"ئەوچیرۆکانەی دەبێت بزانرێن"
سیاسەتمەداری ناوداری کورد، محەمەد ئەمین پێنجوێنی چیرۆکی یەکەمین کۆنفرانسی لۆزان دەگێڕێتەوە کە ساڵی ١٩٩٧ لە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان ئەنجامدراوە.
سیاسەتمەداری ناوداری کورد، محەمەد ئەمین پێنجوێنی چیرۆکی یەکەمین کۆنفرانسی لۆزان دەگێڕێتەوە کە ساڵی ١٩٩٧ لە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان ئەنجامدراوە.
دەقی نوسینەکەی سیاسەتمەداری ناوداری کورد محەمەد ئەمین پێنجوێنی بەم جۆرەیە:
"پێش بیست ساڵ یەکەم کۆنفرانسی لۆزان!
لە وتارەکەماندا لە دووەم کۆنفرانسی لۆزان، ئاماژەمان بەوە کرد، کە ساڵی ۱۹۹۷ بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلی کورددا، ئەنستیوتی کوردی بەرلین بۆ لێکۆڵینەوە و زانست کۆنفرانسێكمان لە بارەی پەیماننامەی لۆزان بەست، کە سێ ڕۆژی خایاند لە حەفتا و پێنجەمین ساڵوەگەڕی ئەم پەیمانە شوومەدا.
لە کۆنفرانسەکەدا گەلێک کەسایەتی مێژوونووس، مێژووزان وسیاسەتمەداری گەورەی جیهانیی و کورد بانگهێشت کرابوون، هەموویان لە سیمینارەکانیاندا لەسەر ئەوە کۆكبوون کە کورد زوڵمێکی مێژوویی گەورەی لێ کراوە بۆیە پێویستە لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
ئەو مەزڵومیەتە لا ببرێت .
ئێمەش وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی، لە ئەنستیوتی کوردی بەرلین بڕیارمان دا کە شاندێك بنێرین بۆ ئەمریکا بۆ لای سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان.
شاندەکەمان پێكهاتبوو لەم بەڕێزانە:
یەکەم ـ دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی، هاوسەرۆکی ئەنستیتوتی کوردی بەرلین.
دووەم ـ محەمەد ئەمین پێنجوێنی، بەڕێوەبەر و هاوسەرۆکی ئەنستییوتی کوردی بەرلین.
سێیەم ـ پرۆفیسۆرمهیرداد ئیزادی، مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی میشیگان.
چوارەم ـ عەلی یەگید، سەرۆکی پێشووتری کۆنگرەی نەتەوەیی.
پێنجەم ـ دکتۆر ئیلهان قزڵهان .
ئەوەی لێرەدا گرنگە و مەبەستە بوترێ وردەکاری ئەو دیالۆگە بخرێتەڕوو کە لە نێوان سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێگرەکەیدا وشاندەکەی ئێمە پێش بیست ساڵ ڕوویدا و ئێمە داوای چیمان لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد چونکە ڕووداوێکی مێژووییە پێویستە هەموو کوردێک بیزانێت.
یەکەم ـ یاداشتێکمان بەناوی کۆنفرانسی یەکەمی لۆزانەوە پێشکەش کرد کە بەشێوەیەکی زانستی و قانونی مێژویی نوسرابوو.
دووەم ـ ئەونامەیەی کە بەڕێز ( عەبدوڵڵا ئۆجالان)، نووسیبوی لەگەڵ نامەیەکی زارەکی (شەفەوی) کە بەڕێزیان بە منی گووتبوو پێشکەش بە (پەترۆس گالی) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. لە نامەکەدا هاتبوو ئێمە ئامادەین شەڕ لە گەڵ دەوڵەتی تورکیادا بوەستێنین و دەست بە دیالۆگ بکەین لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا و پرسی کورد چارەسەر بکەین .
دکتۆر عیسمەت شەریف وانلی کە سەرۆکی شاندەکە بوو گوتی: داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە قەتڵوعامی دێرسیم، چیای ئارارات، گەلی زیلان، کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال بە جینۆساید بناسرێ (ئەو کاتە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا گفتوگۆ لەسەر قڕکردنی ئەرمەنەکان دەکرا، کە بە جینۆساید بناسرێت).
لە وەڵامدا گووتیان: ئێوە هەرکات وەکوو ئەرمەنەکان دەوڵەتتان هەبوو ئەو داوایە بکەن، ئێمەش ئەیخەینە پرۆگرامی کۆبوونەوەکانمان بۆ گفتوگۆ .
منیش گووتم: با وەکو فەڵەستینیەکان ئەندامێکی چاودێرمان هەبێت.
لە وەڵامدا گووتیان: بیست دەوڵەتی عەرەبی داوای لێمان کرد، ئەوسا بڕیاردرا فەڵەستینییەکان چاودێرێکیان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت .
پرۆفیسۆر میهرداد ئیزادی گووتی: ئێوە پێمان دەڵێن وازلە شەڕی چەکداری بهێنن. باشە! لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەمان بدەن قسە بکەین، با لێرەوە دەنگی ئاشتییانەی خۆمان بگەیەنینە هەموو دنیا، کە ئێوە ڕێگە نەدەن هیچ چارەیەکی ترمان لەبەردەمدا کراوە نییە، جگە لە شەڕی چەکداری بۆ خۆپاراستنمان.
بەناوی شاندەکەوە داوامان کرد نامەکەی بەڕێز ئۆچ ئالان، وەکوو وتاری سەرۆکی هۆزی هیندییە سوورەکان( بیگ چیف) بخرێتە ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
هەر بۆ مێژوو و وەفایەك بۆ ڕۆحی (عیسمەت شەریف وانلی)، دەڵێم دکتۆر (عیسمەت، دکتۆر جەبار قادر و سەلیم فورات) ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە پێكهێنان و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی یەکەمی لۆزاندا.
بە هەوڵێکی تایبەتی و شەخسی خۆمان و لە ڕێگەی ( عیسمەت کەتانی)یەوە توانیمان بگەینە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
*ئەو کاتە عیسمەت کەتانی یاریدەدەری سکرتیری گشتی بوو بۆ کاروباری مرۆڤایەتی.
براتان/ محەمەد ئەمین پێنجوینی
• بە باشمان زانی کە لە کۆنفرانسی دووەمی لۆزاندا ئەم چالاکییە مێژوویەتان بۆ باس بکەین.
• ڕاست کردنەوەی هەڵە، لە ئاخاوتنی وتارەکەماندا لە کۆنفرانسی دووەمی لۆزان گووتوومانە کۆنفرانسی یەکەم ساڵی۱۹۹٥ بووە، ڕاستییەکەی ساڵی ۱۹۹۷ داوای لێبوردن دەکەین".