ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال: پێویستە پەکەکە لە لیستەکە دەربکرێت

مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، بە ڕاگەیاندراوێک، پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داوای کرد پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان دەربکرێت.

مەجلیسی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال بە بەشداری سەرجەم ئەندامانی مەجلیس کە لە پێکهاتەکانی شەنگال پێکهاتووە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە مەجلیسی گەلی دیگور ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕەوشی گشتی شنگال و بەتایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ١٨ ی کانونی یەکەم تاوتوێ کرا. پێکهاتەی کۆبوونەوەکە داوای لە سەرجەم جڤاکی ئێزدی و پێکهاتەکانی شەنگال کرد کە دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە لیستی "یەکێتی گەلانی نەینەوا".

ڕۆژەڤێکی دیکەی گرنگ کە لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، خۆبەڕێوەبەری بۆ شەنگال" بوو. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری فراوانکردنی کار و چالاکییەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا هاتە پێشەوە.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە ڕۆژەڤی ناوخۆیی شەنگال نرخاندنی بۆ کرا،  پلانسازی بۆ کار و چالاکییەکانی مەجلیسی گەل دانرا.

مەجلیسی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی سەبارەت بە هەڵمەتی دەرکردنی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالدا هاتووە پەکەکە زیاتر لە هەموو ڕێکخراوەکانی دیکە مافی مرۆڤ دەپارێزێت و بانگەواز دەکات: "پێویستە ڕێبەر ئاپۆ کە هاوکات ڕێبەری پەکەکەیە، ئازاد بکرێت و قەدەغەی سەر پەکەکە هەڵبگیرێت".  

"پەکەکە بۆ پاراستنی گەل دەستی بە تێکۆشان کرد"

هەروەها دەڵێت: "کاتێک پەکەکە دەرکەوت، بزووتنەوەیەکی چەکداری نەبوو و دەیویست بە شێوەیەکی سیاسی پرسی کورد چارەسەر بکات. بەڵام دڕندەیی لە زیندانەکاندا، پەکەکەی ناچار کرد بۆ پاراستنی گەل دەست بداتە تێکۆشانی چەکداری".

"پەکەکە ئێمەی لە فەرمان ڕزگارکرد"

لە درێژەدا هاتووە: "دەوڵەتانی ئەوروپا کوشتنی ئۆلۆف پاڵمێیان خستە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە پەکەکەوە نییە. دەبوو ئەم وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا داوای لێبوردنیان لە پەکەکە و گەلی کورد بکردایە و پەکەکەیان لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان دەرهێنابا. ئەم ئەرکەیان بەجێ نەهێنا. ئەمڕۆ جارێکی تر چالاکییەکان بەم داواکارییە دەستیان پێ کردۆتەوە. ئێمەش وەک گەلی شەنگال پشتیوانی ئەم هەڵمەتە دەکەین، چونکە شاهیدی فیداکاری پەکەکە بووین بۆ گەلەکەمان. کاتێک عێراق و پەدەکە ڕێگریان لە داعش نەکرد، بەپێچەوانەوە ڕێگایان بۆ خۆش کرد. پەکەکە لە ڕێگایەکی دوورەوە هاتە دەم هاواری جڤاکەکەمانەوە و ئەم جڤاکەی لە قڕکردن ڕزگارکرد".  

"پێویستە پەکەکە لە لیستەکە دەربکرێت"

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "پەکەکە بۆ پاراستن و ئازادی گەلەکەی دامەزراوە. ئێمەش پاڵپشتی ئەم هەڵمەتە دەکەین وا دەستی پێ کردووە. هەروەها پشتیوانی لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکردنی پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان دەکەین".