ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال، بەبۆنەی ١ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و ئەم ڕۆژەی پیرۆز کرد.
ڕاگەیاندراوەکە سەرەتا ئەم ڕۆژە لە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان پیرۆزدەکات، پاشان لە کەسێتی شەهید ئارین و گەلهات، تەواوی شەهیدانی بەرخۆدان بیردەهێنێتەوە. دەڵێت: " یەک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی مێژوویی کۆبانێ یەکێتی هێزە ڕزگاریخوازەکان بوو. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە یەکێتی هێزە کوردییەکان لە هەموو شوێنێکدا دەتوانێت سەرکەوتنی مەزن لە دژی داگیرکاری بەدەست بخات. بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ئەمڕۆی کوردستان هەمان یەکێتی پێویستە".
لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات، ئێستەش هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا بەردەوامە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قبووڵنەکردنی سەرکەوتنی کۆبانێ، دەڵێت: " دەوڵەتی تورک هێشتا تۆڵەی خۆی لە گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتەوە و دەیەوێت بەو دوژمنایەتییە پیلانی تەواونەکراوی داعش بە ئەنجام بگەیەنێت.
بەڵام وەک چۆن داعش لە کۆبانێ سەرنەکەوت، دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانیشی سەرناکەون. لە کۆبانێ تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی یەکگرتوو، بەرخۆدانی گەلان و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی لە دژی ستەم سەرکەوت. هەروەها شەنگال بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ ڕزگار کرا. بەرخۆدانی کۆبانێ سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ تێکۆشان گەلان، بۆ ژیانێکی ئازاد و یەکسان، بۆ پاشەڕۆژێکی دیموکراسی بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانێکی یەکسان.
لەکۆتاییدا پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو مرۆڤایەتی دەکات، بانگەواز دەکات دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا بکەن، دەڵێت: "وەک جڤاکی ئێزدی ئەمڕۆ لەسەر بناغەی ئەم ڕۆح و بەرخۆدانە شکۆدارە بەرامبەر هەموو هێرش و پیلانگێڕییە قێزەونەکان بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەین. تا کۆتایی پشتیوانی شۆڕشی گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین. بە بیر و باوەڕی سەرخستنی پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک، تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەین و ژیانێکی یەکسان و ئازاد دادەمەزرێنین".