باهۆز ئه‌ردال یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی بڕیارگه‌ی ناوه‌ندیی پاراستنی گه‌ل (نه‌په‌گه) له میانه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی كه‌ناڵی ئاسمانیی ستێرك تی ڤی سه‌رنجی خسته سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له دژی هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا، هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چالاكییه‌كه‌ی ڕێستۆرانتی هۆقه‌باز كه له‌م دواییانه له هه‌ولێر ئه‌نجام درا، هه‌وڵه‌كانی به‌رفره‌وانكردنی كاره سیخووڕییه‌كان له باشووری كوردستان و چه‌ندین بابه‌تی دیكه.
ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر باهۆز ئه‌رداڵ گوتی، ئه‌و كه‌سه‌ی ناوی عوسمان كۆسه-یه و له چالاكییه‌كه‌ی ڕێستۆرانتی هۆقه‌باز-ی شاری هه‌ولێر كوژراوه، دیپلۆماتكار نییه به‌ڵكوو به‌رپرسی میته له باشووری كوردستان. ئه‌و كه‌سه به‌رپرسه له شه‌هیدبوونی هاوڕێ دیار غه‌ریب (هه‌ڵمه‌ت). ڕاشیگه‌یاند، ده‌ستخۆشی له‌و گه‌نجانه ده‌كه‌ین كه چالاكییه‌كه‌یان كردووه و پیرۆزباییان لێ ده‌كه‌ین.
«عوسمان كۆسه به‌رپرسی میت بوو له باشووری كوردستان»
باهۆز ئه‌ردال ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كه‌ی هه‌ولێر گوتی، «ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته ئێمه لێدوانمان نه‌دا. ویستمان ڕاستییه‌كانی ڕووداوه‌كه ڕوون ببنه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لێكۆڵینه‌وه‌مان كرد. گه‌یشتینه ئه‌م ئه‌نجامه: یه‌كه‌م، ئه‌و كه‌سه‌ی كوژراوه و ناوی عوسمانه دیپلۆماتكار نییه. به‌ڵكوو به‌رپرسی میته له سه‌رانسه‌ری باشووری كوردستان. واته به‌رپرسی ڕێكخستنی هه‌موو ئه‌و كارانه‌یه كه میت له دژی ئێمه ده‌یكات. له‌ژێر چه‌تری میت به‌شێك هه‌یه كه ئامانج و ئه‌ركیان ئه‌وه‌یه له دژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئێمه كاره‌كان ڕێكخات و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئێمه بكاته ئامانج. پیلان و ویستی ئه‌وه‌یان هه‌یه هێرش و كاری تێرۆریستی بكه‌ن. ئه‌و كه‌سه‌ی كوژراوه به‌رپرسی یه‌كه‌می میته له باشووری كوردستان كه ده‌یه‌وێت دژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئێمه جموجۆڵی تێرۆریستی بكات. ئه‌و كه‌سه ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌و كارانه‌ی ده‌كرد.»
«پیلانی شه‌هیدكردنی هاوڕێ دیار غه‌ریب-ی داناوه»
باهۆز ئه‌ردال ڕایگه‌یاند، دوایین به‌رپرسایه‌تیی عوسمان كۆسه ئه‌و هێرشه بوو كه بووه هۆی شه‌هیدكردنی هاوڕێ هه‌ڵمه‌ت (دیار غه‌ریب) و هه‌ردوو هاوڕێكه‌ی دیكه‌مان. گوتی، «دوای ئه‌وه‌ی پیلانی چالاكی داده‌نێت و زانیارییه‌كان كۆده‌كاته‌وه، هێرش ده‌كرێته سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌تی لێیه و له‌گه‌ڵ دوو هه‌ڤاڵی دیكه شه‌هید ده‌كرێت. هه‌روه‌ها زۆر هێرشی دیكه له باشووری كوردستان ئه‌و كه‌سه ڕێكی ده‌خست. یه‌كێك له‌و ئه‌نجامانه‌ی كه ئێمه پێی گه‌یشتین ئه‌وه بوو.»
