ئاسایشی هەولێر ٦٨ رۆژە وەیسی گولسەرەنى دەستگیرکردووە و بنەماڵەکەشی نیگەرانن

وەیسی گولسەرەن بەهۆی گوشار و زۆردارییەکانى دەوڵەتى تورک لە باکووری کوردستانەوە رووی لە باشوروی کوردستان کرد، بەڵام ماوەى ٦٨ رۆژە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراوە. بنەماڵەکەى نیگەرانی دۆخی وەیسی گولسەرەنن.

لە چەند ساڵی رابردوودا و بەهۆی سیاسەتى پاکتاوکردن و سڕینەوەى دەوڵەتى فاشیستیى تورکەوە ژمارەیەکى زۆر لە کوردستانیان ناچاری پەنابەری بوون. ژمارەیەکی زۆر لەو کوردستانیانەى باکوور روویان لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان و ئەوروپا کرد. وەیسی گولسەرەن یەکێکە لەو کەسە زوڵملێکراونە، کە لە شاری ئێلح (باتمان)ەوە بەهۆی زوڵم و گوشاری دەوڵەتى تورکەوە پەنای بۆ باشووری کوردستان هێنابوو.

سالیحە گولسەرەن خوشکی وەیسی گولسەرەن وتى "وەیسیی برام بەهۆی ئەوەى سزای زیندانیکردنى سیاسیى بەسەردا سەپێنرابوو، چوو بۆ باشووری کوردستان. کاتێک براکەم خواستى لە باشووری کوردستانەوە بڕوات بۆ وڵاتى ئۆکرانیا لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا و ماوەى ٦٨ رۆژە لە ئاسایش دا زیندانیکراوە".

سالیحە گولسەرەن راشیگەیاند، پەیوەندییان بەڕێوەبەریى گشتیى ئاسایشەوە کردووە و وتی "بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى ئاسایش پێى وتین، براکەتان هیچ تاوانێکى نییە. بەڵام سەرباری ئەوەش ماوەى ٦٨ رۆژە زیندانیان کردووە، باشە بۆ براکەمیان زیندانیکردووە. ئێمەش نازانین هۆکارەکەى چییە. براکەم بەهۆی زوڵمی دەوڵەتى تورکەوە پەڕییەوە بۆ باشووری کوردستان، بەڵام لە کوردستانیش دەستگیر و زیندانیکرا".

وەیسی گولسەرەن دانیشتوی شاری ئێلحی باکووری کوردستان بوو. لە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی سەپاندنى سزای زیندانیکردنى سیاسی پەڕییەوە بۆ باشووری کوردستان. لە رۆژی ٦ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٥ی رەشەمەوە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و کاتێک خواستبووی گەشت بۆ وڵاتى ئۆکرانیا بکات لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرابوو. لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا ماوەى ٦٨ رۆژە لەلایەن ئاسایشی هەوڵیرەوە زیندانیکراوە.

ر.م