بە دیمەن

ئیدارەی خۆبەرێوەبەری شەنگال: پێویستە دەستبەجێ شەڕڤانانی یەبەشە ئازاد بکرێن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ڕایگەیاند، دەبێت حکومەتی عێراق ڕێز لە ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی بگرێت و گوتی: "دەبێت دەستبەجێ شەڕڤانانی یەبەشە ئازاد بکرێن."

ئیدارەی خۆبەڕێوبەری شەنگال بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی شەنگال لە گۆڕستانی شەهید بەرخۆدان و دڵگەش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. خوداداد بەرەکات وتەبێژی ئیدارەی خۆبەڕێوبەری شەنگال، بەیاننامەکەی خوێندەوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە:

لەبری ئەوەی هێرشبەران سزا بدرێن، هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگاکەمان

کۆمەڵگەی ئێزدی شەنگال کۆنترین کۆمەڵگەی ئەم خاکەن. بەدەیان فەرمان و کۆمەڵکوژی هێشتا جەوهەری خۆیان پاراستووە و لەسەر ڕەگ رێچکەی خۆیان ماونەتەوە. لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لەو باوەڕەدا بووین کە حکومەتی نوێ هەلومەرجێک بۆ کۆمەڵگای ئێزدی دەخولقێنێت بە جۆرێک کە کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەکان بەسەرماندا دووبارەنەبێتەوە. کۆمەڵگاکەمان هیچ کات دژ بە حکومەت نەوەستاوەتەوە و دوژمنی نەکردووە جیا لەوەی ئێمە بۆ پاراستنی ئەم وڵاتە کار و تێکۆشانمان کردووە، بەڵام دوایی بینیمان کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا کە شەنگال ڕووبەڕووی هێرشێکی کۆمەڵکوژی بووەوە، بەداخەوە نە حکومەتی عێراق و نە پێشمەرگەکانی پارتی هیچ پارێزگارییان لێنەکردین. دوای هێرشەکە پێویست بوو حکومەتی عێراق لێپرسینەوە لە تاوانباران و سزادانیان بکات بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەنا و لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا هەمان ڕووداو دووبارە بووەوە، دیسان بەهەمان شێوە پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی عێراق گەلەکەمانیان بۆ داعش بە جێهێشت، بەڵام بە هاوکاری شەڕڤانانی ئازادی، شەنگال توانی خۆی بنیات بنێتەوە و هێزی سەربازی خۆی دابمەزرێنێ و خۆی لە دەست چەتەکان و هێرشەکانی داعش بپارێزێت.

ئێمە سەرەڕای هەموو شتێک بوونی دەوڵەتی عێراقمان ڕەتنەکردووتەوە بەڵکو هەبوونیان بە ئەرێنی دەزانین بەڵام دەوڵەت هەموو ئەو ڕاستیانە نابینن و لەوانە لە ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠کە خیانەتی بە کۆمەڵگای ئێزدی کرد. ئەمەش وایکرد هێز و ڕێکخراوە دامەزراوەکانی شەنگال لاواز بن و ڕێگا بۆ فەرمان و کۆمەڵکوژیی بکرێتەوە.

هێرش کردنەسەر هێزه کانمان پەیوەندی بەڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەمەوە هەیە

لە ١٨ی ئاداری ئەمساڵدا سوپای عێراق بە بیانووی ئەوەی کەسێک ڕفێنراوە و ئەو کەسە لەدەستی یەبەشەدایە بۆسەی بۆ هێزەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال داناوە لە ناوەڕاستی شاری شەنگال. هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر شەڕڤانانی یەبەشە و پێنج شەڕڤانی یەبەشەیان بریندار و دەستگیریان کردن. دوای هێرشەکە، حکومەت هێزەکانی یەبەشەی بە نافەرمی ڕاگەیاند. لە بری ئەوەی ئەم هێزانە وەک هێزێک کە بەسەدان شەهیدیان لە پێناو خاکەکەیان داوە سەیر بکرێن، شەڕڤانانی یەبەشەیان بە هێزێکی نافەرمی ناساندووە. پێویسته حکومەتی عێراق و هاوکارەکانی بازرگانی بە کۆمەڵگای ئێزدییەوە نەکەن.

دەبێ دەستبەجێ شەڕڤانانی یەبەشە ئازاد بکرێن

 ئێمە وەک ئیدارەی خۆبەڕی شەنگال، کردەوەکانی سوپای عێراق دژی کۆمەڵگاکەمان ئیدانە دەکەین، سەرەڕای ئەوەی دەبێت حکومەتی عێراقی داوای لێبوردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی و هێزەکانی پاراستنی شەنگال یەبەشە بکات و دەستبەجێ شەرڤانە بریندارەکان ئازاد بکەن."