یەرەکە ناسنامەی سێ شەهیدی ئاشکرا کرد
یەرەکە ناسنامەی سێ گەریلای ئاشکرا کرد کە لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا شەهیدبوون، هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرد.
یەرەکە ناسنامەی سێ گەریلای ئاشکرا کرد کە لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا شەهیدبوون، هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان کرد.
ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە راگەیەندراوێک ناسنامەی سێ گەریلای ئاشکرا کرد کە لە کاتی جیاجیادا شەهید بوون.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە کات و شوێنی جیاجیادا ٣ هاوڕێمان کە لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، لە ئەنجامی رووداو شەهیدبوون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەر سێ هاوڕێکانمان و گەلی کورد دەکەین".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە زانیارییەکان لەسەر ناسنامەی شەهیدان بەم جۆرەیە:
ناو و پاشناو: رامین نەسڕوڵازادە
ناسناو: مەد مێزۆپۆتامیا
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٦- پێنجوێن
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠١٩- پێنجوێن
ناو و پاشناو: خوسرەو سپایی
ناسناو: بروسک نیروان
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٨- بانە
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠١٨ - ئاسۆس
ناو و پاشناو: موسا مەحمود رەش
ناسناو: رەشید سەرحەد
کات و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٧- مەهاباد
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٠١٩- ئاسۆس
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بەو شەهیدانە ئەم زانیارییانە خراونەتەڕوو:
"هاوڕێمان مەد مێزۆپۆتامیا لە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەردا لەدایکبووە. لەبەرامبەر سیاسەتی رژێمی داگیرکەر لەسەر گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە سەرەتای گەنجیەوە دەکەوێتە پەیجوری و سۆراخکردنەوە. کاتێک راستی خۆی دەناسێت روودەکاتە ریزەکانی گەریلا و دەبێتە جەنگاوەرێکی رێبەر ئاپۆ. لەناو ریزەکانی گەریلا بەردەوام بە هۆی رەنج و هەوڵەکانی و ئەو ورەیەی کە بە هەڤاڵانی دەبەخشی کەسایەتییەکی نمونەیی بوو، بەم جۆرە لە زۆر گۆڕەپاندا لە سایەی هەوڵ و ماندووبوونەکانی بووە خاوەنی کەسایەتییەکی نمونەیی.
هاوڕێمان رەشید سەرحەد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری مەهاباد چاوی بە دنیا هەڵێنا. بەهۆی راستی و تایبەتمەندییەکانی شاری مەهابادەوە بە هەستی وڵاتپارێزییەوە گەورە دەبێت، لەبەر ئەوەی راستی شارەکەی خۆی ناسیبوو و بۆ سەندنەوەی تۆڵەی کۆماری مەهاباد، لە تەمەنی گەنجیدا و لە ساڵی ٢٠١٧ رووی کردە ریزەکانی گەریلا. زانابوونی خۆی لە رێگەی رێبازی رێبەر ئاپۆوە دەوڵەمەند کرد و لە هەر شوێنێک تێکۆشانی لێبوایە بێ دوو دڵی و بە گیانبازییەوە و بە هەوڵێکی زۆرەوە دەبووە کەسایەتیەکی نمونەیی ناو ریزەکانمان.
هاوڕێمان بروسک نیروان رۆڵەیەکی شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. منداڵێک کە لە هەلومەرجی دژوار و ئەستەمدا چاوی بە دنیا پشکوت و تاکاتی بەشداربوونی لە ریزەکانی گەریلادا بەم جۆرە ژیا. وەک هەر گەنجێک ئازادی خۆی لە ناو ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆدا دەبینێتەوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشداری ریزەکانی گەریلا دەبێت. سەرباری ئەوەی خوێندەواری نەبوو بەڵام بەو پەڕی تامەزرۆییەوە دەیویست هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بناسێت و لەگەڵیدا بژی.
جارێکی دیکە وەک یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەر سێ هاوڕێکەمان دەکەین و بەڵێن دەدەین کە ئاواتەکانی ئەو شەهیدانە بگەیەنینە سەرکەوتن و تاکۆتایی لە سەر رێبازی ئەوان بین".
هـ . ب