ئاسایشی پارتى ڕێگا نادات هاووڵاتیان بەشدارى لە نەورۆزى قەندیل دا بکەن

ئاسایشی پارتى دیموکراتى کوردستان- عێراق، له‌ هه‌رسێ بازگه‌ى (گۆجار) و (قه‌سرێ) و (پردێ) ڕێگه‌ی له‌ هاوڵاتیان گرتووە بۆ ئەوەى به‌شداری لە جەژنی نه‌ورۆز له‌ قه‌ندیل دا نەکەن.

 

هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە شەوی رابردووەوە، ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لە بازگەکانی بازگەی قەسرێ و گۆجار، کە دەڤەری سۆران و باڵەکایەتی و برادۆست بە قەندیلەوە دەبەستێتەوە و بازگەی پردێ، کە ئەو ناوچانە بە ڕانیەوە دەبەستێتەوە، رێگریی لە چوونی هاوڵاتییان بۆ قەندیل دەکات.

بەهۆی ئاستەنگییەکانەوە، لە شەوی ڕابردووەوە سه‌دان خێزان و هاوڵاتیى له‌ بازگه‌کاندا ڕاوەستاون و چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ن رێگه‌یان به‌ڕوودا بکرێـته‌وه ‌و له‌ قه‌ندیل نه‌ورۆز پیرۆز بکه‌ن.

ئاسایش بەو هاوڵاتیانە دەڵێت، کە فەرمانیان پێکراوە و ڕێگا نادەن، کەس دەربازی قەندیل ببێت، بەڵام هاوڵاتیان سوورن لەسەر ئەوەی لە قەندیل نەورۆز پیرۆز بکەن.

 ساڵی ڕابردووش ئاسایشی پارتی هەردوو بازگەی قەسرێ و گۆجار، ڕێگاى بەڕووی هاوڵاتیاندا داخست، بۆ ئەوەی ڕێگریی لەچوونیان بۆ قەندیل بکات، بەڵام هاوڵاتیان ئاستەنگییان تێکشکاند و لە بازگەی پردێ-وە چوونە شارۆچکەی ڕانیە و لەوێوە چوونە قەندیل، بۆیە ئەمساڵ پارتی بازگەی پردێ-شی داخستووە.

ساڵانە لە بناری قەندیل بە ڕەنگ و شێوازى نەتەوەییانە و بە جۆش و خرۆشێکی مەزنەوە، هاووڵاتیان هەر چوار پارچەی وڵاتەوە دەڕۆن بۆ بنارى قەندیل و پێکەوە جەژنی نەتەوەیی گەلی کورد پیرۆز دەکەن.

ر.م