جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە - KCK) بابەتەکانی ڕۆژەڤی هەڵسەنگاند. بایک لەبارەی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سیاسەتی تورکیا، فەرمانی ٣ی ئاب، داگیرکردنی باشووری کوردستان، هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باکوور – ڕۆژهەڵاتی سوریا و کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئەمریکا و چارەسەریی هێڵی سێیەم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگانەکانى خۆی خستەڕوو.
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە گۆشەگیریی ئیمرالی و کێشەکانی تورکیای هەڵسەنگاند و سەرنجی ڕاکێشایە سەر راگرتنی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئۆجالان و ڕایگەیاند: "ڕیبەر ئاپۆ چیی وت؛ دوای هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیرانی٢٠١٩ / ٢ی پووشپەڕ دۆخەکە روون دەبێتەوە. چاوپێکەوتەکان بەردەوام دەبن یان نا. وتی، لە مانگێکدا دەردەکەوێت و ئێستاش دەرکەوت. چاوپێکەوتن بەردەوام نابن.
سیاسەتی پێشوویان بەڕێوە دەبەن و تووندتریش بەڕێوەی دەبەن. هەم یاسای نێونەتەوەیی، هەم یاساکانی خۆیان پێشێل کرد. وەزیری داد چیی دەوت؛ 'هیچ رێگرێک لەبەردەم چاوپێکەوتن دا نییە، دەتوانن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن'. خۆیان ئەوەیان وت، بەڵام هەر دوای هەڵبژاردن، قسەی خۆیان پێشێل کرد. بەو قسانەی کە کردیان دەرکەوت ڕێگەدان بەو چاوپێکەوتنانە لە پێش هەڵبژاردن دا بەتەواوی بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیان بووە. بەتەواوی شەڕێکی تایبەت بەڕێوەدەبەن. دەیانەوێت گەلی تورکیا بخەڵەتێنن، گەلی کورد هەڵخەڵەتێنن، مرۆڤایەتی هەڵبخەڵەتێنن. خۆی کارەکتەری ئەردۆغان – باخچەلی درۆ و خەڵەتاندنە. لەسەر ئەو بنەمایە خۆیان بەڕێوەدەبەن. ئێستا ئەو گۆشەگیرییەیان بەسەر ڕێبەر ئاپۆیاندا سەپاندووە تەنها بەسەر کەسێکدا نەسەپێندراوە، چونکە لە کەسایەتیی ڕێبەر ئاپۆدا گۆشەگیری بەسەر گەلی کورد و گەلی تورکیا و هێزە دیموکراسییەکان و ئەوانەی لەدژی فاشیزمن سەپێندراوە. تاوەکو گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ لانەبرێت، هیچکات دیموکراتیبوون لە تورکیا جێبەجێ نابێت. هیچکات کێشەکانی شەڕ چارەسەر نابن. هیچکات کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان چارەسەر نابن. ئەردۆغان – باخچەلی چییان دەوت: 'ئەگەر لە تورکیا کێشەی ئابووری هەیە، قەیرانی ئابووری هەیە، هۆکارەکەی شەڕە، شەڕیان ڕوون دەکردەوە و دەیانوت؛ ئێوە دەزانن گولـلە و بۆمب چەند پارەیان دەوێت' بە ئاشکرا بە خەڵکیان دەوت: 'پێویستە ئێوە باسی کێشەی ئابووری نەکەن. ئێوە پێویستە پشتوانی لە شەڕ بکەن. ئێمە شەڕ بەڕێوەدەبەین پێوستە ئێوەش پەسەندی بکەن. کێشەکانی شەڕ لە ئەنجامدا چەند قورس دەبن گرنگ نییە، پێویستە ئێوە هەرگیز قسەی لەسەر ئەوە نەکەن'. ئەوەیان بە ئاشکرا دەوت. بۆیە گەلی تورکیا بە گشتی، هێزە ئازادی و دیموکراسییەکان، ئەوانە لەدژی فاشیزمن، پێویستە بزانن ئەو کێشانەی لە تورکیا هەیە، سیاسەتی ئەو دەسەڵاتەیە. گەلانی تورکیا لە دژی فاشیزم، ئەوانەی دەیانەوێت لە تورکیا دیموکراتیبوون بەدی بێت دەبێت لەدژی سیاسەتەکانیان بوەستن. ئەو سیاسەتە هیچکات کۆتایی بە شەڕ ناهێنێت. لە شوێنێک شەڕ هەبێت، هەموو کێشەیەک هەیە. ئەو کێشانەی لە تورکیا ڕوودەدەن، هەمووی دەرەنجامی سیاسەتی دژی کوردە. تاوەکو زیهنییەتیان لەبارەی کوردەوە نەگۆڕێت، زیهنییەتی دیموکراتیک نەکەنە بنەما بۆ خۆیان، لەسەر ئەو بنەمایە گۆڕان لەخۆیاندا دروست نەکەن، بەردەوام شەڕی چەپەڵ لە دژی کورد بەڕێوەدەبەن. ئەو داگیرکەری و قڕکردنە بەڕێوەدەبەن. کاتێک ئەو سیاسەتە لەدژی کورد بەڕێوەبچێت گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت. ئەو زوڵمە لەسەر گەلی تورکیا بەردەوام دەبێت. کێشە ڕوودەدەن و کێشەکان قورس دەبن. هەمووان پێویستە ئەو ڕاستییە بزانن. ئەگەر لە تورکیا فاشیزم هێندە خۆی ڕێکدەخات و دەیەوێت خۆی بە تەواوی جێگیر بکات، هەموو دەستوور و یاسایەک لادەبات و هۆکارەکەشی سیاسەتی دژی کوردە. ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبرێت، ئەو سیاسەتەیە لە دژی کورد بەڕێوەدەبرێت. ئەو سیاسەتە گۆشەگیریی دەوێت، زوڵمی دەوێت تاوەکو بتوانن کورد لەناوببەن. هەر شتێک بەناوی کورد و کوردستانەوە هەبێت لای ئەوانە تاوانە. بە بۆچوونی ئەوان ڕێبەر ئاپۆ تاوانێکی گەورەی کردووە. بۆچی؟ چونکە خاوەنداریی لە کورد کردووە. خاوەنداریی لە گەلان و هێزە دیموکراتییەکان کردووە و بۆی تێکۆشاوە. لەبەر ئەوەیە، کە ئەو دڕندایەتی و زوڵمە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبەن، دەبێت هەمووان باش لەوە تێبگەن. ئەوانەی دەیانەوێت لە تورکیا ئاشتی، ئارامی دروست ببێت، کێشەکان چارەسەر ببن، ڕێگەکەی کۆتایهێنانە بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەر ئاپۆ.
ئەردۆغان - باخچەلی سیاسەتی چەپەڵ و قێزەن بەڕێوە دەبەن
هاوسەرۆکی دەستەی بەرێوبەری کەجەکە جەمیل بایک دەربارەی سیاسەتی ئەردۆغان - باخچەلی وتی،" ئێستا ئەردۆغان و باخچەلی سیاسەتی ئیتیحاد تەرەقی بەڕێوە دەبەن. وەک چۆن ئیتیحاد تەرەقی بۆ ئەوەی عوسمانی هەڵنەوەشێتەوە سیاسەتی ئیسلام – تورک-ی بۆ خۆی بە بنەمای گرتبو و دەیویست بەو شێوازە عوسمانی لەسەر پێی خۆی ڕابگرێت، بۆ ئەوەش ئەگەر (تۆ) تورک یاخود ئیسلام نەبوایایەت ڕوبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبویتەوە. ئێستاش ئەردۆغان و باخچەلی ئەم سیاسەتە بۆ خۆیان بە بنەما دەگرن و بەڕێوەی دەبەن. ئیتیحاد تەرەقی لە جەنگی جیهانیی یەکەم لەو هەلو مەرجانەدا زیهنییەتێکی بەم شێوەیەیان دروستکرد. گەلی ڕووم، پۆنتۆس، ئەرمەن و سریان، ئەمانە هەمووی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەوە. بە ڕێی ئەم کۆمەڵکوژییانەوە دەیانویست ڕەگ و ریشەی کورد لەناو ببەن. بۆ ئەوەی بتوانن نەتەوە دەوڵەت دروست بکەن. وەک چۆن ئەنوەر پاشا و تەلعەت توران لەناوبردنی گەلانیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی بتوانن دەوڵەت نەتەوەی تورک بنیات بنێن، لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا ئەردۆغان و باخچەلی ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبەن. دەیانەوێت کۆمەڵکوژی لەسەر کوردەکان ئەنجام بدەن. ئەمڕۆش لە تەواوی جیهان شەڕێکی گەورە هەیە. دەڵێن 'لە ناو لەم شەڕەدا دەتوانین ئامانجی خۆمان بە ئاسانی بپێکین'. هەتاکو کورد هەبێت دەڵێن 'ئێمە ناتوانین نەتەوە دەوڵەتی تورک سەربخەین. کورد ڕیگرە لە سیاسەتەکانمان. ئەو گەلانەی کە ئێمە کۆمەڵکوژمان کردووە کورد دەیەوێت سەر لەنوێ زیندویان بکاتەوە'. بۆیە دەیانەوێت چی لەسەر ناوی کورد و کوردستان هەیە لە ناوچەکە لە ناوی ببەن. 'بۆ ئەوەی بتوانین نەتەوە دەوڵەت جارێکیتر بنیات بنێێنەوە و کەمێک لەو خاکەى سەردەمی عوسمانییەکان، کە لە شەڕی جیهانیی یەکەم لەدەستمان چووە بە دەست بهێنینەوە' .