ئەو دەمەی "دنیادیدە"کان سواری سەری خۆیان بوون و چارەنووسی گەلێکیان بەرەو ھەڵدێر برد

لە شەشەمین ساڵیادیدا، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ھیچیان لەبارەی یادی ڕیفراندۆمەوە نەوت.

چەند ڕۆژی ڕابردوو شەشەمین ساڵیادی ئەو ڕیفراندۆمە بوو، کە مسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکەی ئێستا و سەرۆکی ماوە بەسەرچووی ئەوکاتەی ھەرێم تاکلایەنە و بەعینادی و بێ حیساب کردن بۆ ڕایی ھیچ کەسێک ئەنجامیدا.

لە شەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم بەغدا بەئەنقەست ئەم ڕۆژەی ھەڵبژارد و دوای سێ مانگ برێک پارەی بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم نارد و خەڵکی کوردستانیش لەم ڕۆژەدا بەڕەخنەگرتن لەسەرکردایەتی کورد و نووسینی تەنزئامێز ئەم یادەیان کردەوە.

ھاوڵاتیانی کوردستان دەڵێن 'مانای ئەوە نییە کە ئێمە دژی دەوڵەتین و لەگەڵ سەربەخوی کوردستان نیین، بەڵام ئێمە دەمانزانی کە مسعود بارزانی مەبەستی دەوڵەت نییە و پلانی تر لە پشت ئەم ڕیفراندۆمەیە'.

دکتۆر ھونەر حاجی، کە ئەوکاتە لە بەرەی نەخێر بوو لە ئێستادا دەڵێت: "نەخێری ئێمە مانای ئەوە نەبوو، کە ئێمە دژی دەوڵەتین، بەڵام ئێمە لە ڕوانگەی خەمخۆریمان بۆ نەتەوە و نیشتیمانەکەمان و لەژێر چەندین توێژینەوەی زانستی پێمانوابوو کاتی ئەم ڕێفراندۆمە نییە، بەڵکو ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە بیانوو بەدەستدان بۆ ئەوەی دوژمنان ھێرشمان بکەنە سەر بەداخەوەش ھەرواش دەرچوو".

دکتۆر ھونەر ئاماژەی بەوەشکرد "بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئێمە ئەنجامماندابوو لەوکاتەدا چ لەڕووی ئابوری چ لەرووی جیپۆلۆتیکی و چ لە ڕووی سەربازی کاتی سەربەخۆیی نەبوو، چونکە ئێمە چواردەورمان بەدوژمن دەوردراوە بێ ئەوەی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانیمان ھەبێت، کەتا ئەمڕۆش ھێزی پێشمەرگە یەکینەگرتۆتەوە، لە ڕووی ئابوریشەوە ئێمە ئابوریەکی باشمان نەبوو، وەک دەبیننین سێ مانگە خەڵکی کوردستان مووچەکەنیان وەرنەگرتووە".

"بارزانی فێڵی لێکردین و ئامانجی ئەوەبوو کەرکوک لەدەست ئێمە نەمێنێت"

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە نەیووست ناوی بھێندرێت دەڵێت: "ئێمە وەکو یەکێتی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبووین بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێرانیەکان کۆمەڵێک بەڵێنیان پێداین و پێیان وتین ئەگەر ریفراندۆم دوابخەن ئاڵای کوردستان لەچیای حەمرین ھەڵدەن".

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی کە لەکۆنگرەی پێنجەمی یەنەکە بەسەرکردایەتی ھەڵبژێردرایەوە  ئاماژەی بەوەشکرد، "چوونە لای بارزانی و بەڵێنەکەی ئێرانمان پێڕاگەیاندن و نێچیرڤان بارزانیش پێی باش بوو ڕیفراندۆمەکە دوابخرێت، بەڵام ئەو پێی وتین مەسعودی بۆ ڕازی نابێت و ئەو عینادە و ھەر دەیکات".

"کورد باجی عینادی مسعود بارزانی دەدات و دەبێت دادگای بکرێت"

بەھرۆز حاجی چاڵاکوانی مەدەنی  دەڵێت: "بەھۆی ھەڵە و عینادی بارزانی لەئێستادا پێنج ملیۆن کورد سزا دەدرێت و برسی دەکرێت، بۆیە دەبێت بارزانی دادگایی بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد "بارزانی ئامانجی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی نەبوو، بەڵکو ئەوەی کردی پلانێکی ئەردۆغان و تورکیا بوو بەئامانجی ئەوەی لەڕێگەی پەدەکە و بارزانی دەستیان بە نەوت و غازی کەرکوک بگات".

