ئاسایشی یەکێتی رێگریى لە بەڕێوەچوونى سمینیاری ساڵیادی دامەزراندنی کەنەکە کرد

کەنەکە رایگەیاندبوو، سمینیارێک بە بۆنەى ساڵیادی دامەزراندن و بابەتى یەکێتیى نەتەوەیى بەڕێوەدەبات، بەڵام لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە رێگری لە ئەنجامدانى چالاکییەکەکرا.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە -  KNK) رایگەیاندبوو، بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی دامەزراندییەوە و بە دروشمی "یەکێتیى نەتەوەیى، یەکڕیزیى نەتەوەیى" کاتژمێر ١٥:٣٠ی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەواری شاری سلێمانى سیمینارێک بەڕێوەدەبات. سیمینارەکە لەلایەن محەمەد ئەمین پێنجوێنى و هاوژین مەلا ئەمین بەڕێوەدەبرا و ژمارەیەکى زۆر لەلایەن و کەسایەتی و رۆشنبیران و نوێنەرانى لایەنە سیاسییەکان بانگهێشت کرابوون بۆ بەشداریکردن لە سیمینارەکەدا.

کەنەکە بۆ بەڕێوەبردنى سیمینارەکە سەردانى پارێزگاى سلێمانى و ئاسایشی شاری سلێمانیى کردبوو، بەڵام کاتێک بەڕێوەبەرانى کەنەکە و بەشداربوانی سیمینارەکە بەرەو شوێنى سیمینارەکە لە هۆڵی تەوار رۆیشتوون، بەرپرسانی هۆڵەکە پێیان راگەیاندوون، رێگری لە ئەنجامدانى سیمینارەکە کراوە.

لەوبارەیەوە نوێنەرانى کەنەکە و بەشداربوانى سیمینارەکە لە بەردەم هۆڵی تەوار کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانییان بەڕێوەبرد. پەروین عەزیز ئەندامى بەڕێوەبەری کەنەکە لە کۆنفرانسە رۆژنامەنوانییەکەدا رایگەیاند، ئەوان بۆ بەڕێوەبردنی سیمینارەکە هەموو رێکارە یاسایی و حقوقییەکانیان گرتووەتە بەر و هیچ کێشەیەکى یاسایی و حقوقیییان نەبووە، بەڵام کاتێک چوون بۆ هۆڵەکە بۆ ئەوەى سیمینارەکە بەڕێوەببەن، بەرپرسانی هۆڵەکە پێیان راگەیاندوون "ئاسایش پێى راگەیاندوون دەرگای هۆڵەکە نەکەنەوە و رێگا نەدەن سیمینارەکە بەڕێوەبچێت".

پەروین عەزیز راشیگەیاند، کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لە مانگی تشرینى یەکەم دا کۆنگرەى خۆی بەڕێوەدەبات و خواستویانە لە چوارچێوەى ئامادەکاریى کۆنگرەکەدا بۆچوون و پێشنیازی لایەنەکان و کەسایەتییەکان و رۆشنبیران وەربگرن و یەکێک لە ئامانجەکانى ئەو سیمینارەش ئەوە بووە.

پەروین عەزیز باسی ئەوەیکرد، ئەو رێگرییە مەترسییە بۆ سەر دیموکراسی و باسی ئەوەشیکرد "هەوڵ دەدەین لەگەڵ کەسایەتی و لایەنەکاندا گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەى ناڕەزایەتیى خۆیان بخەنەڕوو".

دواى بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە، ئەو کەسانەى چووبوون بۆ بەشداریکردن لە سیمینارەکەدا لە هۆڵەکە دوورکەوتنەوە.

کەنەکە بۆ هەمان ئامانج ئەمڕۆ لە هەولێر سیمینارێکى بەڕێوەبردبوو.

ر.م