ئێزدیەکانی شەنگال جەژنی جەمایان لەسەر مەزاری شەرەفەدین پیرۆز کرد

ئێزدیەکانی شەنگال دوای شەش ساڵ لە هێرشی چەتەکانی داعش، بۆ یەکەمجار جەژنی جەمایان لەسەر مەزاری شەرەفەدین لە نزیک چیای شەنگال پیرۆز کرد.

بە ئامادەبونی هەزاران ئێزدی شنگال و دەوروبەری، بەیانی ئەمڕۆ جەژنی جەما لەسەر مەزاری شەرەفەدین لە بناری چیای شەنگال پیرۆز کرا.

مەزارگەی شەرەفەدین، یەکێکە لە ناسراوترین و دیارترین مەزارگەکانی کوردانی ئێزدی کە دەکەوێتە بناری چیای شەنگال و کەسایەتیەکی دیاری ئێزدیەکانە.

کاتێک لە تەمووزی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، بەشێکی زۆری ئێزدییەکان توانییان ئەو مەزارە بپارێزن لە دەستی چەتەکانی داعش کە زیاتر لە لە ١٠ هێرشی کرایە سەری و شکستی پێ هێنرا، ئەم مەزارگەیە ئێستا یەکێکە لە پەرستگا بەنێوبانگەکانی جیهان و ئەمساڵیش بۆ یەکەمجارە بەو گەرموگوڕییە جەژنەکەی تێدا سازدەکرێت.

گەلی ئێزدی هەڵگری چەندین تایبەتمەندی و نەریتی ڕەسەنی خۆیانن، لە مێژووی خۆشیاندا دووچاری چەندین هێرش و کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە.

ئێزدیەکان لە هەر شوێنێک بژین و بە هەر زمانێک بدوێن، هەوڵدەدەن کلتور و نەریتی خۆیان بپارێزن و لەسەری بژین، یەکێک لەوانەش ئەمڕۆژەیە کە بە جەژنی جەمای شەرەفەدین دەناسرێت.

ف.ق