ئایینە جیاوازەکانی کوردستان داوای هەڵوێست لە دژی تورکیا دەکەن

پیکهاتە و بیر و باوەڕە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بانگەواز لە گەل و حکومەت دەکەن، لەمەڕ داگیرکاریی تورکیا بێدەنگ نەبن و بەرەنگاری ببنەوە. هەروەها دەڵێن، ئەگەر تورکیا ئەمڕۆ قەندیل داگیر بکات سبەی کەرکوکیش داگیر دەکات.

 لەگەڵ زۆربوونی هێرش و داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باشووری کوردستان توڕەیى پیکهاتە جیاوازکانی باشووری کوردستانیش بەرامبەر ئەو سوپا داگیرکەرە زیاتر دەبێت. دەربارەی هێرشی داگیرکاریی تورکیا و ئامانجەکانی، پێکهاتە جیاوازەکانی باشووری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF)) قسەیان کرد.

ئاشنا عەبدولقادر پیری زەردەشتییە و دەڵێت: ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکەین بۆسەر خاکی باشووری کوردستان، ئێمە چاومان لەیەک بەستە خاکی هیچ گەلێک نییە و داگیرکاریش لە هیچ کەسێک قەبووڵ ناکەین و ئامادەین خۆمان بەکوشت بدەین لە پێناو خاکی خۆماندا.

هەروەها ئاشنا عەبدولقادر داوا لە حکومەتی هەرێم وعێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، کە لەمەڕ ئەو داگیرکارییەی تورکیا بێدەنگی بشکێنن و هەڵویستیان هەبێت.

سەید سەرحەد کاکەیی سەرۆکی ڕێکخراوی و یارسان بۆ گەشەپێدانی مرۆیی دەڵیت: لە کاتى داگیرکردنى عەفرین لەلایەن ئەردۆغان دیکتاتۆری تورکیاوە، وتم، لە دوای عەفرین هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان. ئەوەتا ئێستا تورکیای داگیرکەر هاتووە بۆ باشوور و دەیەوێت قەندیل داگیر بکات. بێگومان ئەگەر ئەمڕۆ قەندیل داگیر بکات ئەوە سبەی کەرکوک داگیر دەکات و دوو سبەی کرماشان، بۆیە دەبێت هەموو تاکێکی کورد هەڵوێستی هەبێت و بەشدار بێت لە بەگژاچوونەوەی ئەوە داگیرکارییەدا.

 عەبدولکەریم شارباژێری مامۆستای ئایینی ئیسلام و وتار خوێن داوا لە تورکیا دەکات، کە چاو بە مێژووی کوردستاندا بخشێنێتەوە، چونکە هەموو دوژمنانی گەلی کورد ویستویانە گەلی کورد لەناو ببەن، بەڵام لە ئەنجامدا خۆیان لە ناوچوون.

مامۆستا عەبدولکەریم شارباژێری داوا لە گەنجان دەکات، گەشە بە ڕووحی نەتەوەیی بدەن و مل بۆ دووژمن کەچ نەکەن و پێشەنگایەتیی کۆمەڵگا بکەن و ڕووبەڕووی دوژمن ببنەوە، چونکا بەگوێرەی ئایینی ئیسلام واجبە لەسەرشانمان، کە وڵاتەکەی خۆمان بپارێزین و بەرگریی لی بکەین.

ر.م