ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پادێ بە ئاهەنگێک کاندیدەکانی خۆیان ناساند

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و پادێ، بە ئاهەنگێک کاندیدانی خۆیان ناساند.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان (پادێ) لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) و پارتی ڕەفا لە موسڵ، بە ناوی هاوپەیمانیی "یەکێتیی گەلی نەینەوا" بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، ٤ کاندیدی پادێ لەم لیستەدا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

بە پێشەنگایەتی پادێ، بۆ ناساندنی کاندیدەکان لە ناحیەی سنونێ ئاهەنگێکی جەماوەری ڕێکخرا، کاندیدان: ئازاد عەبدال و قاسم کەشکۆ و دەخیل سیدۆ و فەلاح دلێمی، لە ئاهەنگەکە ئامادەبوون و پەیامی خۆیان گەیاندە جڤاکی ئێزدی و عەرەبی شەنگال. بانگەواز لە تەواوی جڤاکی ئێزدی و عەرەب کرا، ١٨ ی کانوونی یەکەم بچنە سەر سندووقەکان و دەنگ بە نوێنەرەکانی خۆیان بدەن.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، لەسەر ناوی پادێ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، هادی مەحلۆ، ئاماژەی بە گرنگی قۆناغەکە کرد، دووپاتی کردەوە، دوژمن لە هەوڵی لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالە، کاندیدەکانمان دەبنە دەنگی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و لەپێناوی پاراستنی خەبات دەکەن. بۆیە پێویستە گەلی ئێزدی کاتی دەنگدان فەرمانی سەر ئێزدییەکان بەبیری خۆی بهێنێتەوە.

پاشان وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، ڕیهام حەجۆ، هاوسەرۆکی مەجلیسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، نایف شەمۆ، قسەیان کرد و بانگەوازیان کرد بۆ پشتیوانیکردن لە کاندیدەکان. 

نایف شەمۆ، ڕایگەیاند بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی کۆچبەرانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان، پێویستە دەنگەکان بەدروستی بەکاربهێنن.

لە دەستەی عەشایەری شەنگال، دەخیل موراد قسەی کرد، دووپاتی کردەوە، ئەو جڤاکەی هەزاران شەهید بەخشیوە، چیتر دەسەڵاتداری و ئاغایەتی کەس قبووڵ ناکات. جڤاک گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی بێجگە لە خۆی کەس ناتوانێت بیپارێزێت و بەڕێوەی ببات.

پاشان، چوار کاندیدەکە خۆیان بە جەماوەر ناساند، سوپاسی گەل و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان کرد کە متمانەیان پێ کردوون و گوتیان: "دەنگی ئێوە ئەمانەتێکە لەئەستۆمان".