"ئەوەی کرا ھەڵەیەکی زۆر گەورە بوو"

د. یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان  دەڵێت: "لە مێژووی گەلان دا رووداوەکان کاریگەریی گەورەیان ھەیە. رووداو ھەمیشە بە رێژەی جیاواز ھەڵگری مەترسی و دەرفەتیشە. سەرکردەی کارامە ئەوانەن کە نەک تەنیا گەلەکانیان لە مەترسیی رووداو و پێشھاتەکان دەپارێزن، بەڵکو تەنانەت مەترسییەکان دەگۆڕن بۆ دەرفەت".

د. یوسف ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ نمونە سەرھەڵدانی داعش، شەڕ و کردە تیرۆریستییەکانی، مەترسی بوو بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و ھەموو جیھان. بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەوەی شەڕی دژی تیرۆر لە لایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە بقۆزرێتەوە بۆ دەستکەوت و جێبەجێ کردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانییان، وەکو رژێمی بەشار ئەسەد کە کردیە بەردەبازێک بۆ قایم کردنەوەی پایەکانی حوکمی خۆی، یان تورکیا کە کردیە بیانوی لەشکرکێشی لە ھەرێمی کوردستان و باکوور و باکووری رۆژئاوای سوریا، یان ئێران کە شەڕەکەی قۆستەوە بۆ پتەوکردنی ئەوەی پێی دەوترێت (کەوانی شیعە). ئەوە تەنھا کورد بوو کە سەرەڕای ئەوەی لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆر بوو و ھەزاران شەھید و برینداری بەخشی، بەڵام نەک بێ دەستکەوت، بەڵکو بە گەڕانەوە بۆ دواوە و لاوازییەکی گەورە لێی ھاتەدەر".

سەرۆکی پەرلەمان لەدرێژەی قسەکانیدا کە لەشەمین ساڵیادی ریفراندۆم نووسیویەتی باسی لەوەشکردووە، "کاتی خۆی زۆرمان وت ئەمە مەکەن ھەڵەیەکی ئێجگار گەورەیە، بەڵام ئەوان ئێمەیان بە بێ ئەزمون ئەزانی و پێیان وابوو ئێمە «ھێشتا لە دونیا تێنەگەیشتوین»! ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو کاتەدا بە وەلا نانی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێم، نەخوێندنەوەی دروستی گۆڕاو و پێدراوەکانی ناوچەکە و جیھان بوو، نەخوێندنەوەی دروستی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئاڵۆزیی کێشەی کورد بوو، تەنانەت نەخوێندنەوەی دروستی مێژووی دەوڵەتی عێراق و ھۆکاری لکاندنی ویلایەتی موسڵ بەو دەوڵەتە و رۆڵ و کاریگەریی ھەر یەکە لە کارەکتەرەکانی پێشوو و ئێستای عێراق بوو. ھەر بۆیەش ئەتوانین بڵێین کە ئەنجامدانی «ریفڕاندۆم» لەو کاتەدا ھێندەی پەرچەکردارێکی شەخسی بوو بۆ لەدەستدانی شەرعییەتی پۆستێک، ھێندە پڕۆژەیەکی نیشتیمانی نەبوو بۆ بەرەوپێش بردنی دۆزی گەلێک. رەنگە ھەر ئەمە شرۆڤەی ئەوە بکات کە داخۆ بۆچی ھیچ دێکۆمێنتێکی قانوونی و رەسمی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان سەبارەت بە ریفڕاندۆم بوونی نییە!؟

ئەمساڵ لەشەشەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم لەسنووری سلێمانی و ئەوەی بەدەڤەری سەوز ناسراوە ھیچ یادێکی ئەمڕۆژە نەکرایەوە و لەھەولێریش بارزانی و پەدەکە کەسیان بۆ کۆنەکرایەوە. ھاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێم ھیچی لەبارەی یادی ڕیفراندۆم نەوت، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش ھیچی نەوت و مسعود بارزانیش کە ئێستا تەنیا سەرۆکی پەدەکەیە، تەنیا بەیەک ڕستە لەسۆسیال میدیا یادی ڕیفراندۆمی بەسەرکەوتوویەکی مێژووی ناساند، بەڵام ھاوڵاتیان دەپرسن کام سەرکەوتن؟ ئەم سەرکەوتنەی سەدا پەنجاویەکی خاکی کوردستانی لەدەستدا؟ یان ئەو سەرکەوتنەی کە سێ مانگە مووچەی فەرمانبەران نەدراوە.