دەڵێن؛ ئێمە دەمانەوێت جارێکیتر میساقی میلی دروست بکەینەوە. لە ناکۆکییەکان سوود وەردەگرین. ئامانجی ئەوانە کوردەکان لە ناوچەکە لەناو ببەن و دەوڵەتەکەیان گەورەتر بکەن. ئەو کوردستانەی کە لە دەستی عوسمانییەکان دا بوو چ لە ڕۆژئاوا و چ لە باشوور دەتوانین بیخەنە سەر خۆمان. لەسەر ئەو بنەمایە دەیانەوێت جارێکیتر خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بەهێز بکەن. لەم چوارچێوەیەدا شەڕ دەکەن. لە دوای هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران ئەو سیاسەتەیان بە شێوەیەکی بەهێز دایە بەر خۆیان، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی گورزێکی بەهێزیان خوارد. لاواز کران، بۆ ئەوەی لاوازیی خۆیان بشارنەوە، بۆ ئەوەی هێزی دیموکراسی لە بەرامبەر فاشیزم گفتوگۆ نەکات، بزاڤی دیموکراسی بەهێز نەبێت، کۆتایی بە فاشیزم نەهێنرێت، زوڵم و شەڕیان بۆ خۆیان بە بنەما گرت. بۆ ئەوەی پێش لە لاوازیی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی بتوانن پێش لە تەڤگەری دیموکراسی بگرن دەیانەوێت بە شەڕ دەسەڵاتی خۆیان بەردەوام بکەن. لە تورکیا دەیانەوێت جارێکیتر ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم بەهێز بکەن. بەو ڕێگایە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بەردەوام بکەن. لە دوای هەڵبژاردنەکان گورزێکی کوشندەیان خوارد، مەشروعیەتی و رەوایى خۆیان دۆڕاند. خۆیان وتیان، کێ شاری ئەستەنبوڵ لە دەست بدات تورکیا لە دەست دەدات. ناتوانێت لە تورکیا ببێتە دەسەڵاتدار و تورکیا بەڕێوە ببات. ئەوە بەدیهات، ئەمە هەموو کەس دەیزانێت.ئەگەر گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باش لە لاوازییەکەى ئەوان تێبگەن، ئەوا دەتوانن لەبەرامبەر فشار و زوڵمەکەیان بوەستنەوە و دەشتوانن باشتر تێکۆشانیان لە دژ بکەن. لەبەر ئەوەی لاوازن ئەو هێرش و شەڕ و هەڕەشانە دەکەن. شەڕی دەرونی و تایبەت بەڕێوەدەبەن.
دەوڵەتی تورکی فاشیست کورد لەناو دەبات، هەم لە ناوەوەی تورکیا هەم لە دەرەوەی تورکیا. کوردەکان، هێزە دیموکراسییەکان دەگرێت و دەیانکوژێت، ئەمە تەنها هێزی ئەردۆغان - باخچەلی نییە. سیستمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لە پشتیانە. لەو سیستمە هاوکاری وەردەگرن. ئەو دەسەڵاتە لاوازەی ئەردۆغان و باخچەلی هەر دێت و لاوازتر دەبێت. دەیانەوێت لەوە سوود وەربگرن. ئەردۆغان و باخچەلی لە سیاسەتی لەناوبردنی کورد سوود وەردەگرن و ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبەن. من ئەو دەوڵەتانە ڕەخنە دەکەم و ئاگاداریان دەکەمەوە. پێویستە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کورد نەکەنە قوربانیی خۆیان. پێویستە هاوکاریی سیاسەتی ئەردۆغان نەکەن و هاوبەشیی لەگەڵ نەکەن. هەروەها دەتوانن سوود و بەرژەوەندیی خۆیان وەربگرن. بۆ لەناو بردنی کوردەکان پێویستە هیچ کەسێک هاوکاریی ئەردۆغان - باخچەلی نەکات."
پێویستە کەس هاوکاری کۆمەڵکوژکردنی کوردەکان نەبێت
هاوسەرۆکی دەستەی ڕێوبەری کەجەکە جەمیل بایک وتی، پێویستە بۆ کۆمەڵکوژیی کوردەکان هیچ کەسێک یارمەتیدەر نەبێت و هەروەها وتیشی:" ئەردۆغان - باخچەلی لەو سیاسەتەی خۆیان، کە لە دژی کوردەکان بەڕێوەی دەبەن تەنها لە دەوڵەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری هاوکاری وەرناگرێت. هەروەها لە هەندێک لە کوردانش سوود وەردەگرن، لەبەر ئەوەی هەندێک کورد پەیوەندییان پییانەوە هەیە و هاوکاریی ئەردۆغان و باغەچەلی دەکەن. ئەردۆغان لێرە سوود لە کوردان وەردەگرێت و سیاسەتیان لەسەر بەڕێوە دەبات، دەیەوێت گەلی کورد و مرۆڤایەتیی پێ بخەڵەتێنێت. دەڵێن: ئێمە لە دژی کورد نین و لەدژی پەکەکەین. ئێمە شەڕ لە دژی پەپەکە دەکەین و بەو قسانە دەیانەوێت بە ئامانجەکانیان بگەن. لەبەر ئەوەش دەوڵەتی تورکی فاشست و داگیرکەر لە مێژوودا تا ئێستا بۆ ئەوەی گەلی کورد لەناو ببات و پارچەی بکات هەمیشە کورد خۆی بەکارهێناوە، کوردان لە دژی یەکتر بەکار هێناوە بۆ ئەوەی کورد لاواز ببن، لەبەر دوژمنایەتی نێو خۆیان سەربەرز نەکەنەوە، لە دژی یەکتر ڕاوستن و لە یەکتر بدەن، بەم شێوەیە بۆ ئەوەی کۆتایی بەکورد بهێنن، هەرکاتێک