ئه‌ردال گوتیشی، «تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه، ده‌وڵه‌تی تورك له ڕۆژانی سه‌ره‌تادا ناسنامه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی ئاشكرا نه‌ده‌كرد كه كوژرا. به‌ڵام دواتر ناچاربوو و ئاشكرای كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك زانیاری‌یان شارده‌وه. هه‌موو كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت به‌شدارییان كرد له مه‌ڕاسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمه‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ڕاوێژكاری میت به‌شدار بوو. هه‌ر له مه‌ڕاسیمه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و كه‌سێكی ئاسایی نه‌بوو. ویستیان ڕاستییه‌كان پێچه‌وانه بكه‌نه‌وه و وه‌ك دیپلۆماتكار پیشانی بده‌ن.»
«ده‌ستخۆشی له‌و گه‌نجانه ده‌كه‌م كه ئه‌م چالاكییه سه‌ركه‌وتووه‌یان ئه‌نجام دا»
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا باهۆز ئه‌ردال گوتی، «به‌گوێره‌ی هه‌موو لێكۆڵینه‌وه و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی ئێمه پێی گه‌یشتووین، ئه‌م چالاكییه له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكی وه‌ڵاتپارێزه‌وه ئه‌نجام دراوه. وه‌ك چالاكیی چه‌ند گه‌نجێك ده‌رده‌كه‌وێت كه له‌دڵه‌وه په‌یوه‌ستن به بزووتنه‌وه‌كه‌مان. چونكه چالاكییه‌كانی گه‌ریلا به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵتر ده‌كرێن. بۆ نموونه، ئۆپه‌راسیۆنی ساكینه جانسز كه گه‌ریلاكان له دژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی میت ئه‌نجامیان دا ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌ت بوو. له‌م چالاكییه‌دا جۆرێك له ناپڕۆفیشیناڵی هه‌یه. به‌ڵام چالاكییه‌كه هه‌ر كه‌سێك ئه‌نجامی دابێت چالاكییه‌كی باش و سه‌ركه‌وتووه. ئێمه به ئه‌نجامده‌رانی چالاكییه‌كه ده‌ڵێین، ده‌ستان خۆش بێت و پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌ین كه ئه‌م به‌رپرسه خوێنڕێژه‌ی میت-تان سزا دا. بكوژی هاوڕێ هه‌ڵمه‌تیان كوشت كه به‌رپرسی زۆر هێرشی دیكه‌ی دژبه كوردان بوو. چالاكییه‌كی هێژایه، ئێمه پیرۆزبایی له‌و گه‌نجه وه‌ڵاتپارێزانه ده‌كه‌ین كه چالاكییه‌كه‌یان ئه‌نجام داوه.»
كاربه‌ده‌ستانی باشوور بۆ ئه‌وه‌نده نیگه‌رانن به كوژرانی ئه‌ندامه‌كه‌ی میت؟
ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێستی كاربه‌ده‌ستانی باشووری كوردستان له به‌رانبه‌ر ڕووداوی كوژرانی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی میت، باهۆز ئه‌ردال ڕایگه‌یاند، «كاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی باشووری كوردستان بۆ ئه‌ندامه بكوژه‌كه‌ی میت زۆر لێدوانیان دا. ئه‌مه‌یان به چالاكییه‌كی تێرۆریستی دانا. ئه‌و كه‌سه‌ی كوژراوه بكوژی كوردانه. كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر بووه‌ته بنكه‌یه‌ك بۆ هێرشی دژبه گه‌ریلاكانی ئازادیی كوردستان. له ڕاستیدا هه‌م وه‌ك بزووتنه‌وه‌كه‌مان و هه‌م وه‌ك گه‌ل هیوایه‌كمان هه‌بوو كه حكوومه‌تی باشووری كوردستان بۆ هاوڕێمان شه‌هید هه‌ڵمه‌ت په‌یامی سه‌ره‌خۆشی بنێرن. نه‌ك ته‌نها بۆ هاوڕێ هه‌ڵمه‌ت، به‌ڵكوو بۆ زۆر هاوڵاتیی دیكه‌ی سیڤیلی خاكی باشووری كوردستانیش كه به‌هۆی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك شه‌هید بوون ده‌بوایه سه‌ره‌خۆشی بكه‌ن. هیوایه‌كمان هه‌بوو كه لایه‌نی كه‌م بۆ هاوڵاتییانی سیڤیل لێدوانێكی ڕوون بده‌ن. به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ ده‌نگێكیان لێوه نه‌هات. سه‌ره‌خۆشییان ده‌رباره‌ی دیار غه‌ریب و هاوڕێكانی دیكه‌ش نه‌كرد. وه‌رن ته‌ماشا بكه‌ن كه ئه‌ندامێكی بكوژی میت كوژرا، بوو به ڕۆژه‌ڤی سه‌ره‌كییان. ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی ڕاست نییه. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه، ته‌نانه‌ت شه‌رمێكی گه‌وره‌یه. ئێمه له‌وه تێناگه‌ین چۆن ده‌بێت ئه‌وه‌نده پێی تێكچن. ئه‌و كه‌سه‌ی كوژراوه بكوژی كوردانه. بكوژی ده‌یان كه‌سه. ئه‌و هه‌موو لێدوانه و ئه‌و هه‌موو لایه‌نگرییه بۆ توركه‌كان ڕاست نییه.»
«زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خه‌ڵكی باكوورن و له هه‌ولێر ده‌ژین، ده‌ستگیر كراون»
ئه‌ردال گوتیشی، «پیشاندانی ئه‌م ڕووداوه وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ هێرشكردن، ڕاست نییه. له هه‌ولێر چه‌نده گه‌لی ئێمه‌ی باكوور هه‌یه، به‌نزیكه‌یی زۆربه‌یان ده‌ستگیر كراون. وارگه‌ی مه‌خمووریان گه‌مارۆ داوه. هه‌ر كه‌سێك كه له مه‌خمووره‌وه ده‌چێته هه‌ولێر ده‌ستگیری ده‌كه‌ن. ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. ئێوه چیتان له وارگه‌ی مه‌خموور ده‌وێت؟ گه‌لێكی كۆچبه‌رن. به‌هۆی گوشار، تێرۆر و زوڵمی ده‌وڵه‌تی تورك كۆچبه‌ری ئه‌وێ بوون. ئه‌م هه‌موو شتانه به‌س نین كه ئێوه ئێستا هێرش ده‌كه‌ن. خه‌ڵكی مه‌خموور چ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌م ڕووداوه‌وه هه‌یه؟ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌لی مه‌خموور به‌م ڕووداوه‌وه نییه. پێویسته ئیداره‌ی باشووری كوردستان زیاتر خوێنسارد بێت. پێویسته هه‌ڵوێستی كورد و كوردستانییان هه‌بێت. هیواكانی گه‌له‌كه‌مان له‌م ڕووه‌وه‌یه. ئه‌و لێدوانانه‌ی ده‌یده‌ن زۆر له ڕێ ده‌رده‌چن.»
«ده‌وڵه‌تی تورك ئاسایش و ئارامی باشووری كوردستان تێكده‌دات نه‌ك گه‌ریلا»
له درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باهۆز ئه‌ردال باسی له‌و لێدوانانه‌ی كرد كه باس له‌وه ده‌كه‌ن ئه‌و چالاكییه ئارامی و ئاسایشی باشووری كوردستان تێكده‌دات، گوتی، «به‌م لێدوانانه ده‌یانه‌وێت ئێمه تاوانبار بكه‌ن. ده‌یانه‌وێت هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له دژی خاكی باشووری كوردستان به ڕه‌وا پیشان بده‌ن. ده‌یانه‌وێت په‌كه‌كه به هۆكاری ئه‌م هێرشانه‌ی پیشان بده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه ڕاست نییه. هۆكاری ئه‌و هێرشانه په‌كه‌كه نییه. هۆكاری نائارامی و ئاڵۆزییه‌كانی باشووری كوردستان په‌كه‌كه نییه. هۆكاری تێكدانی ئاسووده‌یی باشووری كوردستان و هه‌موو كوردستان هه‌روه‌ها ناسه‌قامگیری به‌هۆی ده‌وڵه‌تی توركه. كردنی كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر به بنكه‌ی شه‌ڕی میت، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی بنكه و باره‌گه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك له باشووری كوردستان تا ئاستی داگیركردن، هه‌موو ڕۆژێك ده‌یان جار بۆردومانكردنی باشووری كوردستان و گونده‌كانی و كوشتنی ده‌یان هاوڵاتیی سیڤیل خۆشی و ئارامییه؟ هه‌موو ئه‌م شتانه ئارامیی باشووری كوردستان تێكنادات به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌ریلا گه‌ل و خاك بپارێزێت ئارامی تێكده‌چێت؟ ئه‌مه چ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌یه؟ ئه‌م لێدوانانه له‌گه‌ڵ ویژدان، ڕاستی و وه‌ڵاتپارێزی یه‌كناگرێته‌وه.»
s.m