ئاکەپە بە پاساوی 'لە شەڕداین' موچەى کرێکارانی شارەوانی نادات

شارەوانى ئاکەپە لە ناوچەى ئەلجەوازی بەدلیس بە پاساوی 'ئێمە لە عێراق و سوریا لە شەڕداین و حکومەت پارەى نییە و قەیرانى ئابووری هەیە' ماوەى ٨ مانگە مووچەى کرێکارانى شارەوانیى ئەو ناوچەیەی نەداوە.

ئەلجەواز تاوەکو ١٩٢٥ شارۆچکەیەک بوو سەر شاری خەڵات لە پارێزگاى بەدلیس. لە ساڵی ١٩٥٣ بووە بە شار. لە ئەلجەواز کورد، تورک و چەندین پێکهاتەى تر پێکەوە دەژین، بەڵام چەندین ساڵە بووەتە ئامانجی سیاسەتە جیاکارییەکانى دەوڵەت. بە تایبەت کورد لە ئەلجەواز دەکرێنە ئامانج و لە ژێر گوشار و زۆرداریى دەوڵەتدان. تەنانەت لە شارەوانى و دام و دەزگا گشتییەکانى تردا رێگا نادرێت کورد کار بکات.

ناچەى ئەلجەواز لە نێوان چیای سیپان و دەریاچەى وان دایە. بەهۆی سروشتە ناوازەکەیەوە ناوچەیەکى بێ هاوتایە. دەریاچەکانى ئارین و ئاگر لە ناوچەیەدا مرۆڤ سەرسام دەکەن. ئەو ناوچەیە بە گوێزەکانیشی بە ناوبانگە و بەشێکى بەرچاو لە پێداویستى ناوچەکانى تریش دابین دەکات، بەڵام دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە ناوچەى ئەلجەواز تاڵان دەکەن، بەو هۆیەوە زۆربەى دانیشتوانەکەى هەژار و کەمدەرامەتن. زۆرینەى گەنجان بەهۆی بێکارییەوە ناچار دەبن کۆچ بکەن بۆ شارەکانى تری تورکیا.

شارەوانیى ئەلجەواز کە لە دەستى ئاکەپەدایە ماوەی ٣ ساڵە مووچەى کرێکارانى شارەوانى بە رێکوپێکى نادات. ماوەى ٨ مانگیشە مووچەى دەیان کرێکارى نەداوە. کرێکارەکان بۆ مووچەکانیان لەگەڵ بەرپرسانى شارەوانیدا قسەیان کردووە و داوایانکردووە مووچەکانیان پێ بدرێت، بەڵام لەلایەن ئاکەپە و دەوڵەتەوە گوشاریان خرایە سەر و تاوەکو ئێستا مووچەکانیان پێنەدراوە.

هەروەها بەرپرسانى شارەوانى هەڕەشەیان لەو کرێکارانە کردووە و پێیان وتون، ئەگەر بۆ میدیاکان قسە بکەن ئەوا بە تەواوی لەسەر کارەکانتان دەرتان دەکەین. ئەوەشیان بە کرێکارەکان وتوە "پارە نییە، کێ دەیەوێت با دەستلەکار بکێشێتەوە". ئەو کرێکارانەى کە ماوەى ٨ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە دەڵێن، ئیتر توانای دابینکردنى نانیشیان بۆ ماڵ و منداڵیان نییە.

کرێکارێک کە بەهۆی مەترسیى ئەمنییەوە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد وتى، ئاکەپە لە ئەلجەواز ترس و تۆقاندنی بە ناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە و وتیشی "لەبەر ترس لە ئاکەپە کەس ناوێرێت لە ئەلجەواز داواى مافەکانى خۆی بکات. ئەوانەشی بە دواى مافەکانى خۆیاندا دەڕۆن لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن، یان تووشی کێشە و گرفتارییان دەکەن. چەندین ساڵە ئێمە لە ناو کێشەى قورسداین. ئێمە ئیتر ناتوانین نانیش بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین. ماوەى ٣ ساڵە ئەو کێشەیەمان هەیە، بەڵام ماوەى ٨ مانگە هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە. ئەگەر مووچەکانمان پێ نەدەن باشە چۆن بژێویى ژیانمان دابین بکەین؟".

'بۆ سەرەوە پارەیە هەیە، بەڵام بۆ کرێکاران پارە نییە'

کرێکارێکى تر رایگەیاند، کاتێک داواى مووچەکانیان لە بەرپرسان کردووە، بەرپرسانى شارەوانى پێیان وتون "لە سوریا و عێراقدا لە شەڕداین. حکومەتەکەمان لە عێراق و سوریادا لە شەڕدایە و مووچە نییە".

ئەو کرێکارە راشیگەیاند، "ئێمە چەندین مانگ کارمان کردووە و مووچەمان پێنەدراوە، ئەوان پارەى ئێمە، باجی ئێمە و داهاتی ئێمە بۆ شەڕ خەرج دەکەن، بەڵام ئامادە نین تەنها موچەکانمان پێ بدەن. ئێمە پێشتر سکاڵامان تۆمارکردبوو و پشکنەریش هات، بەڵام کێشەکەی چارەسەر نەکردین و رۆیشت. ئەو پشکنەرانەى هاتبوون بۆ شارەوانى هەر کارمەندی ئاکەپە بوون و بە ناوی دیارییەوە لە بەرپرسانى شارەوانى بەرتیلیان وەرگرت و رۆیشتن".

ژ.ت