دیداری شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی کۆتاییهات

دیداری شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی  گەلان کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، کۆتاییهات.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی  گەلان (دەم پارتی) کە لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پێکدەهات، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ سەردانی دوورگەی ئیمرالی کرد.

کەمێک پێش ئێستا، شاندەکە کە ماوەی دیدارەکەیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، لە دوورگەی ئیمرالی گەڕایەوە.

وا باس دەکرێت، کە شاندەکە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ڕاگەیاندراوێکی نووسراو بڵاو بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی مێژوویی بڵاودەکاتەوە و دواتر شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، هەروەها لەلایەکی دیکەوە لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گرووپێک لە گەریلاکانی ئازادیی لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەکەکانیان لەناودەبەن.

هەریەک لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی "پەروین بوڵدان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل" پێشتر لە ١٨ـی ئایار سەردانی دوورگەی ئیمرالییان کردبوو و دیداریان ئەنجام دا، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەدابوو، پێویستی بە پەیمانێكی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە.

لە کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر چارەسەر پرسی کورد تا ئێستا، شاندی ئیمرالی دەم پارتی شەش جار سەردانی دوورگەی ئیمرالی کردووە و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیداری ئەنجام داوە.