی بووە. دەوڵەت کۆمەڵگا بە کۆیلە دەکات، بەڵام سەرباری ئەوەش کۆمەڵگا دەتوانێت دەوڵەت ناچاری هەندێک هەنگاو بکات. لەم سەردەمەدا کاتی ئەوەیە، گەلانی ئێران بە یەکڕیزی، فکر، تێکۆشان و ئیرادەی هاوبەش دەوڵەت ناچار بە هەڵگرتنی هەندێک هەنگاوی دیموکراتیانە بکەن. ئەو شۆڕشە، کە ئێستا بەردەوامە لەسەر ئەم بنەمایەیە.

ئەگەر دەوڵەت بۆ دیموکراسی هەنگاو نەنێت ئەوە بۆ دەوڵەت مەترسیدار دەبێت و ئەنجامەکانیش نادیار دەبن. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەربڕی داخوازیی دیموکراسیە بۆ ناوچەکە. گەل چۆن دەتوانێت ئێران دیموکراتیزە بکات، یەکەم؛ پێویستە هەموو تاکێک بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی، ویژدانی و ئەخلاقیی خۆی هەستێت و لە هەموو ڕوویەکەوە خۆی لەم دەسەڵاتە بە دوور بگرێت. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە نابێت تاک لە ڕووی هزر و فکر، کردار و ژیانەوە بکەوێتە ژێر خزمەتی دەوڵەت و دەسەڵات. نابێت چیتر دەوڵەت لەسەر پشتی کۆمەڵگا بژیت. هەموو تاکێک دەتوانێت ئەمە بکات و وەک ژینا ئەمینی ببێتە مەشخەڵی شۆڕش. دووەم؛ پێویستە ئاستی تێگەیشتنی گشتی زیاتر بکرێت و هەر تاکێک خۆی بناسێت، چونکە دەوڵەت خۆی لەسەر بنەمای لەناوبردنی ناسنامە و یادەوەریی  مرۆڤەکان گەورە دەکات. بۆ ئەوەیە گەلی کورد مێژووی خۆی ناناسێت، ئیرادە و هەبوونی خۆی ناناسێت، جوگرافیای خۆی ناناسێت. گەلانی تریش، بەلووچ، ئازەری، عەرەب و فارسەکانیش بەو شێوەیەن. پێویستە هەموو گەلێک لەبارەی خۆیەوە لێکۆڵینەوە بکات و ئازادیی خۆت بناسێت. ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئەوا سوڕ و چەرخی ئێستا هەڵدەگەڕێتەوە و ترس لە کۆمەڵگا دەشکێنێت، کە ئێمە دەبینین لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا چەندە ترس شکاوە. گەل دووبارە زیندوو دەبێتەوە و ڕۆحی بەبەردا دێتەوە. لە خوارەوەیە. سێیەم؛ ئەگەر ئەمڕۆ کوشتنی ژنێک بووە چەخماخە و پریشکی شۆڕش، ئەوە بەو مانایە دێت، کە دەیان و سەدانی تریش هەن، کە دەبنە ڕووناکی و پریشکی شۆڕش. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە، کە دەوڵەت ناچار بێت هەنگاو بەرەو دێموکراسی بنێت. هۆکار زۆرن، بارودۆخی ئابووری، ئەو سێدارەدانانەی ئەنجام دەدرێن، گەمارۆ و سزاکانی سەر دەوڵەت، مەسەلەی نەتەوەکان و زمانەکان هەیە، کە لە ئێران دا تەنها یەک زمان لە فەرمێیەتدایە و کاری پێدەکرێت، دەیان هۆکاری دیکەش هەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر گەل هەستێتەوە و دەوڵەت ناچار بکات هەنگاو بنێت. گەل دەتوانێت بە هاوپەیمانیی گەلان دێموکراسی و ئازادی لە ئێران بەدەست بهێنێت. ماف، هەق و ئازادی  نادرێن، بەڵکو دەسەندرێن. بۆ ئەواىنە خوێن دەڕژێت. لە پێناو ئەم شۆڕشەدا نزیکەی ٦٠٠ کەس شەهید بوون. ئەم شۆڕشە ئیدی بوەتە خاوەنی بەها و نرخەکانی خۆی. ئەرکی گەلیش ئەوەیە خاوەنداری لەو بەهایانە بکات. خاوەندار لە مێژووی خاک و جوگرافیایان بکەن. هەموو ئەمانە تۆوی ئازادی و دێموکراسین بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئامەد شاهۆ ڕایگەیاند، نەتەوە – دەوڵەت ناتوانێت دیموکراسی بهێنێتە ناوچەکە و وتی: "گەلیش دەیەوێت بە هێزی خۆی ئازادی و دیموکراسی بەدەست بهێنێت. لێرەدا هەندێک فاکتەری سەرەکیە هەیە، کە چارەنووسساز و یەکلاکەرەوەن. پێش ڕووداوەکەی ژینا  ئەمینی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شۆڕشگێڕ و پێشەنگێکی مەزن، هەڤاڵ ڕێزان جاوید، لەلایەن دەوڵەتی فاشیستیی ئاکەپەوە شەهید بوو. شۆڕشگێڕێکی نەتەوەیی، کە بەشداریی شۆڕشی ڕۆژئاوای کرد و خزمەتی بە کۆمەڵگاکەی کرد. ئەو هەڵوێستەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، ڕەتکردنەوەی تێگەیشتنێکە، ڕەتکردنەوەی ڕۆژهەڵاتناسییە (ئۆریانتالیزمە)، ڕەتکردنەوەی ئەو بۆچوونەیە، کە دەڵێن، ئەمریکا دێموکراسی دەهێنێتە ناوچەکە. خاوەنداریکردن لە شەهید ڕێزان بوو. لە مەراسیمی هەڤاڵدا سروودی ژنان خوێندرایەوە و ئەمەش پریشک  و چەخماخەی شۆڕش بوو، ئامادەکارییەکە بوو، چونکە تووڕەیی گەلی زیاتر کرد. بە ڕووداوەکەی شلێر ڕەسولی ئەمە زیادی کرد و بە ڕووداوەکەی ژینا ئەمینی گەیشتە ڕاستی. لە لایەکی دیکەوە لە ئێران بارودۆخێکی ئابووری هەیە، کە دۆلار بووە بە ٤٤ هەزار تمەن. هەژاری و کوشتنی کۆڵبەران زیادی کردووە. لەسەر بنەمای ئەو خاڵانە، کە باسمان کردن، ئێمە لەو باوەڕەداین، کە گەل بە یەکگرتووی خۆی درێژە بە شۆڕش دەدات و گەلی کوردیش دیموکراسی دەکاتە دیاری بۆ هەرێمەکە. گەلی کورد ئیلهامبەخشی گەلانی ئێرانە. ڕۆژئاوای کوردستان ئیلهامبەخشی هەموو مرۆڤایەتی بوو. پەکەکە و گەریلاکانی کوردستان ئیلهامبەخشی مرۆڤایەتین. ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیداوە. گەلی کورد ڕۆڵی دیموکراتیزەکردنی ناوچەکەی لە ئەستۆ گرتووە. ئێمە  لەسەر ئەم بنەمایە ئەرکی مێژوویمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە".

