ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگەرتووی ئیسلامی کوردستان و پارلەمانتاری ئەو پارتە لە پارلەمانی هەرێمی کوردستان، و لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی ئۆزگور پۆلەتیکا دا کە ڕۆژنامەوان فەرمان موحەمەد لەگەڵی ئەنجام داوە، باس لە کەسایەتی، ڕۆڵ و پێگە و کاریگەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات. هەروەها سەرنجیش دەخاتە سەر هێرشە داگیرکاریەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان، بەرتەسککردنەوەی ئازادی و قەیرانە چارەسەر نەکراوەکان و دۆخی گشتیی ئەو بەشەی وڵات و پەیوەندیەکانی یەکگرتوو و پەدەکە کە لەم دوایانەدا ئاڵۆز بوون.
تەواوی دیمانەکە:
"سەرۆک ئۆجالان ماندێلای کوردە و هێمای ئازادی و بەرخودانی گەلێکی مافخوراوە"
ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگەرتووی ئیسلامی کوردستان و پارلەمانتاری ئەو پارتە لە پارلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: سەرۆک ئۆجالان ماندێلای کوردە و هێمای ئازادی و بەرخودانی گەلێکی مافخوراوە، بۆیە ئازادکردنی کلیلی چارەسەری کێشەکانە. دەستگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان" نەک نەیتوانی گەلەکەمان لە باکور دەستبەرداری تێکۆشان و خەبات بکات، بەڵکو وای کرد ئەو خەباتە بەجۆشتر و فراوانتر ببێتەتەوە.
"یەکگرتوو، بە ئەنقەرەی ڕاگەیاندوە: ئۆجالان کلیلی چارەسەرییە و دەبێت ئازاد بکرێت"
هەڵەدنی ئاشکراشی کردوە: ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان دەبێتە کلیلی چارەسەری پرسی؟کورد لە باکوری کوردستان، ئەو لە دڵی هەموو کوردستانییەک دایە لە هەرچوار بەشی کوردستان. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش ئەو پرسەی بەڕاشکاوانە بە ئەنقەرە راگەیاندووە و پێی وتوون؛ تا ئۆجالان ئازاد نەکرێت، ئەوا چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ئاشتیانە ئاستەمە.
"تورکیا و ئێران دەستێوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستان دەکەن"
هەڵەدنی، سەبارەت بە دەستێوەردانی ڕژێمەکانی تورکیا و ئێران لە بارودۆخی باشوری کوردستان دەڵێت: تا ئێستا چەندین ئەندام و نەیاری تورکیا لە هەولێر و سلێمانی رفێندراوون و لە ئەنقەرا و تورکیا خۆیان بینیوەتەوە. تورکیا و ئێران بەردەوام دەستێوەردان دەکەن لە کاروباری هەرێم و چەندین بنکە و بارەگایان هەیە، بەتایبەت تورکیا کە بە دەیان بنکەی سەربازی و دەزگای هەواڵگری لە قوڵایی خاکی هەرێم هەیە. لە هەرێمی کوردستان تورکیا زیاتر لە هەزار و دووسەد کۆمپانیای هەیە لەگەڵ سی هەزار کارمەند.
.هۆکاری هێرش و دەستێوەردانی تورکیا، چاوبەرەژێری دەسەڵاتدارانی باشورە"
ئەبووبەکر هەڵەدنی، هۆکاری هێرش و دەستتێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشور خۆیان بەچاو بەرەژێری وڵاتانی دراوسێ دەبینن، چوونکە لە رابردوودا هێزی ئەو وڵاتانەیان پەلکێش کردووە بۆ یەکلای کردنەوە ململانێ ناوخۆیەکان. بۆیە لە ئێستاشدا دەسەڵاتدارانی باشور پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی تورکیا و ئێران دەکەن، هەر بۆیە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بەو شێوەیە شەرمنانە دەبیندرێن.
"پەدەکە تەحەمولی دیموکڕاسیەت ناکات و چەندین ئەندامی شەهید کردووین"
ئەبووبەکر هەڵەدنی، ئاماژەی بەوەشکردوە: لە مێژووی درووستبوونی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان تا بە ئەمڕۆ، زۆر کات پەیوەندیەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکڕاتی کوردستان - پەدەکە نارێک واتا خراپ بووە، بەتایبەت لە سنوری دهۆک. پەدەکە لەدهۆک جگە لەسزادانی سیاسی سەدان ئەنداممان، بارەگاکانیشی سوتاندوین و ژمارەیەک ئەندامانی شەهید کردووین.هەروەها رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانیشمانی داخستوون.
لە دواین جاریشدا پاش ئەوەی کە ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەڕلەمان واژووی یاداشتیكیان کرد بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، پەدەکە بەو کارە شڵەژاو داوای لێکردین کە دەبێت واژووەکان لەسەر ئەو یاداشتە بکشنێنیەوە، ئەگەر نا دەبێت لە حکومەتی خۆجێی دهۆک بچنە دەرەوە. ئێمەش ئەوەمان رەتکردەوە و لە حکومەتیی خۆ جیێ دهۆک کشایەنە. ئەوەش دەریخست پەدەکە تەحەمولی دیموکڕاسی ناکات.
"دەسەڵات بەچاوی دوژمنکارانەوە لە ئۆپۆزسیۆن دەڕوانێت"
ئەبووبەکر هەڵەدنی پەڕلەمانتاری یەکگرتوو، لە بارەی مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنیشەوە رایگەیاندوە: لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەستور نییە و کار بە یاساکان ناکرێت، بۆیە هەمیشە دەسەڵات بە چاوێکی دوژمنکارانەوە لە ئێمە و تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دەڕوانێت، بەبەڵگەی ئەوەش لە رابردوودا چەندین ئەندامی شەهید کردووین و بارەگاکانی سوتاندووین و بەسەدان ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی سزای سیاسی داوە. دەسەڵات هەر بەوە نەوەستاوە بەڵکو لە خولی رابردوودا رێگری لەسەرۆکی پەڕلەمان کرد و پەڕلەمانی داخست.
"شوێنەوارەکانی گەندەڵی لە تیرۆر خراپترە لەسەر ئەزمونی هەرێکی کوردستان"
ئەبووبەکر هەڵەدنی لە بارەی قەیران و چارەسەریەکان بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و قسەی کدوە و پێی وایە: شوێنەوارەکانی گەندەڵی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە تیرۆر خراپترە. جگە لە گەندەڵی، نەبوونی دادپەرەوەری و یەکریزی هەرسێکیان چارەنووسی هەرێمی کوردستانیان خستۆتە ژێر مەترسیەکی گەورەوە. بەگشتییش لە ئەگەری بەردەوامی دۆخەکە و ئەنجامنەدانی چاکساریەکی ریشەیی و سەرەوەر نەبوونی یاسا، هەرێمی کوردستان بەرەو چارەنووسێکی مەترسیدارتر دەچێت.
هـ.هـ