زیندانی سیاسی کامەران قاسمی ١٠ رۆژە مانی لە خواردن گرتووە

لە زیندانی ناوەندی ورمێ ماوەی ١٠ رۆژە زیندانی سیاسی کورد کامەران قاسمی لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی مانی لەخواردن گرتووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زیندانی سیاسی کورد کامەران قاسمی لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە هۆی رێگری لە دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و پێشێلکردنی مافی مۆڵەتی کاتی و ئازادبوونی مەرجدار مانی لە خواردن گرتووە.

راگەیەندرا کە قاسمی ١٠ رۆژە دەستی بە مانگرتن کردووە و لە ژووری تاکەکەسیدا گۆشەگیرکراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە کامەران قاسمی لە ساڵی ٢٠١٩دا دەستگیر و سەرەتا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.

دواتر دادگای تێهەڵچوونەوە سزای ئەو زیندانیە سیاسیە بۆ ٧ ساڵ و شەش مانگ زیندان کەمکردووەتەوە.

بە وتەی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ورمێ، کاربەدەستانی ئەو زیندانە فشارەکانیان لەسەر زیندانیان چڕکردووەتەوە و هەموو جۆرە دیدار لەگەڵ بنەماڵە و ئازادی کاتی زیندانیان بە وەرگرتنی رەزامەندی لایەنە ئەمنییەکان مەرجدار کردووە.

لە دژی ئەو فشارانە رۆژی ٢٦ی شوبات لە ئێستا شاهین گەلەدار زیندانی سیاسی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

هەروەها رۆژی ٢٨ی شوباتیش دوابەدوای هێرشی یەکەی پاسەوانی زیندان بۆ سەر بەندکراوان، حەسەن عومەر پور زیندانی سیاسی کورد لە دژی ئەو هێرش و گوشارانە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆیەوە قاچی سوتابوو، زیندانییەکی سیاسی دیکە بە ناوی ئەشکان عوسمان نەژادیش لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی تووشی سووتاوی ببوو.

هـ . ب