ئامەد شاهۆ باسی ئەوەیکرد، دەوڵەت خۆی مەزن نیشان دەدات و وتی: "دەوڵەت وەک باڵۆن وایە، تۆ دەتوانیت بە دەرزییەک بیتەقێنیت.  کاتێک خۆی گەورە نیشان دەدات، ئەوە بۆ ئەوەیە ترس دروست بکات، بەڵام ئێستا منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵیش دەتوانێت ئەو باڵۆنە بتەقێنێت، بۆیە ئیتر گەل لە مردن ناترسێت. لە سێدارە ناترسێت. گەل ئیدی خۆیان و ڕاستی خۆیان بینیوە. ئەو چیدی هیچ دەسەڵاتێک لەسەر خۆی قەبووڵ ناکات. بە تایبەت، کە ڕۆژهەڵات بڕیاری شۆڕشی داوە. بڕیاری داوە، کە چارەنووسی خۆی دیاری بکات. ئەمە هیچ گەڕانەوەیەکی بۆ نییە. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە شۆڕش گەشە دەکات و بەرز دەبێتەوە، لەوانەیە شێوازەکان بگۆڕێت، بەڵام بەردەوام دەبێت. ئەمانە خاڵی گرنگن، چونکە گەل ستراتیژیانە بیردەکاتەوە. چیتر دەوڵەت قورسایی نەماوە. دەوڵەت دەیەوێت ئێستا بە لەسێدارەدان خۆی کۆبکاتەوە".

