ئاسایشی هەولێر بڵاوەی بە خۆپیشاندەران کرد

هێزەکانی ئاسایش لەشاری هەولێر بڵاوەیان بە گردبونەوەی مامۆستایانی ناڕازیی کرد.

خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە هەولێر لە دوویەمین ڕۆژی خۆیدایە .ئەمڕۆ جارێکی دیکە مامۆستایانی شاری هەولێر بە ئامانجی  ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر بەردەوامیی سیستمی پاشەکەوتی مووچە و دابەشنەکردنی لەکاتی خۆیدا ڕژانە سەر شەقامەکان.

مامۆستایان لە بەردەم وەزارەتی داد-ی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبونەوە و بڕیاربوو بە ڕێپێوان خۆیان بگەێننە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی شاری هەولێر بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت و بە زەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.

هەروەها هێزە ئەمنییەکان ڕێگایان بە ڕۆژنامەنووسانیش نەدا، کە لە خۆپیشاندەران نزیک ببنەوە و ڕووماڵ بکەن.

شایانی باسە کە هێزە ئەمنییەکان بەردەم پارکی شانەدەریان تەنیوە و ڕێگەی هیچ چەشنە گردبونەوێک بە هاووڵاتیان نادەن، دوێنێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایانی هەولێری لە بەردەم پارکی شانەدەر بەڕێوەچوو کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە هێرشیان کرایە سەری و لەو هێرشانەدا چەند خۆپیشاندەریک بریندار بوون و هەروەها چەندین کەسی دیکەش دەسبەسەرکران.

پارکی شانەدەر لە ئیستادا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدراوە و ڕێگا نادەن هیچ هاوڵاتییەک بچێتە ئەوێ.

ک-ش