ئاکەپە دەستى بەسەر شارەوانیى گۆگسیی هەدەپە لە ئەرزرۆمدا گرت

رژێمى ئاکەپە – مەهەپە دەستیان بەسەر شارەوانیى گۆگسیى هەدەپە لە ناوچەى قەرەیازی ئەرزرۆم داگرت و لە بریى مەلیکە گۆکسو هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپە، قائیمقامەى دەوڵەتى تورک لە ناوچەیە وەک قەیوم سەپێنرا بەسەر ئەو شارەوانییەدا.

رژێمى ئاکەپە – مەهەپە بە پاساوی ئەوەى سزا بۆ مەلیکە گۆکسو هاوسەرۆک شارەوانیى گۆگسی لە ناوچەی قەرەیازیی ئەرزۆم بڕاوەتەوە، قائیمقامەکەى خۆیان لەو ناوچەیە بە ناوی مەسعود تاباکجی ئۆغڵو وەک قەیوم سەپاند بەسەر ئەو شارەوانییەى هەدەپەدا.

پۆلیسی دەوڵەتى تورک دوێنێ لە قەرەیازی هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان و ٦ کەسی دەستگیرکرد. یەکێک لە کەسە دەستگیرکراوەکان مەلیکە گۆکسو بوو.

چەند رۆژ لەوە پێشیش دەوڵەتى تورک هاوسەرۆکانى شارەوانیى ناوچەى پاسووری ئامەدی دەستگیرکرد و سزای زیندانیى بەسەردا سەپاندن.

هەروەها لە رۆژی ١٩ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٨ی گەلاوێژدا دەوڵەتى تورک دەستیگرت بەسەر شارەوانیى گەورە شارەکانى ئامەد، وان و مێردین دا و لە شوێنى هاوسەرۆکانى ئەو شارەوانییانەى هەدەپە قەیومی دانا.

پێشتریش هەر دواى هەڵبژاردنى ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ / ١١ی نەورۆز بۆ شارەوانییەکان، دەڵەتى ئاکەپە ٦ شارەوانیى تر، کە هەدەپە تیایدا براوە بوو، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانى پوچەڵکردنەوە و ئاکەپەییەکانی بە زۆر بەسەر ئەو شارەوانییانەدا سەپاند، کە زۆرینەى رەهای خەڵکی ئەو ناوچانە دەنگیان بە هەدەپە دابو و پاڵێوراوەکانى هەدەپە براوەى ئەو هەڵبژاردنە بوون.

ژ.ت