ئارارات: سی پی تی لە بەرامبەر گۆشەگیرى بێدەنگە و دەبێت ریسوا بکرێت

ئەڤیندار ئارارات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک وتى "گۆشەگیری لە ئیمراڵى تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە".

ئەڤیندار ئارارات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک - PAJK) لە بەرنامەى رۆژەڤى ژن لە کەناڵى ئاسمانیى ستێرک تیڤی وتى "دەبێت سی پى تى و ئەنجوومەنى ئەوروپا ریسوا بکرێن، کە خۆیان لە بەرامبەر ئەشکەنجەدا بێدەنگ کردووە".

ئارارات داواى لە گەنجان کرد لە دژی فاشیزم بچنە ناو ریزەکانى تێکۆشانى ئازادی. ئاماژەى بە گۆشەگیریى قورس لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد کرد و رایگەیاند، گۆشەگیری هێرشێکى هەمە لایەنەیە لە دژی  گەلان بە تایبەتى لە دژى ژنان.

"ئەو رێکخراوانەى بەرامبەر گۆشەگیری بێدەنگن دەبێت ریسوا بکرێن"

ئارارات رایگەیاند، گۆشەگیری سیاسەتێکى سیستمە. سیستمى ئەشکەنجەى ئیمرالی ئەشکەنجەیە لە دژى هەموو تورکیا، چونکە بۆچوون و پرۆژەکانى ئۆجالان لە ناو گەلدا رێگای بەرووی ئەڵتەرناتیڤی ژیانێکى ئازاد کردووەتەوە و لەبەر ئەوەش ئەو گۆشەگیرییە بەسەر هەموو ژنان، گەلان و ئاشتیخوازاندا سەپێنراوە.

ئەو ئەندامەى دەستەى بەڕێوەبەریى پاژک سەرنجى خستە سەر هەڵمەتى دژ بە گۆشەگیری کە لە ئەوروپا و رۆژئاواى کوردستان دەستیپێکردووە و وتى "ئەو چالاکییانەى بەڕێوەدەچن دەبێت وەک شەپۆلی ئاو گەورە و رادیکاڵ ببن و بەشێوەى جەماوەرى بەڕێوەبچن".

ئارارات لەبارەى کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تى) و ئەنجوومەنى ئەوروپا، کە بەرامبەر بە ئەشکەنجەى ئیمراڵی و هەموو زیندانەکانى تر بێدەنگە وتى "ئەشکەنجە لە ئیمراڵى تاوانە دژ بە مرۆڤایەتى. ئەو رێکخراوانەى کە لە بەرامبەر ئەو ئەشکەنجەیە بێدەنگن دەبێت هەموو لە شوێنێکدا ریسوا بکرێن. تاوەکو ناچار بکرێن رۆژێک باجی ئەو بێدەنگییەیان بدەن".

"تورکیا ئیدی بووەتە زیندانێکى کراوە"

ئارارات لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بە دۆخى زیندانییە سیاسییەکان کرد و وتی، تورکیا گۆڕاوە بۆ رژێمێکى فاشیست و "زیندانێکى کراوە". عەقڵیەتى فاشیزم گەوهەر و بەهای کۆمەڵگەى تێکداوە. لە زیندانەکان ئەشکەنجەى جەستەیى و دەروونی بەرامبەر بە زیندانییە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت. بە تایبەتى پشکنین بە رووتکراوەیى بەرامبەر بە زیندانیان و زیندانییە ژنەکان و زیندانییە نەخۆشەکان ئەشکەنجەیەکى قورسی جەستەیى و دەروونییە. ئەو کارانە بۆ تێشکاندنى بەها و تەونى کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێن.

ئەڤیندار ئارارات ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) بە بۆنەى ساڵیادى قەڵەمبازی ١٥ى ئابەوە وتى "یادى هەموو ئەو شەهیدانە بەرز رادەگرم کە لە تێکۆشانى ئازادیدا ژیانیان لە دەستداوە. هەڵمەتى ١٥ى ئاب لە پێشی پێشەوە بە سوپاکردنى ژنان، رێگاى بۆ تێکۆشانى ٣٤ ساڵە هەموارکرد. لەبەر ئەوەش زیانێکى گەورە لەو هێزە فاشیستییە دراوە کە دەیوت 'ئێمە کۆتاییمان بە کورد هێناوە'،".

ئارارات داواى لە گەنجان و بە تایبەتى ژنانى گەنج کرد لە دژى فاشیزم بەشداری ریزەکانى پەکەکە ببن.

ر.م