باشوور ناڕازییە له به‌رانبه‌ر چاوساغی پەدەکە بۆ داگیرکەران
ناڕازیبوونی گەلی باشووری کوردستان لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر دەبێت. به‌شێك له سیاسه‌تمه‌داران و لایه‌نه‌كان له‌وباره‌یه‌وه هۆشداری ده‌ده‌ن.
ناڕازیبوونی گەلی باشووری کوردستان لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر دەبێت. به‌شێك له سیاسه‌تمه‌داران و لایه‌نه‌كان له‌وباره‌یه‌وه هۆشداری ده‌ده‌ن.
هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی برادۆست، قەندیل و زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ی هەرێمی باشووری کوردستان بەردەوامە. زۆرێک لە ماڵپەڕ، ڕۆژنامە و ناوەندەکانی ڕاگه‌یاندن لە باشوور، ئەو هێرشە داگیرکاریانە نابینن، به‌ڵام هەفتەنامەی هەواڵ کە لە کەرکوک دەردەچێت، هێرشە داگیرکارییەکانی کردە مانشێتی ئەم هەفتەیەی ڕۆژنامه‌كه.
«زۆر مەترسیدارە»
پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق شوان داودی دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ڕۆژنامەکە دواوه و ڕایگه‌یاندووه: هێزەکانی تورکیا بەبێ ئەوەی ڕێگرییان بۆ دروست بکرێت لە لایەن حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، بەردەوامیی بە هێرشە داگیرکارییەکانی خۆیان دەدەن. بە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی هێرش ده‌كه‌ن.
داودی ڕاشیگه‌یاند: هەروەک ئەوەی کە بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگەیان پێدرابێت سنووری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ببەزێنن، بێدەنگی هەیە. بۆیە دەبێت باش بزانین کە ئەمە هەوڵێکی کراوەیە بۆ داگیرکردنی تەواوی باشووری کوردستان. ئه‌م داگیركارییه بۆ باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوای کوردستان و عێراق دۆخێکی زۆر مەترسیدارە.
شوان داودی ئاماژه بە بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەکات و دەڵێت: نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە چاودێریی عێراق دەکات، دەربارەی هەر شتێک کە لە عێراق ڕوودەدات، کاردانەوەیەکی هەیە. بەڵام هەتا ئێستا دەربارەی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان و عێراق هیچ شتێکی نەگوتووە و هیچیشی نەکردووە. بەڕاستی ئەمە جێگەی گومانە.
«هەندێک هێز بوونەتە چاوساغی داگیرکەران و پێشوازییان لێ دەکەن»
گوتەبێژی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بڵند شاڵی به ئاماژەكردن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان - پەدەکە، به هەفته‌نامه‌كه‌ی ڕایگەیاندووە، هەندێک هێز هه‌ن كه له‌نێو بازاڕی شاری دهۆک پێشوازی لە تورکیای داگیركه‌ر دەکەن.
شاڵی هەڵسەنگاندنی بۆ هه‌ڵوێستی فه‌رمیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان كردووه كه چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا ڕایگه‌یاندبوو: «هێزەکانی تورکیا به‌هۆی بوونی پەکەکە هاتوونەتە هەرێم.» به گوته‌ی بڵند شاڵی، ئەو لێدوانە بەناوی حکوومەتی هەرێمەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە لێدوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لێدوانی پەدەکەیە.
گوتەبێژی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژه‌ی به ڕۆڵی په‌ده‌كه له‌م داگیركارییه كرد و ڕایگه‌یاند: هەندێک هێز لە باشووری کوردستان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوون بە چاوساغ و ڕێپیشانده‌ری هێزەکانی تورکیا بۆ ئەوەی دەربازی خاکی کوردستان بن.
«ئه‌م داگیركارییه لە دژی قانوونه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه»
دلێر ماوه‌تی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه و شەهیدان له په‌رله‌مانی كوردستان له لێدوانی‌دا بۆ هه‌فته‌نامه‌كه جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی پیشمەرگە نییه و ئه‌وان بۆ داگیركاری هاتوون.
ماوه‌تی گوتیشی: هێزەکانی تورکیا بەشێوەیەک کە لە دژی قانوونه نێودەوڵەتییەکانە، بۆ داگیرکردنی خاکی وەڵاتێکی سەربەخۆ سنووریان بەزاندووە. ئەم مامه‌ڵه‌یه‌ش پێشێلكردنی قانوونه و قه‌یرانی هه‌رێمه‌كه سەختتر دەکات.
s.m