بینویانە لە هەرێمێک کورد بەهێز بووە هەرێمیکی تری کوردیان کردووە بە گژیا، یان عەشیرەتێکی کوردی بەهێز هەبوو بێت لە بەرامبەردا عەشیرەتێکی تریان لە دژی هانداوە، هەمیشە لەسەر بنەمای لێدان و پارچەکردنی کورد نەتەوەپەرستیی خۆیان پێشخستووە. لە رۆژی ئەمڕۆشدا هەمان سیاسەت بەڕێوەدەبەن، وتەیەکی بەناو بانگیان هەیە و دەڵێن: بە ئەندازەى سپی و ڕەش جیاوازییان نییە. هەروەها دەڵێن: ئەگەر کەسیك خزمەت بە گەلی خۆی نەکات چۆن خزمەت بە ئێمە دەکات'. ئەوەشیان چەندینجار ئەنجامداوە. بۆیە ئەوانەی لەگەڵ ئەردۆغان و باخچەلی کار دەکەن دەبێت ئەوە باش بزانن، کە نەک تەنها دوژمنایەتیی پەکەکە دەکەن، بەڵکو دوژمنایەتیی خۆیان و گەلی کورد دەکەن. رەنگە بۆ خۆیان بەو شێوەیە تێبگەن، کە گوایە بەو شێوازە دوژمنایەتیی پەکەکە دەکەن، بەڵام ئەگەر هاوکاریی تورکیا بکەن و شەڕی پەکەکە بکەن هەست بەوە بکەن کە قازانجێکیان دەست دەکەوێت، بێگومان ئەوە خۆ خەڵتاندنە. ئەگەر ئەمڕۆ هەندێک دەسکەوتیان بەدەستهێناوە بێگومان ئەنجامی تێکۆشانی پەکەکەیە، ئەگەر پەکەکە نەبوایە، هێچ کاتێک هیچیان بەدەستنەدەهێنا، پێوستە خۆیان بە قەرزاری پەکەکە بزانن نەک دەوڵەتی تورک، دەبێت خزمەتی سیستمی دەوڵەتی تورک نەکەن. تورکیا تەنها دوژمنی گەلی کوردی باکور و پەکەکە نییە، بەڵکو دوژمنی تەواوی گەلی کوردە، ئەوە لە باکور ڕۆژئاوا بە ئاشکرا دەبێنرێت و بۆ ئەوەی ڕای گشتی بخەڵتێنن دەڵین: لەبەر ئەوەی پەکەکە لە ناوچانەکەیە ئێمە شەڕ دەکەین، پەکەکە لە کوێ بێت ئێـمە تا ئەوی دەچین، هەندیک کوردیش لە باکور و ڕۆژئاوا دەڵێن: 'ڕاستە لەبەر ئەوەی پەکەکە لێرەیە، بۆیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئەو هێرشانە نەدەبوون'. ئەو کەسانەی بەوە شێوەیە بیر دەکەنەوە دەمەوێت نمونەیەکیان بۆ بێمنەو: لە لیبایا پەکەکەی لێ نییە، بەڵام هەموو کەس دەزانێت سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ئێستای لیبیاا دەوڵەتی تورکە، لەدەریای سپی پەکەکە لێ نییە، بەڵام دەوڵەتی تورک لەو دەریایە کێشە بۆ هەموو لایک دروست دەکات. بابەتەکە ئەوە نییە کە پەکەکە هەیە، بۆیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات، بەڵکو پەکەکە گەلی کورد و شەرەف و ناموسی ئەو گەلە دەپارێزێت، بۆیە دەوڵەتی تورک هێرشی پەکەکە دەکات. لە کەسایەتیی پەکەکەدا هێرش بۆسەر تەواوی کوردان دەکات. پێوستە کورد ئەوە ببینن و نەکەونە خزمەتی دەوڵەتی تورکیای فاشست. دوژمنایەتیی گەلی خۆیان نەکەن. لە ئێستادا کاتێک دەوڵەتی تورک لە باشوور و ڕۆژئاوا هێرش دەکات بەواتای ئەوە دێت، کە ئەو دەوڵەتە لنگی لە باشوور و ڕۆژئاوا هەیە. ئەو لنگە کوردییە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایتییەوە نییە و ئەگەر ئەوان نەبوونیایە تورکیا نەیدەتوانی هێرش بکات، چونکە لەڕێی ئەو لنگەوە هێرش دەکەن. میت چۆن لە قەندیل هەڤاڵ هەڵمەتی شەهید کرد؟ وا دیارە لە ناوچەکە هەندیک هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکەن بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی بەو شێوەیە ئەنجام بدات. ئەوە لە بەر چاوە و تورکیا دەڵێت:' سوپاکەمان و میت-ەکەمان پێکەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن'. کورد چۆن ئەوە قبوڵ دەکات، چۆن حکومەت ئەوە قبوڵ دەکات؟ ناڵیت چۆن سوپا و میتی تورک پێکەوە لێرە ئۆپراسێۆن ئەنجام دەدەن؟. پێویستە ئەوە قبوڵ نەکەن و لە دژی ڕاوەستن، چونکە وڵاتپارێزی داوای ئەوەمان لێ دەکات. وڵاتپارێزی خاوەنداریکردنە لە خۆ و لە برای خۆت، نەک ئەوەى شانبەشانی داگیرکەر دوژمنایەتیى گەلی خۆت و وڵاتپارێزەکانى خۆت بکەیت. ئەوە سوودی بۆ سیاسەتی کورد نابێت و پێوستە کورد خزمەتی ئەو سیاستە نەکات".