ئامەد شاهۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستە گەلی هۆشیار بێت و وتی: "پێویستە گەلی خۆی لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزێت و خۆی لێ بەدوور بگرێت، چونکە دەوڵەت دەیکاتە بەهانە بۆ ئەوەی زیاتری کۆمەڵگا بچەوسێنێتەوە. پێویستە گەل لە ڕووی پارادایم، ئایدۆلۆژی، فەلسەفی، سیاسەت، ئابووری و ڕێکخستنەوە خۆیان بەهێز بکەن. دەبێت گەل جەبهە و بەرەیەکی دیموکراتیک لە ناو گەلان دا دروست بکات. هەموو پێکهاتەکان خۆیان رێکبخەن. ژنان، هونەرمەندان، وەرزشوانان، گەنجان، کرێکاران، جوتیاران، بێکاران خۆیان ڕێکبخەن. گەلیش یەک هیوای هەیە، ئەو هەر گەل بۆ خۆیەتی و خۆیانن، هێزی ناوخۆییە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات ئیتر هیچ هێزێک ناتوانێت دژی شۆڕش بوەستێتەوە. بەتایبەتی پێویستە کورد ئاگاداری ئەو کێشانە بێت و وریا بێت. ئەزموونی کورد لەم بوارەدا زۆرە. ئەوان دەزانن، کە بەکارهێنانی چەک چ کاریگەرییەکی هەبووە و چیی لێکەوتووەتەوە. پاراستنی ڕەوا چییە؟ ئێمە دەزانین خۆمان بپارێزین. ئێمە زمانەکەمان و بەهاکانمان دەپارێزین. ئەوانەی دەستگیر و زیندانی دەکرێن، پێویستە ئێمە خاوەندارییان لێ بکەین و بیانپارێزن، دەبێت تێبکۆشین بۆ ئازادکردنیان. لە ئیلام کچێک، کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهۆی هەڵوێستی گەلەوە ئازاد کرا. هێزی گەل ئەوەندە زۆر و کاریگەرە. پێویستە گەل پارێزگاری لە خاکەکەی و گوندەکەیان بکەن. نابێت بە هیچ شێوەیەک گەل متمانە و بڕوا بە هێزێکی چەکداری دەوڵەت بکات، چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ئێران، چونکا ئەو هێزە ئیرادەکان قبوڵ ناکات. کۆمەڵگا دەکەن بە کۆیلە. ئەوان مێشکی مرۆڤ داگیر دەکەن. پێویستە ریفلاکس و کاردانەوەی گەل بەهێزتر و زیاتر و ڕێکخستنکراوتر بێت".

ئامەد شاهۆ ڕایگەیاند، هەموو کەس دەزانێت، کە ئەوان شەڕڤانانی ڕێبەر ئاپۆن و وتی: "ئێمە گەریلای ئازادیی کوردستانین. ناسنامەی ئێمە ڕوونە. ئێمە وەک بزووتنەوە بەرنامەمان هەیە. ستراتیژی، تاکتیک و سیاسەتی ئێمە ڕوونە. ئێمە هێزێکین بۆ دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکەدا تێدەکۆشین. ئێمە هەرگیز نەمانویستووە شەڕ دەستپێبکەین و هەرگیز هێرشکردنە سەر خۆمان قەبووڵ نەکردووە. پەژاک ڕووناکییەکە، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرسێنراوە. ئەم ڕووناکییە هیوابەخشە بۆ گەل و ڕێگای ژیانی ئازاد و گەلان ڕووناک دەکاتەوە. پەژاک ساڵانێکە لە چوارچێوەی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' تێدەکۆشێت".

ئامەد شاهۆ، وتیشی، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە توندی بەردەوامە و ئەوەشی وت، "زیاتر لە ٢١ مانگە گۆشەگیرییەکی توند لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە. گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ بە واتای گۆشەگیرکردنی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئازادیخوازە. ئەوەی بەسەر ئیمراڵیدا دەسەپێنرێت بەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان دا دەسەپێنرێت. بیر و ڕامان و پارادایمەکان گۆشەگیر ناکرێن. ئیتر ناتوانن گەلی کورد کۆیلە بکەن و ژنان بە بێ ئیرادەیی لە قەفەزدا ڕابگرن، چونکە ئێستا حەز و خۆشەویستییەک هەیە و وەک کانی دەخرۆشێت.

لە کۆتای دا ئامەد شاهۆ باسی لە سی پی تی کرد و وتی: "گوایە سی پی تی دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ تێدەکۆشێت، بەڵام خۆی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات. بەڕای من شکاندنی گۆشەگیری دەبێتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمەکە".

ژ.ت