ئەو کەسانە كێن لە ناو ڤیدیۆکەی هوقەباز دا بە تورکی قسە دەکەن

ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڤێدیۆی کوشتنی بەرپرسەکەی میت لە ڕیستورانتی هوقەبازی هەولێر بڵاوکردەوە و دەنگی ئەو کەسانەی بڕیوە، کە لە ڤیدیۆکەدا بە تورکی قسە دەکەن.

 

ئەمڕۆ ڕاگەیاندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڤیدیۆیەکی یەک خولەکییان بڵاوکردەوە و ئیدعای ئەوە دەکەن، کە ڤیدیۆی کوشتنی بەڕێوەبەرەکەی میتی تورکە لە ڕیستورانتی هوقەبازی هەولێر، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەو کەسانەی لە ناو ڤیدیۆکەدا  دەنگیان درچووە بە تورکی قسە دەکەن. لە ڕاگەیاندنەکانی پارتی دا دەنگی ئەو کەسانیان بڕیوە، کە بە تورکی قسە دەکەن، بەڵام هەمان ڤیدیۆ لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە دەنگ و قسەی ئەو کەسانەی بە تورکی تیادایە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە ڕیگای چەند سەرچاوەیەکی  تایبەتەوە  ئاشکرای کرد: شاندێکی ١٧ کەسیى میتی تورکی، کە جێگری هاکان فیدان سەرۆکى دەزگاى سیخوڕیى میت-یشی لە ناودایە لەگەڵ ئەندامانى دەزگاى "پاراستن" دەستیان کردووە بە ئەشکەنجەدانى مەزڵوم داغ و محەمەد بەشیکسیز بۆ ئەوەى ئەو دانپیادانە واژۆ بکەن، کە پێشتر بۆیان ئامادە کراوە.

هەر رۆژێک لە دواى راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ئەو ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە، کە کەسانێک بە تورکی تیایدا قسە دەکەن. ئەو کەسانەش لە ناو ڤیدیۆکەدا دەنگیان دێت و بە تورکی قسە دەکەن هەر هەمان ئەو شاندەی میتی تورکن و بە حساب سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڤێدیۆکە.

دەنگی ئەو کەسانە، کە بەتورکی لەسەر ڤیدیۆکە قسە دەکەن زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) پشتڕاست دەکاتەوە، کە شاندەکەی دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە دەکات، بەڵام دەربارەی گرتنە دەستی ئەو دۆسییە لەلایەن میتەوە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هێزە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکان بۆ ڕای گشتی و ڕاگەیاندنەکان و دەزگا میدیاییەکان بڵاونەکردووەتەوە.

 

***

 

ر.م