پەکەکە لە باشووری کوردستان دەسکەوتەکان دەپارێزێت
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، ئەگەر تێکۆشانی پەکەکە نەبوایە، تورکیا هیچ کاتێک حکومەتی باشوور و دەسکەوتەکانی باشووری کوردستانی قبوڵ نەدەکرد. بایک راشیگەیاند: " تورک بۆ خۆیان دەڵێن،' بۆ لەناوبردنی پەکەکە پەیوەندیمان لە گەڵ باشوور درووستکرد و یارمەتیمان دا. ستراتژییەکمان بەڕێوەبرد تا پەکەکە لە ناو ببەین.' بەڵام ئەمە پەکەکەی لە ناو نەبرد و خزمەتی گەلی باشووری کرد. باشوویان بەم هۆیەوە قبوڵ کرد و کورد قازانجی کرد. ئێستاش دەڵێن، ئەوە هەڵەیەک بوو و ئێمە هەڵەمان کرد. ئەمە ئێمە ناڵێین بەڵکو تورکیا بۆ خۆی دەڵێت. ئەمە راستیێکە. ئێستاش دەڵێن: ' پەکەکە پارتییەکە دوژمنایەتی باشوور و دەستکەوتەکانی گەلی باشوور دەکات.' ئەمە راست نییە. ئەمە هەڵەیەکە و لە هەمان کاتدا خەڵەتاندنی گەلی باشوورە. بۆ ئەمەش پێویستە گەلی ئێمە لە باشوور بڕوایان بەم قسانە نەبێت. تاوەکو دێت گەلی باشوور لەم راستییە تێدەگەن و دەزانن کە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ لە باشوور بەرهەمی تێکۆشانی پەکەکەیە. ئەگەر تورکیا دەوڵەتی باشووری قبوڵ کردووە، ئەمە هۆکارەکەیەتی. تێکۆشانی پەکەکە نیشانی دەدات کە دوژمنی باشوور نییە، بەڵکو دۆستی باشوورە و ئەوەی دەیپارێزێت و دەبێتە هۆی قازانجی، ئەوە پەکەکەیە. کاتێک داعش هێرشی کرد کێ یارمەتیی باشووری دا؟
گەریلاکانی پەکەکە چوون، گەلی ئێمە لە باشوور ئەمە دەزانن، دەوڵەتیش دەیزانێت. ئەگەر گەریلا نەچووبان دەیانتوانی هەتا هەولێر بڕۆن! دۆخی ئەمڕۆی باشوور رووی نەدەدا، هەر بۆیە بەرێز مەسعوود بارزانی چوو بۆ مەخمور و سپاسی گەریلاکانی کرد. لێرەدا چۆن پەکەکە زیانی هەیە. ئەگەر زیانی گەریلا هەبا ئەو کاتە نەدەچوو و سپاسیانی نەدەکرد. ئەمەش لە بەر چاوانە. زۆرتر لە هەر کەسێک پەکەکە لە هەمبەر داعش راوەستا. گەریلا، گەل و حکومەتی باشووری پاراست، شەڕەف و کەرامەتی باشوور لە لایەن پەکەکەوە پارێزرا. ئەوان قەرزداری گەریلا و پەکەکەن. ئەم راستییە چۆن ئاوەها زوو لە بیر دەکەن؟ چۆنە ئێستا لە باشوور زۆرتر لە هەر کەس پەکەکە بە مەترسی دەزانن؟ مەترسی تورکە نەک پەکەکە. سەرەتا (سەرەتای هێرشەکانى داعش بۆ سەر باشوور) دەوڵەتى تورک راوەستا. بەرێز مەسعوود بارزانی وتی لە کاتی هێرشی داعش دا تورکیا یارمەتیی نەداین. لە کاتی هێرشی داعش دیسانیش تورکیا یارمەتی نەدا. لێرەدا تورکیا چۆن دەبێتە دۆستی باشوور و پەکەکەش کە یارمەتیدەر بوو چۆن بوو بە دوژمنی باشوور؟ ئەمە راست نییە و لەبەر ئەوانەش پێویستە راستییەکان نیشانی گەل بدەین. نەک ئەوەى مرۆڤەکان درۆ بڵاوبکەنەوە و راستییەکان پەردەپۆش بکریت. گەلەکەمان لە باشوور تێدەگات، کە چی راستە. چونکە پەیوەندیی بە دونیاوە درووستبووە و دەزانێت چی راستە. بڕوامان ئەوەیە گەلەکەمان لە باشوور لە نرخ و دەستکەوتەکانی خۆی خاوەنداری دەکات. گەورترین بەهای ئەوان پەکەکە و گەریلاکانی پەکەکەن. هەر بۆیە ئەمڕۆ زۆرتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە یەکێتیی کورد هەیە. پێویستە هەر