ئەرزینجان: کێ لەگەڵ کورد هاوپەیمان بێت سەردەکەوێت

بەسێ ئەرزینجان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) سەرنجی راکێشایە سەر رۆڵی ستراتیژیی کورد لە تورکیا و وتی: "کێ باشتر هاوپەیمانی لەگەڵ کورددا  بکات سەردەکەوێت".

ئەو ئەندامەی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەکانی ژنانى کوردستان (کەژەکە - KJK) میوانی بەرنامەی 'ئولکەدەن'ی تەلەفزیۆنی میدیا هەبەر بوو و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس ئارارات سوڤەی دایەوە.

ئەرزینجان رایگەیاند، تێکشکاندنی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبول بۆ هێزە دیموکراسییەکان جێگەی دڵخۆشییە و دۆخێکی ئەرێنییە و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەنجامە هاوکات ئاکەپە - مەهەپەی هەژاندووە.

ئەرزینجان سەرنجی راکێشایە سەر رۆڵی گەورەی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا و وتی: "دەنگدەرانی کورد رۆڵێکی ستراتیژییان گێڕا. هەم لەڕووی ژمارەى دانیشتوان و هەم لەڕووی کۆمەڵایەتی - ئابووری- سیاسییشەوە ئەستنەبول شارێکی ستراتیژییە. لە شارێکی بەو شێوەیەدا بەکارهێنانی دەنگی هێزە دیموکراسیی و ئازادییەکان لەدژی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە و ئەو ئەنجامەی، کە دەرچوو بۆ دیموکراسی تورکیا، بۆ کێشەی کورد زۆر گرنگە".

ئەرزینجان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ئەنجامە گورزێکی قورسە، کە لە فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە دراوە.

"گەلی کورد لە سەرتاسەری تورکیادا خاوەن دەنگێکی ستراتیژییە"

ئەرزینجان ئەوەشی وت: گەلی کورد لە تورکیا خاوەن دەنگێکی ستراتیژییە وتی: "گەلی کورد بە رێکخستن کراوە، خاوەن ئایدیۆلۆژیا، رێبەرایەتی و پێشەنگایەتییە. لەبەر ئەوەش تێدەکۆشێت و بەرخودان دەکات. کاتێک لەو لایەنەوە هەڵبسەنگێندرێت، دەبینرێت کە کێ باشتر و زیاتر لەگەل کورد هاوپەیمانى بکات سەردەکەوێت. ئەوەش لە هەڵبژاردنی ئەستەنبولدا جارێکی دیکە دەرکەوت. دۆخی هەڵبژاردنی ئەستەنبول دۆخێکی هۆشیارانە بوو. نەک تەنیا گەلی کورد، هێزە دیموکراسییەکان و هەموو ئەوانەی دەنگ بە هەدەپە دەدەن بە هۆشیارییەوە ئەو کارەیان کرد. سەرکەوتنی ئیمامۆغلوو بەو شێوەیە بوو. لەبەر ئەوەش دەبێت بەپێی ئەوە هەڵسوکەوت بکرێت. لە ئەنقەرەش بە هەمان شێوە بوو، لە ئەدەنە و مێرسینیش بە هەمان شێوە بوو. لەو ناوچانەش بە دەنگی کورد بوونە سەرۆکی شارەوانی. دەبێت ئەوە بزانرێت، پێوەری "کورد بێ تورک نابێت، تورک بێ کورد نابێت" رێبەرەکەمان ئاماژەی پێکرد و لەو چوارچێوەیەدا بوو. بە یەکێتیی گەلان ئاشتی دەتوانێت سەربکەوێت".

لەبارەی داهاتووشەوە ئەرزینجان وتی: "زۆر گرنگە هاوپەیمانیى دیموکراسی بەهێز بکرێت. ئەو دۆخ و کەشەی لە ئەستەنبۆلیش هاتەگۆڕێ، دەبێت بۆ تورکیا بەکاربهێندرێت. بناغەی قازانج و سوودێکی زۆر گرنگ دەرکەوت".

"گرنگ تێکۆشانەکەمانە"

ئەرزینجان باسی لەوەشکرد، رژێمی ئاکەپە - مەهەپە بە هەڵبژاردنی ئەستەنبول گورزێکی گەورەی بەرکەوت و وتی، "دەبێت هاوپەیمانیى فاشیست لەوە تێبگات، کە بە هێرشکردن نە لەناو تورکیا و نە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ناتوانێت خۆی بەهێز بکات. هاوپەیمانیی فاشیست لاواز بووە. لەوانەیە ئەو هاوپەیمانییە فاشیستییە بیەوێت بەپێى سیاسەتەکانی پێشتری، بە هێرشەکانی لە دژی رۆژئاوا، خواکورک و هێزە دیموکراتییەکانی ناو تورکیا بەردەوام بێت. ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین؛ دۆخی ئاکەپە لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتییەوە ڕێگەی پێ نادات بە ئاسانیی ئەو کارە بکات. رەوایەتیی نەماوە. هەتا ئێستا بە هەڵبژاردن رەوایەتیی بۆ خۆی پەیدا دەکرد، ئیتر ئەوەش ناتوانێت بکات. ئیتر دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەستەنبول رەوایەتیی نەماوە. هاووڵاتییانی تورکیالە هەڵبژاردنی ئەستەنبول ئەوەیان بینی و بۆیان دەرکەوت. هێزە نێونەتەوەییەکانیش ئەوەیان بینی. هەرچەند بیەوێت وەک جاران لە سیاسەتە هێرشکارییەکانی بەردەوام بێت، هێندەش زووتر کۆتایی پێدێت. لێرەدا ئەوەی گرنگە تێکۆشانەکەمانە".

پ.د.ک بە دەستی خۆی خاکەکەی رادەستی دەوڵەتی تورک دەکات، تێگەیشتن لەو دۆخەکە سەختە

بەسێ ئەرزینجان داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان و هاوکارییەکانی پ.د.ک بۆ دەوڵەتی تورک کە چەندین ناوچەی رادەستی سوپای تورک کردووە هەڵسەنگاند و وتی: "تێگەیشتن لە حەقیقەتی پ.د.ک هەندێک سەختە. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەندێک دەستکەوت بەدەستهاتوون. لەوێ حکومەتی هەرێم دروست بووە. شانسێکی گرنگیان بەدەستهێنابوو. لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییشدا دەناسران، بەڵام ئێستا پارتی دیموکراتى کوردستان (پ.د.ک – PDK) بە دەستی خۆی دەستکەوتەکانی رادەستی دەوڵەتی تورک دەکات. مرۆڤ لەو شتە تێناگات. دەیانتوانی لەدژی تورکیا هەڵوێستێکی زۆر بە ئیرادەتریان نیشان دابایە. تێگەیشتنی ئەوە سەختە کە بۆچی لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک خۆیان بە لاواز دەبینن. ئەوە لە کاتێکدایە، کە دەیانتوانی زۆر جیاوازتر لەوەى ئێستا بوونایە".

ر.م