ئاکەپە یەکەى نیشتەجێبوون بۆ بەدەستهێنانى دەنگ بەکاردەهێنێت

بڕیارە رۆژی ٢٠ى حوزەیران یەکەکانى نیشتەجێبوونى فەرمانگەى گەشەپێدانى خانوو (TOKÎ) لە شرنەخ رادەستى هاووڵاتییان بکرێت. لە ئێستاوە ئاکەپە ئەو یەکە نیشتەجێبووانەش بۆ دەنگدان لە ٢٤ى حوزەیران بەکاردەهێنێت.

دەوڵەتى تورکیا لە ١٤ى ئاداری ٢٠١٦دا / ٢٤ى رەشەممە لە شرنەخ "چوونە دەرەوە و هاتووچۆی قەدەغەکرد" و ئەو قەدەغەکارییە تاوەکو ١٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ / ٢٤ى خەزەڵوەر و بۆ ماوەی ٢٤٦ رۆژ بەردەوام بوو. لە ماوەى ئەو قەدەغەکارییەدا و دواى قەدەغەکارییەکەش، لە گەڕەکەکانى گازی پاشا، یەشیل یورت، عیسمەت پاشا، دیجلە، جومهوریەت، باخچەلیڤەلەر و یەنى محەلەى شرنەخ زیاتر لە سەدا ٧٠ خانووى هاووڵاتییان خاپوورکران. زۆربەى خانووەکان بەهۆى هێرشى تۆپخانە و تانکەکانى دەوڵەتەوە خاپوور بوون. بەپێى راپۆرتەکانى خۆیان ٣٠٠ خانوو لەو گەڕەکاندا "زیانیان پێنەگەیشتووە"، بەڵام دواى ماوەیەک دەوڵەتى تورکیا ئەو ٣٠٠ خانوویەى رووخاند.

ئەو گەڕەکان بە تەلی دڕکاوى دەورووبەریان گیرا. فەرمانگەى گەشەپێدانى خانوو (تۆکی - TOKÎ)ی سەر سەرۆکایەتیى حکومەت و سەرۆک وەزیران، دەستیکرد بە دروستکردنى خانوو. دەبوایە بەپیى پلانەکەى تۆکی لە ماوەیەکى کەمدا ١١ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانى شرنەخ، جزیر، هەزەخ و سلۆپى دروستبکرایە، بەڵام هێشتا دواى ٢ ساڵ، تۆکی ٦ هەزار و ٥٠٠ یەکەى نیشتەجێبوونى لە ناوەندی شرنەخ تەواو کردووە.

ئاماژە بەوەدەکرێت، یەکە نیشتەجێ تەواو کراوەکان لە ئێستادا بۆ هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێن. هاووڵاتییانى شرنەخ دەڵێن "لە رێگەى تۆکی- یەوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران داواى دەنگمان لێدەکەن و هەوڵ دەدەن گوشارمان لەسەر دروست بکەن. دواى ئەوەى شارەکەمان خاپوورکرا، خانووەکانمان بە بۆردومانکران و خانووەکانیان بەسەردا رووخاندین و بە بەرچاوى ئێمەوە کەسوکارەکانمان بەشێوەى زۆر دڕندانە کوژران و بە هاوین و زستان ئێمە لە خانووەکانمان بێبەشبوون و بەهۆى ئەو زوڵمەوە هاوین و زستانى سەختمان لە بێ خانوویدا بەسەر برد، ئیتر هیچ بۆ ئاکەپە نەماوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەر یەکە نیشتەجێبووەکاندا داواى دەنگمان لێدەکات، بەس ئەوە قبوڵ ناکەین. سەربارى ئەو کاولکاری و کوشتارە، هێشتا چاوەڕوانى دەنگى ئێمەیە. چەند ڕووڕەشییە بۆیان، کە سیاسەتى بەوشێوەیە بەرامبەر بە خەڵک بەڕێوەدەبەن".

لە بەرامبەر یەکەى نیشتەجێبووندا دەنگیان دەوێت!

شرنەخییەکان رایانگەیاند "بەشێوەیەکى دادپەروەرانە قەرەبوو نەکراوینەتەوە. حکومەتى ئاکەپە ٢ ساڵە هەڕەشەمان لێدەکان و هێرش دەکاتە سەرمان، بەڵام ئێستا لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى هەڵبژاردن هاتووە، دەیەوێت لە بەرامبەر یەکەى نیشتەجێبوونى تۆکی-دا دەنگى پێ بدەین. ئێمە باش دەزانین کە چیى بەسەرماندا هێناوە و باشیش دەزانین کە دەبێت چى بکەین. ئێمە زۆر جار دوژمنایەتیى ئەم دەوڵەتەمان بەرامبەر بە گەلی کورد بینیوە. ئیتر ئێمە بڕوا بە درۆکانى حکومەت و دەوڵەت ناکەین. ماڵەکانیان خاپوور کردین، کەسورکارەکانیان کوشتین، مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەکانیان لەناوبردین، چەندین مانگ لە دۆخى قورسى زستان و برسیبووندا راگیراین، بەڵام سەربارى ئەوەش چاوەڕێى هیچمان لە دەوڵەت نەکرد، بەڵام ئێستا ئەو دەوڵەتە هاتووە پێمان دەڵێت، پشتیوانیى لێ بکەین. گەل باش دەزانێت دابەشکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ و هەوڵەکانى دەوڵەت بۆ ئەوەیە دەنگى ئێمە بۆ خۆى ببات، بەڵام گەل بڕیاریداوە و دەنگ بەو کەسانە نادەن، کە شارەکەمان و ماڵەکانمانیان بە تۆپ و تانک و شۆفێڵ بەسەرماندا خاپوور کرد".

ر.م