کەسێک یەکێتیی کورد بۆ خۆی بە بنەما بگرێت. ئێستا تورکیا دەیەوێت لە باشوور لە نێوانی کوردەکان دا شەڕ درووست بکات و بەم شێوازە باشوور و هێزە کوردەکان لە ناو ببات. پێویستە کورد نەکەونە داوی ئەو فێڵەوە. چونکە تورکیا دەیەوێت کورد پارچە بکات و لە نێوانیان دا شەڕ دروست بکات، بەمشێویەش بە ئامانجەکانى خۆی بگات، پێویستە کورد ئەم پارچە بوونە لابەرێت و برایەتی و یەکێتیی خۆمان بئافرێنین. خۆمان یەک بخەین و نەتەوەیی بوون پێش بخەین. لە دژی داگیرکەر و دوژمنی کوردان راوەستین. ئەوەی کە راستە و خزمەتی کورد بکات ئەمەیە. ئێمە هەموو کاتێک بۆ ئەمە ئامادەین. ئێمە یەکێتیی کورد و یەکێتیی نەتەوەیی کوردمان دەوێت. کی بۆ ئەمە کار بکات یارمەتیی دەدەین و لە خزمەتی داین. بۆ خۆمان شتێکمان ناوێت. بۆ گەلەکەمان دەمانەوێت. کێ دەڵێت من کوردم، وڵاتپارێزم و بۆ ئازادیی گەلی کورد تێکۆشان دەکەم پێویستە بانگی ئێمە بۆ خۆی بە بنەما بگرێت و لە سەر ئەم بنەمایە هەنگاو بنێت. کێ لەم بوارانەدا هەنگاو هەڵبگرێت یارمەتیدەری دەبین. بانگی ئێمە بۆ هەموو پارتەکانی کوردستان، بۆ هەموو پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان ئەوەیە؛ پێویستە هەموو کەس ئەرکی نەتەوەیی خۆی بە جێ بێنێت. بەرژەوەندیی رێکخستنی و تاکەکەسی نەخرێتە پێش و تەنها بیر لە گەل بکەنەوە. گەلی کورد نەکە قوربانیی ئەو شتانە و پێویستە هەر کەسێک نەتەوەی کورد بۆ خۆی بنەما بگرێت. بۆ دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد کار بکەن. ئێمە دەمانەوێت هەر کەسێک لە سەر ئەم بنەمایە روانگەی خۆی دیاری بکات، چونکە گەلی ئێمە چاوەڕوانی ئەوەیە.
بەرنامەی دەوڵەتی تورک داگیرکردنی خاکی سوریایە
بایک لە بەردەوامیى وتەکانیدا رووداوەکانی سوریای نرخاند و وتی، " ئێستا تورکیا هۆکاری کێشەکانە. نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە تەواوی کوردستان. لە عێراق، سوریا و دەریای سپی و لە لیبیا. تورکیا کێشەکان دروست دەکات. تاوەکو دێت، هەموو کەسێک باشتر ئەم راستییە دەبینێت. ئەوە دەبینێت تورکیا نە تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو کەسێک مەترسییە. ئەوەش دەبینن لەبەر ئەوەى گەورەترین ئاستەنگ و لەمپەر لە دژی سیاسەتەکانیان کوردەکانن، هەر بۆیە زۆر توند هێرش دەکەنە سەر کوردان. دەیانەوێت ئەم ئاستەنگییە لە ناوببەن و بگەنە ئامانجەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تاوەکو دێت باشتر ئەم راستییە روون دەبێتەوە. ئێستا تورکیا دەڵێت 'من کریدۆرێکی ئاشتی دروست دەکەم'، ئەردۆغان - باخچەلی بۆ خۆیان کارەکتەری فاشیزمن. هەموو کاتێک بەو قسانە هەموو کەسێک دەخەڵەتێنن و دەگەنە ئامانجەکانیان. ئەوەی ئەدۆغان – باخچەلی دەێڵێن، هەموو کاتێک پێچەوانەی قسەکانى خۆیان بیر دەکەنەوە. ئەوەی ئەوان دەیڵێن راست نییە و خەڵەتاندنە. ئێستا گەلی باکووری سوریا بە برایەتی پێکەوە دەژین، لەوێ سیستمێکی دیموکراتیکیان بۆ خۆیان دروستکردووە و دەیانەوێت بەرەوپێشی ببەن و دەیانەوێت لەم سیستمەدا بژین. تورکیا دەیەوێت ئەوە ناو ببات، چونکە دوژمنی ئازادی و