باپیرە و داپیرەکان دوعا بۆ سەرکەوتنى دەمیرتاش و هەدەپە دەکەن

حاجی محەمەد گەنلی تەمەنی ٨٠ ساڵە و دەڵێت، ناتوانێت پەیوەست بە کاروخەبات ببێت بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بۆ دەمیرتاش دوعا دەکات. حامیدەی تەمەن ٨٢ ساڵیش هێز و ورە دەدات بەو کەسانەی کە سەردانی دەکەن.

کەمپەینی هەڵبژاردنی هەدەپە و دەمیرتاش لەلایەن هەواداران و لایەنگران و خۆبەخشەکانەوە بە بەهێزی بەڕێوەدەچێت. حاجی محەمەد گەنلی تەمەن ٨٠ ساڵ لە ناوچەی ئیکی کۆپرو لە ئێلح، بەهۆی زۆریی تەمەنییەوە، ناتوانێت کار بکات و ئەوەشىى زۆر پێناخۆشە، بەڵام وێنەی پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماری سەڵاحەدین دەمیرتاشی لەژێر سەرینەکەیدا دەرهێنا و نیشانی داین.

حاجی دەڵێت، تاکە شتێک لەدەستی ئەو دێت دوعاکردنە. وتیشی "لەبەرئەوەی تەمەنم زۆرە، ناتوانم بڕۆمە دەرەوە و لەناو کۆڵانەکان پەیوەستی کاروخەباتی هەڵبژاردن ببم. هەرکاتێک کە نوێژ دەکەم، بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاشیش دوعا دەکەم، کە وەک کوڕی خۆم خۆشم دەوێت، ئینشائەڵا لە ماوەیەکی کەمدا ئازاد دەبێت و دەبێتە سەرۆک کۆمار".

خۆشەویستی و مۆراڵ دەدات بەو کەسانەی کە سەردانی دەکەن

حەمیدە چاکەری تەمەن ٨٢ ساڵ لە ناوچەی قوبین-ی سەر بە ئێلح ژیان بەسەر دەبات. یەک لە وێنەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی داوە لەسەر سازەکەی (تەمبوورەکەی) و کاتێک خزم و کەسوکار سەردانی دەکەن، داوایان لێ دەکات دەنگیان بدەن بە دەمیرتاش.

حەمیدە چاکەر وتیشی "سەڵاحەدین دەمیرتاش مرۆڤێکی زۆر جوان و بێگەردە. لەخۆیەوە دیارە، کە یەکێکی بە نامووس و دروستە. لەبەرئەوە داوا لە نەوەکانی خۆم و خزم و کەسوکارەکەم دەکەم، کە هاوکاریی هەدەپە بکەن و کاریان بۆ بکەن. داوایان لێ دەکەم دەنگی خۆیان بدەن بە دەمیرتاش".

وێنە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەی هەدەپەدا دەگرن

لە گوندەکانی ئێلح منداڵان لە دەوری ئۆتۆمبێلی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی هەدەپە کۆدەبنەوە، کە وێنەی دەمیرتاشی لەگەڵ منداڵاندا پێوەیە و وێنەى لەگەڵ دەگرن.

ر.م