باهادر لە چالاکیی مانگرتندایە؛ رۆژ رۆژی دانیشتن نییە

ئەحمەد جان باهادر ماوەى ٨٠ رۆژە لە بەندیخانەی تارسوس لە چالاکیی مانگرتندایە و ڕایگەیاند، نەخۆشیی زیندانیانى مانگرتوو قورستر بووە و هەندێکیان لە کاتى رشانەوەدا خوێن هەڵدەهێننەوە.

بەرخۆدانی چالاکیی مانگرتن لە خواردن و رۆژووی مردن بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دێموکراتیک (کەجەدە - KCD) دەستی پێکردووە و ئەو چالاکییانە لە بەندیخانەکاندا بەردەوامن.

هەزاران بەندکراوی پەکەکە و پاژک لە بەندیخانەکاندا لە دژی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە چالاکیی مانگرتن لە خواردندان.٣٠ بەندکراوی تر لە دژی گۆشەگیری لە چالاکیى رۆژووی مردن دان.

یەکێک لەو بەندکراوانە، کە لە چالاکیی مانگرتن لە خواردندایە ئەحمەد جان باهادرە. باهادر لە بەندیخانەی جۆری تیی ٣ی تارسوس بەندکراوە. لە ١ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٠ی رەشەمەوە و ماوەی ٨٠ رۆژە لە چالاکی مانگرتندایە. باهادر لە رێگەی خانەوادەکەیەوە ئەم زانیارییانەى خستووەتەڕوو و وتویەتی "ورە و مۆراڵ و هێزی بەندکراوان باشە، بەڵام تەندرووستیان بەرەو خراپی دەڕوات. من لەگەڵ ١٩ هاوڕێی خۆم لە ١ی ئادارەوە دەستمان بە مانگرتن کردوو. هەندێک لە هاوڕێکانم خوێن هەڵدەهێننەوە".

وتوشێتى "تەندرووستیی ئەرجان و محەمەد ناجێگیرە. تاوەکو دێت تەندرووستییان بەرەو خەراپبوون دەڕوات. بێحاڵن و گێژ دەبن. ئیمە داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دێموکراسی و ئۆپۆزسیۆن دەپارێزن، لە دەوری دایکان یەک بگرن و هێزیان بدەنێ، چونکە چالاکیی دایکان زۆر پیرۆزە. لە ئێرەدا شتێک کە ئێمە دەکوژێت بێدەنگییە. دەبێت هەر کەس گوێ لە ویژدانی خۆی بگرێت. دەبێت هەموو کەسانی خاوەن ویژدان دەنگیان بەرز بکەنەوە."

مردنیش هەبێت ئێمە دەست لەو داوایە بەرنادەین

باهادر دەستێوەردانەکانی دژ بە دایکانی شەرمەزار کرد و ئەوەشی وت: "دەبێت هاوڕێ گەنجەکانمان هەستنە سەر پێ. دەبێت گەنجان خاوەندارێتی لە دایکان بکەن. دایکانی لەچک سپی لەلایەن پۆلیسەکانەوە زوڵمیان لێ دەکرێت. رۆژ رۆژی دانیشتن نییە. دەبێت هەر کەسێک بەشداری لە چالاکی دایکان دا بکات و هێزیان پێ ببەخشن. رۆژ رۆژی بەرخۆدانە. تاوەکوو گۆشەگیری لە سەر ڕیبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێنەهێندرێت تێکۆشانەکەمان بەردەوام دەبێت. مردنیش هەبێت ئیمە دەست لە داوای خۆمان هەڵناگرین".

ر.م