دیموکراسییە. دوژمنی برایەتی و گەلانە. لە هەمانکات دا دوژمنی دینە. ئەوەی ئەردۆغان – باخچەلی دەیکەن هیچ پەیوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە و ئەوە زیانێکی مەزنی لێدەکەوێتەوە. بە تەواوەتی دەیانەوێت بە ناوی سیاسەتی ئیسلامیی تورک خزمەتی دەوڵەتی تورک بکەن. پێشتر لە قسەکانمدا رامگەیاندبوو،' تورکیا بەرنامەیەکی بۆ خۆی داناوە و بەپێى ئەوەش کار دەکات. لە بەرنامەکەیاندا بنەما ئەوەیە، کە چۆن کورد پارچە بکەن، لە نێوان باکوور و باشوور و باکوور و رۆژئاوادا پەیوەندیی کورد بپچڕن و لە ناوی ببەن'. لە هەمانکاتدا چۆن کورد لە ناو ببەن. چۆن کورد لە سنوورەکان دوور بخەنەوە و کەسانی سەر بە خۆیان لەو شوێنانەدا نیشتەجێ بکەن. بەم شێوازە کوردەکان لە ناو ببەن. ئەگەر ئێستا تورکیا بە پێداگرییەوە دەیەوێت خۆی بخزێنێتە باکووری سوریا و دەڵێت' ئێمە ئەوێ پارچە پارچە دەکەین و ئەو کۆچبەرانەی لە سوریا هاتوونەتە لای ئێمە لە وێ نیشتەجێیان دەکەین'. لێرەدا راشکاوانە ئامانجی خۆیان دەخەنەڕوو و دەڵێن 'کوردەکان لەوێ دەردەکەن و عەرەبە دەستەمۆکانی خۆمان لەوێ نیشتەجێ دەکەین'. هەر بەو شێوەیەى کە لە عەفرین کردیان. ' بۆ ئەوەی لە ناویان ببەین ئەم پلانەمان پێکبهێنین پێویستە هیچ کەسێک لە دژی رانەوەستێت.' ئەوان ئەمە دەڵێن و دەیانەوت ئەنجامى بدەن. هەر بۆیە پێویستە گەلی کورد ئەمە بە باشی تێبگات و بە هەموو توانای خۆیەوە لە دژی راوەستێت. گەلی باکووری سوریا پێویستە بە باشی لە ئامانجی تورکیا تێبگەن. بۆ ئەمەش پێویستە گەلانی ئەم ناوچەیە برایەتیی نێوانی خۆیان بە هێز بکەن، رێکخستن و تێکۆشانی خۆیان بەهێز بکەن و پێکەوە لە دژی داگیرکەریی تورک راوەستن. بۆ ئەمەش ئەو گەلانەی لە باکووری سوریا دەژین؛ کورد، عەرەب، ئەرمەن، سوریان، تورکمەن، چەرکەس بە هەر دین و مەزهەبێکەوە، بە هەر چاند و کولتورێکەوە، پێویستە نەتەوەی دیموکراتیکی خۆیان بە هێزتر بکەن.
پێویستە لە سەر ئەم بنەمایەوە کردار و رێکخستنی خۆتان بەهێزتر بکەن. لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و لە دژی شەڕ خۆتان ئامادە بکەن. تاوەکو بتوانن خۆتان بپارێزن. پێویستە هێزی خۆپاراستنی خۆتان ئامادە بکەن. هەروەها مەترسیی زۆر گەورەتان بەسەرەوەیە. هیچ کات لە سوریا ئاشتی بەدی نایەت و ئاشتی نزیک نییە. نەک تەنها لە سوریا، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕی سێیەمی جیهانی بەڕێوە دەچێت و بەردەوامیش دەبێت. ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو شەڕە گەورەتر بێت. هەر بۆیە کێشەیەک کە بە ئاشتی چارەسەر ببێت بوونی نییە. با کەس بە هیوای ئەوە نەبێت و خۆی نەخەڵەتێنێت. بۆ ئەمەش پێویستە گەلی باکووری سوریا هێزی پاراستنی خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بکەن. پێویستە لە هەر روویەکەوە خۆیان بپارێزن و خۆتان بەهێز بکەن. ئەوەش ئێوە دەژیێنێتەوە و لەسەر پێ راتان دەگرێت. لە دەرەوەی ئەمە هیچ شتێکی دیکە بۆ لەسەر پێ مانەوە و ژیانەوەی ئێوە بوونی نییە، ئەوەی شتانەی، کە پێش بە هێرشی داگیرکەریی تورکیا بگرێت، زۆر نین.
