ئیکۆلۆژیستەکانی هەرێمەکە: DEDAŞ هۆکاری ئاگرەکەیە

ئەو ئیکۆلۆژیستانەی سەردانی هەرێمی ئاگرەکەی نێوان چنار و شەمرەخیان کرد، تیشکیان خستەسەر سیاسەتی تاڵانکردنی سرووشت لەلایەن دەسەڵاتەوە و گوتیان "هۆکاری ئاگرەکە DEDAŞ بووە".

بزووتنەوە ئیکۆلۆژیستەکانی کوردستان و تورکیا بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئیکۆلۆژیای میزۆپۆتامیا سەردانی هەرێمی ئاگرەکەیان کرد کە ٢٠ ی حوزەیران لەنێوان ناوچەی چناری ئامەد و ناوچەی شەمرەخی مێردین کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا. شاندەکە سەردانی گوندی کەلەکی شەمرەخ و گوندی تۆبینی سەر بە ناوچەی چناری ئامەدیان کرد و لێکۆڵینەوەیان کرد، پاشان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە.

" DEDAŞ هۆکاری ئاگرەکەیە"

هاووتەبێژی تەڤگەری ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا گۆکهان ساران ڕایگەیاند هۆکاری ئاگرەکە ناوەندی کرێخۆری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ) و دەسەڵاتە کە دەستوەردانی لە ئاگرەکە نەکرد، گوتی: "ئاگرەکە زیانی بە گیان و ماڵی گەل گەیاندووە، هەروەها وێرانکارییەکی لە ئیکۆسیستەمدا خوڵقاندووە".

هەروەها ڕایگەیاند ساڵانێکە دژی گەلی کوردستان و جوگرافیای کوردستان لەڕووی ئابووری و ئیکۆلۆژی و چاندییەوە قڕکردن بەڕێوەدەچێت و بواری ژیان تێکدەدرێت.

ئاماژەی بەوە کرد بەپێی ڕاپۆرتەکانیان ئاگرەکە بەهۆی کارەباوە بووە. 

پاشان هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی ئیکۆلۆژی و کشتوکاڵی دەم پارتی مەلیس تانتان داوای کرد ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن، هەروەها هەرێمی ئاگرەکە وەک هەرێمی کارەسات ڕابگەیەنرێت.

هاووتەبێژی یەکێتی ئیکۆلۆژی سولەیمان سولەیمان ئەریلماز گوتی: "ئاگرەکە بەهۆی کارەباوە بووە. ئێمە ڕووبەڕووی ڕووخاندنێکی مەزن بووینەتەوە. بەڵێن دەدەین لە هەموو جێیەکی تورکیا پشتیوانی بەهێز بکەین".

پاشان شاندەکە درێژە بە لێکۆڵینەوەکانیان دەدەن. پاشان ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەنەوە.