ژنانی شەنگالی لە دژی گۆشەگیری ڕێپێوانیان ئەنجامدا

بزووتنەوەی ژنانی ئازادی ئێزدی (تاژێ / TAJÊ) و یەکێتیی گەنجانی ئێزدی بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شەنگال رێپێوانیان ئەنجامدا.

رێپێوانەکە لەسەر ڕێگای ناوچەی سنون دەستی پێکرد و تا دۆڵی کەرسێ بەردەوام بوو. لە کۆتایی رێپێوانەکەدا ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی خوێندرایەوە و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا.

گەلی شەنگال بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی قورسی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجامدا. ڕێپێوانەکە لە بازگەى شەهید گەنجۆ لەسەر ڕێگای سنون دەستیپێکرد و تا باخچەی سەرۆکایەتی لە دۆڵی کەرسێ بەردەوام بوو. سەدان ژن و گەنجی ئێزدی بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد. لە رێپێوانەکەدا پۆستەرەکانی ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵاکانی رێکخراوەکان و دام و دەزگاکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بەرزکرابوونەوە.

چالاکوانان بەردەوام دروشمی "بەبێ سەرۆک ژیان نابێت، بە گیان و بە خوێن لەگەڵتین ئەی سەرۆک" دەوتەوە.

جەماوەری گەل لە باخچەی سەرۆکایەتی راگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی خوێندەوە. ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن بەسێ شەنگالی بە ناوی ژنانی گەنج و یەکێتی گەنجانی ئێزدییەوە خوێندرایەوە و لە راگەیاندراوەکەدا باس لە بەردەوامیی پیلانگێڕیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تا ئەمڕۆ کرا و تیایدا هاتووە: "پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەری ئاپۆ، کە لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدارەوە ئەنجامدرا، تا ئەمڕۆ بە گرتن و گۆشەگیری بەردەوامیی هەیە. گۆشەگیری لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە لە دژی سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت. ئەوەش بێ ئەخلاقیی دەوڵەتی تورک نیشاندەدات. ئەو گۆشەگیرییە بە هۆی ئەوەوە ئەنجام دەدرێت، کە سەرۆکایەتی داوای مافی گەلان دەکات. خواستیان بە دەستگیرکردنی سەرۆکایەتی ئەم کۆمەڵگایە لە تاریکیدا بمێنێتەوە. ئێمەی گەنجانی ئێزدی تا ئازادیی سەرۆکایەتی بەرخۆدان دەکەین و هەمیشە لەسەر پێی دەبین".

رهام هچۆ، ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی وتی: "ڕێبەری ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی لە ژێر سەختترین گۆشەگیریدایە. تاوەکو دێت ئەو گۆشەگیرییە توندتر دەبێت. ئێمەی ژنانی ئێزدی لە پێش هەموانەوە ئیدانەی ئەو هێزە پیلانگێڕانەمان کرد. چونکە ئێمە دەزانین، ئەو هێزانەی پیلانگێڕییان لە دژی سەرۆکایەتی ئەنجامدا. هەر ئەو هێزانەن، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا گەلەکۆمەکی و پیلانگێڕییان لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامدا و ئێزدییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد. نابێت هەرگیز بڵێین، ئەو فەرمانانەی، کە دژی گەلەکەمان بەڕێوەدەچن جیاوازە لەو پیلانگێڕییە، کە لە دژی  سەرۆکایەتی بەڕێوەدەچێت، چونکە هەموویان بە یەکترەوە گرێدراون".

ژ.ت