ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران؛ ئاشکرای کرد لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لانیکەم ٤٨١ هاوڵاتی کوژراون کە ٦٤یان منداڵ و ٣٥یان ژن بوون.
ڕونیشیکردووەتەوە، جگە لەوەش لانیکەم ١٠٩ خۆپیشاندەر مەترسی دەرکردن یان جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە، دەڵێت: نموونەی ئازاردانی سێکسی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو لە زۆر شوێنی ئێراندا باس کراوە و دەتوانرێت بڵێین کە ئەمە کارێکی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو میکانیزمێکی سیستماتیک و هاوئاهەنگە لەلایەن حکومەتەوە.
ریکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە هەڵمەتیکی هێزەکانی ئیتڵاعاتدا زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستگیرکراون و دەشڵێت: زۆرێک لەوانەی دەستبەسەر کراون بە “بیانی نایاسایی” ناوزەد کران و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرێک لە هاوڵاتیانی بەلووچی ئێرانی لە خاوەنی بڕوانامەی لەدایکبوون بێبەشکردووە.
ڕیکخراوەکە ڕایگەیاندووە ئەو ٣٨١ کەسەی لە ڕاپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان پێکردووە تەنها ئەوانەن کە لەسەر شەقامەکان کوژراون و ئەو چوار کەسەی تا ئێستا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە سێدارە دراون و ئەو کەسانەی کە بەهۆی مردنی گوماناوییەوە (بە ئیدعای خۆکوشتن) دوای ماوەیەکی کەم لە ئازادکردنیان لە دەستبەسەرکردن گیانیان لەدەستداوە، هەژمار نەکراوە.
لە بارەی دابەشبونی گیان لەدەستدراوانی خۆپیشاندانەکان دەڵێت، تا ئێستا کوژراوان لە ٢٥ پارێزگای جیاوازەوە تۆمارکراون و زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سنە، تاران و مازەندەران بووە.
ف.ق