ئێران لە سنووری بازید گەنجێکى کوردی کوشت
پاسدارانى ئێران لە سنووری بەلاسۆر تەقەیان لە کاسبکاران کرد و بەو هۆیەوە گەنجێکى کورد بە ناوی هاشم تیلاڤەر شەهید کرا.
پاسدارانى ئێران لە سنووری بەلاسۆر تەقەیان لە کاسبکاران کرد و بەو هۆیەوە گەنجێکى کورد بە ناوی هاشم تیلاڤەر شەهید کرا.
سەربازانى ئێران لەسەر سنووری تورکیا – ئێران دا و لە گوندی بەلاسۆر لە ناوچەى بازید لە پارێزگاى ئاگری تەقەیان لە کاسبکاران کرد.
سەربازانى ئێران تەقەیان لەو گەنجان کرد، کە دەیانخواست بپەڕێنەوە بۆ تورکیا. لەو هێرشەدا هاشم تیلاڤەر بە قورسی بریندار بوو. تیلاڤەر ماوەیەکی زۆر بە برینداری لە شوێنى تەقەلێکردنەکەدا مایەوە و دواتر ئامبولانس لە شاری قەلەنیی ئێرانەوە رۆیشتووە و گواستویەتییەوە بۆ نەخۆشخانە.
٤ کەسیش دەستگیرکراون
شایەتحاڵەکانى ئەو رووداوە رایانگەیاند، ئامبولانسەکە دواى چەند کاتژمێرێک و بە دواکەوتنێکى زۆرەوە چووەتە شوێنى رووداوەکە و دواى ئەوەى تیلاڤەر خراوەتە ناو ئامبولانسەکە، ئامبولانسەکە بە رێگەیەکى هەڵەدا رۆیشتووە بۆ شوێنێکى تر و دواى چەند کاتژمێری تری گەیشتووەتە نەخۆشخانە.
راگەیاندرا، تیلاڤەر لە رێگادا بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە گیانى لە دەستداوە. سەرباری ئەوەش ٤ گەنجی تر بە ناوەکانى یونس تیلاڤەر، سامەت تیلاڤەر، یوسف یگیت و نەوزاد یگیت لەلایەن پاسدارانى ئێرانەوە دەستگیرکراون.
تەرمەکە ئەمڕۆ وەردەگیرێتەوە
تەرمی تیلاڤەر لە شاری قەلەنی لە ئێران راگیراوە و ٤ کەسەکەى تریش لەو شارەدا دەستبەسەرن. هاووڵاتییانى گوندەکان لە دواى رووداوەکە لەگەڵ بەرپرسانى ئێرانی کۆبوونەتەوە و داواى وەرگرتنەوەى تەرمەکەیان کردووە. بەرپرسانى دەوڵەتى ئێرانیش رایگەیاندووە، سبەى (واتە ئەمڕۆ) تەرمەکیان پێدەدەنەوە. چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ بنەماڵەى تیلاڤەر بچنە سەر سنووری ئێران و تەرمەکە وەربگرنەوە.
بنەماڵەى تیلاڤەر: بەبێ ئاگادارکردنەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردوون
بنەماڵەى تیلاڤەر لەبارەى ئەو رووداوەوە رایانگەیاند، کاتێک ئەو پۆلە گەنجە خواستویانە بپەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەبێ ئەوەى لەلایەن پاسدارانى ئێرانەوە ئاگادار بکرێنەوە و پێیان بوترێت "راوەستن" دەستڕێژی گولـلەیان لێکردوون.
ر.م