ئاکن: بەرخۆدانەکەمان سیستمی تەنگەتاو کردووە

سەدات ئاکن ١٢٨ ڕۆژە لە مانگرتن دایە و ڕایگەیاند: بەرخۆدانەکەمان گەیشتووەتە ئاستێک، کە ڕژێم تەنگەتاو بکات، چونکە نمونە دەهێننەوە بەوەی کە بەرخۆدانێکی مێژوویی لەو شێوەیە نییە بەرخۆدان بە باوەڕ و دڵسۆزییەکی بێهاوتا بەردەوامە.

سەدات ئاکن کاتێک لە گرتووخانەی پیتی (T)ی ئەرزنجان دەستبەسەر بوو دەستی بە چالاکیی مانگرتن کرد. لە ڕۆژی ٤٤ی مانگرتنیدا ئازاد کرا، بەڵام ئاکن دوای ئەوەی ئازادیش کرا لە ماڵەکەی خۆیدا لە بەرخۆدان بەردەوام بوو. ئەمڕۆ ١٢٨ ڕۆژە لە مانگرتن دایە.

لەگەڵ ئەوەی کێشەی تەندروستیشی هەیە، بەڵام ئاکن ئاماژە بەوە دەکات، خواست و ئیرادەی لە ئاستێکی بەرز دایە. سەدات ئاکن لەبارەی چالاکییەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات (ANF) قسەی کرد و وتی:

"کۆمەڵگەی تورکیا گۆشەگیر کراوە"

ئاکن تیشکی خستە سەر گۆشەگیریی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: "ئێمە باسی گۆشەگیرییەک دەکەین، کە ٨ ساڵە بەردەوامە. بەهۆی ئەو ماوە درێژەوە بمانەوێت و نەمانەوێت مرۆڤ بیر لە زۆر شت دەکاتەوە. مۆڵەت بە دیداری پارێزەران و کەسوکاری ئۆجالان نادرێت. بێگومان ئێمە لەناو بەرخۆدانێکی مێژوویی داین. بەهەزاران هەڤاڵمان لە چالاکیی مانگرتن دان. ٣٠ هەڤاڵمان دەستیان بە ڕۆژووی مردن کردووە. بەرخۆدانەکەمان گەیشتووەتە ئاستێک کە سیستم تەنگەتاو بکات، بەهۆی ئەوەی کە نمونەیەکی دیکەی بەرخۆدانی مێژوویی لەم شێوەیە نییە. بەرخۆدان بە باوەڕ و دڵسۆزییەکی بێهاوتاوە بەردەوامە."

ئاکن ئاشکراشی کرد، دیداری ئەم دواییەی پارێزەران لەگەڵ ئۆجالان بە واتای ئەوە نییە گۆشەگیریی کۆتایی پێهاتووە و وتی، "دیدارەکە شتێکی ئەرێنییە، بەڵام دەبێت بەردەوام بێت. نەک تەنیا گەلی کورد گۆشەگیر کراوە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگەی تورکیش گۆشەگیر کراوە".

 

"ئێمە کۆتایی بە گۆشەگیریی دەهێنین و تێکیدەشکێنین"

ئاکن ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت گۆشەگیریی لە ئیمرالی بۆ ئازادی و ئاشتی لەناو کۆمەڵگەی تورکیادا کۆتایی پێبێت و وتی، "ئەمڕۆ لە چالاکیی مانگرتن داین. بێگومان جەستەی کەسەکان ڕۆژبەرۆژ لە توانەوە دایە، بەڵام نابێتە ڕێگر لەبەردەم ورەی ئێمەدا. دڵنیاین کە کۆتایی بە گۆشەگیریی دەهێنین و تێکۆشانی خۆمان سەردەخەین."

"لە ئاستی پیرۆزکردنى سەرکەوتنداین"

ئاکن باسی لەوەش کرد، زۆرێک لە هەڤاڵانم لەناو تێکۆشان دان، ئێستاکە لە دەرەوەی زیندانەکان لە چالاکیی خۆیان بەردەوامن و وتی: "پێش هەموو شتێک دەمەوێت بە هەڤاڵ لەیلا و هەموو هەڤاڵانی دیکە بڵێم کە لە چالاکی دان، تێکۆشان و بەرخۆدانەکەمان لە ئاستی پیرۆزبایی سەرکەوتن دایە. ئەو تێکۆشانە پێکەوە سەردەخەین."

ر.م