ئێزدییەكان بۆ وتەبێژی پەدەکە: پارتی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دەکات لە کاروباری ئاینی ئێزدییەکان

ژمارەیەك لە ڕۆشنبیر و چالاكوان و كەسایەتی ئاینی ئێزدی، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی وتەبێژی پەدەکە دەدەنەوە، کە وتبووی ‘دەستوەردان لە کاروباری ئێزدییەکان ناکەین’، دەڵێن: پەدەکە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە کارە ئاینییەکانی ئێزدییەکان دەکات.

هەڵبژاردنی (بابە شێخ)ی نوێی ئێزییەکان لە شاری دهۆک و بەبێ بەشداریی پێکردنی نوێنەری ئێزدییەکان، ناڕەزایەتی ئێزییەکانی لێکەوتەوە و ڕایانگەیان، کە (بابەشێخ) بە خواستی پەدەکە دیاری کراوە دوور لە نەریتە ئاینییەکانی ئێزدی.

لەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئێزدییەکان، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پەدەکە ڕایگەیاند، کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک دەستوەردانیان لە کاروباری هەڵبژاردنی (بابەشێخ)ی نوێی ئێزدییەکان نەکردووە، ئێزدییەکان بەپێی نەریتی خۆیان ئەنجامیان داوە.

ژمارەیەك لە ڕۆشنبیری و چالاكوان و كەسایەتی ئاینی ئێزدی لە هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان، ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی قسەکانی وتەبێژی پەدەکە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سەماحەتی بابەشێخ (خرتۆ حەجی ئیسماعیل) سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییەكان، بەر لە دوو مانگ كۆچی دوایی كرد، بەپێی نەریتە ئاینییەكانی ئێزدییەكان، پێویستە بابا شێخی نوێ لەماوەیەكی كەمدا دیاری بكرێت، ئەویش بەپێی ڕێوشوێنە زانراو و ڕوونەكانی ئێزدییەكان و كەسانی پەیوەندیدار بە كاروباری ئێزدییەكان، بەڵام بەداخەوە، بابەشێخی نوێ دوور لەخواست و ئیرادەی ئێزدییەكان و نەریتە ئاینییەكان و لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی نایاسایی دیاریكرا، ڕێگە بەبەشداریكردنی ئێزدییەكان تێیدا نەدرا، تەنها كاندیدی داواكراو و ژمارەیەك لە ئێزدییەكانی لایەنگری پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكە بوون، ئەمەش جێگەی قبوڵكردن نییە.

هەروەها هاتووە: خودی حازەم تەحسین بەگ، دوور لە خواستی ئێزدییەكان، كراوەتە میر بەمەرای پارتی دیموكراتی كوردستان، لای هەموانیش ڕوونە، كە كەسایەتییەكی شكستخواردووە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی میری ئێزدییان، لەكاتێكدا دژایەتی خۆمان بۆ ئەم پرۆسە نایاسایی و گوماناوییە دووپاتدەكەینەوە، ئێزدییەكان ڕێگە بە پارتی دیموكراتی كوردستان یان هەر حزبێكی تر نادەن، كە چارەنووسی ئاینی و سیاسییان دیاری بكات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پارتی و دامەزراوە هەواڵگرییەكەی و لەساتی كۆچی دوایی میر تەحسین و بابەشێخ سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییەكان، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە كاروباری ئاینی ئێزدییەكان و تەواوی نەریتە ئاینییەكانی دەكەن، پۆستی میر و بابەشێخیان بەمەرامی تایبەت و بۆگەنی خۆیان پڕدەكەنەوە، پێدەچێت وتەبێژی ڕەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگاداری ئەو پیلان و پرۆژە نهێنییە هەواڵگرییانە نەبێت، بۆیە ڕوونکردنەوەی وەها بڵاودەکاتەوە.

لە کۆتایشدا هاتووە: مەترسی تەواو لەسەر ئێزدییەکان لە کوردستان و تەواوی جیهان هەیە، بۆیە یەكخستنەوەی ڕیزەكانمان كاتی هاتووە و بەرپرسیارێتكی ئاینی و مێژووی و مرۆییە لەسەر شانمان، تەنها بەیەكخستنی ڕیزەكانمان دەتوانین بەرەنگاری تەواوی ئاڵنگارییەكانی قۆناغی داهاتوو ببینەوە.

ف.ق