گەلی مەخموور بە چاندنی نەمام ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆییان پیرۆز کرد

دانیشتووانی کامپی مەخموور بە بۆنەی ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، لە چالاکییەکانیان بەردەوامن و لە میانی چالاکییەکانی ٤ـی نیساندا لە دامێنی چیای قەرەچۆخ کە دەکەوێتە پشتەوەی کامپەکە، ٢٠٠ نەمامیان چاند.

پیرۆزکردنی ٤ـی نیسان

٤ـی نیسان ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو لایەک بە جۆشەوە پیرۆز دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) لە چالاکییەکی ژینەگەدۆستییدا ٢٠٠ نەمامیان لە دامێنی چیایی قەرەچۆخ چاند.

سەبارەت بە ئامانجی نەمام چاندنەکە، هاوسەرۆکی کامپی مەخموور عەدبان یڵماز قسەی کرد و سەرەتا ٤ـی نیسانی لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو گەلی وڵاتپارێز پیرۆز کرد و وتی: "لە مێژووی گەلی کورددا هەندێک ڕۆژی تایبەت هەن، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ واتە ٤ـی نیسان لە مێژووی گەلی کورددا ڕۆژی زیندووبوونەوەیە، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ڕۆژی لەدایکبوونی مرۆڤایەتییە، لەسەر ئەم بنەمایە لە سەدەی ٢١ـدا زوڵم و زۆرداری کە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەچووە، لە ڕۆژێکی وەهادا لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ بووە زیندووبوونەوەیەک بۆ گەلی کورد، وەک دانیشتوانی کامپەکە و گەلی کورد منەتباری دایکی ئوڤەیشین کە لانکی مرۆڤایەتی هەژاندووە، وەک شارەوانی و ئەنجوومەنی کامپەکە ویستمان بە چاندنی دار ئەم ڕۆژە بژێنینەوە و هەر دارێک کە سەوز دەبێت لەسەر بنەمای ئەوەی کە سرووشت لەگەڵ خۆی سەوزایی، مرۆڤایەتی و خۆشی بڵاو بکات."

'پێویستە بەرپرسیاربین لە ئاست پەیامە مێژوویەکی ڕێبەر ئاپۆدا'

عەدبان یڵماز لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سەرجەم جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە جێگای دڵخۆشی، ئارامی و برایەتی و وتی: "هەتا کۆتایی پشتگیری ئەم بانگەوازە دەکەین و لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ ئەرک و بەرپرسیارێتی کە دەکەوێتە سەر شانی گەلی کورد و هەموو تاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە جێبەجێی بکەن، ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕۆژی لەدایکبوونی خۆمان دەبینین و وەک ڕۆژی لەدایکبوونی سەرجەم مرۆڤایەتی دەبینین."