زیندانیەکی دیکە لە زینداندا کوژرا

لە زیندانی دەوڵەتی تورک پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کردەوە نامرۆڤانەکان لە هەڵکشاندان، زیندانییەکی دیکە کوژرا.

زیندانی سیاسی رێبەر سۆیدان تەمەن ٢٠ ساڵ، لە زیندانی جۆری ئێفی ئاسایشی باڵای وان لە ژوری تاکەکەسیدابوو. کاربەدەستانی زیندان بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندیان بە محەمەد سۆیدان باوکی ئەو زیندانیەوە کرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کوڕەکە لە ژوری تاکەکەسیدا خۆی هەڵواسیوە و 'خۆی کوشتووە'.

تەرمی رێبەر سۆیدان بە مەبەستی توێکاری رەوانەی نەخۆشخانەی دورسون ئۆداباشی وان کراوە.

رێبەر سۆیدان دوو ساڵ بەر لەئێستا دەستگیرکرابوو، بە بانگەشەی هەوڵدان لە دژی یەکپارچەیی وڵاتەکە دادگایی دەکرا. بە هۆی ئەو تۆمەتەوە بە گشتی ٥٣ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکدا هەزاران زیندانی نەخۆش مەترسی مردنیان لەسەرە، ئەمە جیا لەوەی بە دەیان زیندانی بە هۆی مامەڵە و رەفتاری نامرۆڤانەوە لە زیندان گیانیان لەدەستداوە.

هـ . ب