ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی لە ئامەد؛ ٥ کەس دەستگیرکران

لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسیی دەوڵەتى تورک دا لە ئامەد ٥ کەس دەستگیرکران.

بە فەرمانی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئامەد ئۆپراسیۆنی پاکتاوی سیاسی بەڕێوەچوو و هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییان.

لەو هەڵکوتانە سەر ماڵاندا ئەشرەف مامەد ئۆغڵو ئەندامی ئەنجومەنى هەدەپە، رەمەزان دەنگیز ئەندامی ئەنجوومەنى دەبەپە، سوزان ئیشبیلەن ئەندامی کۆمەڵەى ژنانی رۆسا، حەسەن کالە بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپە و حەسەن خەیری ئەرۆگلو سەرۆکی لقی ژمارە یەکی کۆنفیدراسیۆنى سەندیکاى کرێکارانى پێشڕەو و شۆڕشگێڕ (دیسک - DÎSK) دەستگیرکران.

هەروەها هەڵیشیانکوتایە سەر ماڵی گوڵستان نازلەر ئەندامی کۆمەڵەى ژنانی رۆسا و سەرباری ئەوەى بڕیاری دەستگیرکردنی هەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەى لە ماڵ نەبوو دەستگیر نەکرا.

ئەو ٥ کەسە دەستگیرکراوە لە ئامەد رەوانەى لقی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد کران.

ئاماژە بەوەش دەکرێت، کە ئەگەری ئەوە هەیە ژمارە کەسە دەستگیرکراوەکان زیاتر لەو ژمارەیە کە تا ئێستا بڵاوکراوەتەوە.

ژ.ت