ئەندامانی مەجلیسی مێردین لەسەر شەقام کۆبوونەوەیان ئەنجامدا

ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی مێردین کە دەستی بەسەردا گیراوە، کۆبوونەوەی مەجلیسەکەیان لە بەردەم بینای شارەوانی ئەنجامدا.

بەرخۆدان دژی قەیوم

چالاکییەکان لە دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی مێردین، ئێلح و خەلفەتی بەردەوامە. ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی مێردین ویستیان لە بەردەم بینای شارەوانی کۆبوونەوە بکەن. هاوسەرۆکانی شارەوانی ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیر و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی و گەل لە بەردەم دەرگای شارەوانی لە گەڕەکی وێستگە کۆبوونەوە و بەرەو بینای شارەوانی ڕێپێوانیان کرد.جەماوەر بە پانکارتی "بەرخۆدانی گەل دژ بە کودەتای قەیوم" ڕێپێوانیان کرد و ویستیان کۆبوونەوەی مەجلیس لە بینای شارەوانی ئەنجام بدەن. بەڵام بینای شارەوانی بە بەربەست و پۆلیس گەمارۆ درا و کۆبوونەوەی مەجلیسەکە ئاستەنگ کرا.

بەو هۆیەوە بە بەشداری هاوسەرۆکی شارەوانی، ئەندامانی مەجلیس و هاوڵاتیان کۆبوونەوەکە لەبەردەم بینای شارەوانی ئەنجامدرا.

"شەقام و گەڕەکەکان هی ئێمەیە'

هاوسەرۆکی شارەوانی دەڤریم دەمیر گوتی، "ئەوان نەیانهێشت لە مەجلیس کاری خۆمان بکەین. مەسەلە تەنها شارەوانی نیە و مەسەلە گەلە، ڕێگا نادەن ئەندامانی مەجلیس بچنە ناو بینای شارەوانی. ئێمە جارێکی دیکە ئەم ڕەفتارە شەرمەزار و نەفرەت دەکەین. ئەگەر ئەوان نا‌هێڵن بچینە ژوورەوە، ئەو کات شەقام و گەڕەکیش هی ئێمەیە. ئەندامانی ئێمە لە ئەرکی خۆیان بەردەوام دەبن."

'ئێمە بێدەنگ نابین و لە بەرخۆدان بەردەوام دەبین'

هاوسەرۆکی شارەوانی ئەحمەد تورک باسی لەوە کرد کە ئیرادەی گەل جارێکی دیکە دەستی بەسەردا گیرا و وتی،"دەرگای شارەوانی ئێمەیان بە بەربەست داخستووە، ڕێگا نادەن ئەندامانی مەجلیس بچنە ژوورەوە و مافەکان دەستبەسەر دەکرێن. ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی مەجلیس بەبێ بڕیار تاوانە. ئەوانەی کە ئەمڕۆ بەربەست درووست دەکەن بە ئاشکرا تاوان دەکەن. ئەمە نایاساییە. بێگومان ئێمە لە ئاست ئەم کارە نایاساییەدا بێدەنگ نابین. ئێمە ناڕەزایی خۆمان نیشان دەدەین و بەرخۆدان دەکەین."