ڕەژاک داوا دەکات ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکەى فەرەنسا ئاشکرا بکرێن

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕەژاک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم سیستەمە مرۆڤکوژ و دژە ئینسانە دەیەوێت بەو شێوازە چەپەڵانە خەباتی ئازادی ڕابگرێت، دەشڵێن، داوا دەکەین ئەنجامدەرانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکەى فەرەنسا ئاشکرا بکرێن.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕەژاک بەیاننامەیەکی لەبارەی دووەمین کۆمەڵکوژی کوردان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، عەقڵیەتی مرۆڤکوژ، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوبەشەکانی وەک حکومەتی فەڕەنسا پێشەنگایەتی دەکەن، بەم کردەوانە کۆمەڵکوژکردنی ژن و گەلی کوردییان کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆیان.

لە بەیاننامەکەدا، ڕەژاک ئیدانەی دووەمین کۆمەڵکوژی دەکات و ڕایگەیاند، کوشتنی ژن و شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەرانی کورد لە پاریس یەکەمجار نییە، “ئەم کۆمەڵکوژییە درێژەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆیە، هێزە پیلانگێڕەکان و دەوڵەت-نەتەوەکان لە کەسایەتی وڵاتپارێز و پێشەنگەکاندا کۆمەڵکوژی هەموو ژنان و گەلی کورد دەکەنە ئامانج، ئەم کۆمەڵکوژییە دڵنیامان دەکاتەوە، لە کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٣دا، کە تێیدا سێ ژنە پێشەنگ و شۆڕشگێڕ شەهیدکران، دەسەڵاتدارانی فەڕەنساش بەشداربوون.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕەژاک ئاماژە بە عەقڵیەتی مرۆڤکوژ دەکات، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوبەشەکانی وەک حکومەتی فەڕەنسا پێشەنگایەتی دەکەن، “بەم کردەوانە کۆمەڵکوژکردنی ژن و گەلی کوردییان کردووەتە ئامانجی سەرەکی خۆیان، ئەم سیستەمە مرۆڤکوژ و دژە ئینسانە دەیەوێت بەو شێوازە چەپەڵانە خەباتی ئازادی ڕابگرێت، دەیانەوێت گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و کۆمەڵکوژی و فەلسەفەی (ژن، ژیان، ئازادی) بێکاریگەر بکەن”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەو ڕێکخراوە جەختیکردەوە، “کەس ناتوانێت بە گرتن و کوشتن ڕووباری ئازادی ڕابگرێت، چونکە ئێمە خاوەنی فەلسەفەی بەرخۆدان و سەرکەوتنین، بە گرتنی یەک کەس، ملیۆنان کەس دێنە مەیدان و بە کوشتنی یەک کەس، هەزاران کەس بڕیاری تێکۆشان و تۆڵەسەندنەوە دەدەن، بۆیە داوا لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین، بکوژانی هەردوو کۆمەڵکوژییەکە بە زووترین کات ئاشکرا بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

ژ.ت