شەڕڤانانی یەژەشە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژن، بە کاروانەوە لە ناوەندی شەنگال گەڕان و سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی کۆچۆیان کرد و لەوێ مەراسیمێکی سەربازییان ئەنجامدا.
مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، دەستیپێکرد و دوای ئەوە ئاخین ئینتقام لە فەرماندەکانی یەکینەکانی ژنانی شەنگال- یەژەشە، بۆ ئامادەبووان قسەیکرد.
ئاخین ئینتقام دوای بیرهێنانەوەی شەهیدانی فەرمانەکە، ئاماژەیەکی بە مێژووی ٨ی ئادار کرد و دوای ئەوە وتی: دەوڵەتانی داگیرکەر چون لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ـدا بە دەستی داعش هەوڵی لەناوبردنی کۆمەڵگای ئێزدییان دا، ئێستاش پیلانی کۆمەڵکوژییان بۆ ئەم کۆمەڵگایە داڕشتووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو شوێنەی تێدا کۆمەڵکوژیی کراوە، جێگەی حەساب پرسینەوەی قارەمانانە، بۆ ڕای گشتی دەڵێین؛ “ئەو پیلانانەی بۆسەر شەنگال دانراوە، داگیرکاری، دووبارە کردنەوەی ٨ی ئادار و دووبارە کردنەوەی ٣ی ئابە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاخین ئینتقام وتی: “ئەوەی ژنی بەڕێکخستن کرد، ژنانی کۆکردەوە و کردیانە خاوەن ئیرادە و هێز، ڕێبەر ئاپۆیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێک بۆسەر کۆمەڵگای ئێزدی ئامادەی وەڵامدانەوە و بەرخۆدانن.
شەڕڤانانی یەبەشە دوای مەراسیمی سەربازی، تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕی شەهیدانی گوندی کۆچۆ دانا و بە کاروان بەرەو بڕیارگەی خۆیان بەڕێکەوتن.
ک-ش