هێزەکانی هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەوێن. رووسیا و سوریاش لەوێن. پێویستە ئەم راستییە نیشانی هەموویان بدەن. پێویستە هەموو گەلی عەرەب تێبگەیەنن. پێویستە یارمەتیان لێوەربگیرێت و پێکەوە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بە بڕیار و چاونەترسانە راوەستن. ئەوەش بۆ ئەوان راستترین و دروستترین کارە. دەوڵەتی تورک بۆ چوونە ناو باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێداگری دەکات. دەیانەوێت هەندێک چەتە و عەرەبی سەربە خۆیان بەکار بهێنن و بچنە باکووری سوریا. گرێ سپی، شێخلەر، سەرێکانی ... دەڵێت؛ 'ئەوێ خاکی کورد نییە، بەڵکو خاکی عەرەبە، خاکی ئەو عەرەبانەیە، لە گەڵ مندان و من لە وێ جێگیریان دەکەم' وەکوو ئەوەی، کە لە عەفرین کردیان. ئێستا هەموو کەس دەزانێت دەوڵەتی تورک و چەتەکانی چی بە سەر گەلی عەفرین دا دەهێنن. نەک تەنها بە سەر گەلی کورد، بەڵکو هەموو کەسێک دەزانێت کە چ زوڵمێک بە سەر هەموو گەلانی ئەو ناوچەیەدا دەهێنن. ئەگەر تورکیا بچێتە باکووری سوریا لە عەفرین خراپتر دەکات. پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت. بۆ ئەمەش بە هەموو تواناکانی خۆتانەوە ئاستی تێکۆشان بەرز بکەنەوە".
ئێزدییەکان خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن
جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەى فەرمانى ٣ی ئاب-ەوە وتی "گەلەکەمان لە شەنگال، گەلی ئێزدیمان چەندین فەرمانیان بەسەردا هاتووە. ئەوانەى ئەو فەرمانانەیان ئەنجامداوە دەیانخواست گەلی ئێزدیمان بسڕنەوە و پاکتاویان بکەن. بۆ ئەو هەموو فەرمانە کرایە سەر کورد؟ چونکە کوردی ئێزدی رەگ و ریشەى کوردن، بناغەى کوردن. ئەوانەى دەیانەوێت کورد لە ریشەوە بسڕنەوە پێویستیان بەوەیە ئێزدییەکان لە ریشەوە بسڕنەوە. ئەوەش ئامانجی ئەو فەرمانە بوو، کە کرایە سەر شەنگال و ئێزدییەکانمان. ئەو ئێزدییانەى لە شەنگال درێژە بە ژیانى خۆیان دەدەن ژیانەوەى کوردە. پێویستە هەم گەلی ئێزدیمان باش لەوە تێبگەن و هەم هەموو گەلەکەمان و هەموو پێکهاتە و بەشەکان و ئەوانەى لە دەرەوەن بە باشی لەوە تێبگەن. خاوەنداریکردن لە شەنگال و لە کوردانى شەنگال خاوەنداریکردن لە خۆ، خاوەنداریکردنە لە مرۆڤایەتى. ئەوەى لە شەنگال خاوەنداری لە ئێزدییەکان نەکات ناتوانێت بڵێت، من کوردم، ناتوانێت بڵێت، من وڵاتپارێزم، ناتوانێت بڵێت، من بە بەهاکانى مرۆڤایەتییەوە دەژیم و دەمەوێت بە بەهاکانى مرۆڤایەتییەوە بژیم. گەلی ئێزدیمان لە شەنگال بۆ ئەوەى جارێکیتر رووبەڕووی فەرمان نەبێتەوە، پێویستە بڕوایان بە خۆیان هەبێت و بەپێى تواناکانى خۆیان، خۆیان بە رێکخستن بکەن و تێکۆشانی خۆیان پێشبخەن. جگە لە تێکۆشان نە دەتوانن بژین و نە دەتوانن شتێکیش بۆ خۆیان بە دەستبخەن. بەبێ تێکۆشان ناتوانن بژین. هەندێک دامودەزگا و هەندێک هێزیان بۆ خۆیان بونیاتناوە. دەبێت ئەو دامودەزگا و هێزانە خۆیان زیاتر پێشبخەن و بەهێزتریان بکەن. پێویستە هەموو ئێزدییەکان خۆیان بەرێکخستن بکەن. لە کۆمەڵگەى ئێزدی دا رێکخستن دروستبکەن. بۆ ئەوەى کۆمەڵگە لە هەموو هێرشەکان بپارێزن پێویستە هێزی خۆپاراستنیان پێشبخەن و گەورەى بکەن. بەهێزی خۆپاراستنیان و ئەوەى بە ئیرادەى خۆیان دروستیان کردووە دەتوانن خاوەنداری لە دوارۆژی خۆیان بکەن. ئەوەى بۆ ئەوان پێویستە ئەوەیە.
نابێت ئیرادەى خۆیان بدەنە دەست هیچ کەسێک، دەبێت خۆیان ئیرادەی خۆیان بخوڵقێنن و بیگرنە دەستی خۆیان. خۆیان بە رێکخستن بکەن، خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، خۆیان کێشەکانى خۆیان چارەسەر بکەن. چییان دەوێت بونیاتى بنێن و دروستى بکەن، ئەوە دروست بکەن. خۆبەڕێوەبەریى شەنگالیان داوەتە پێش خۆیان، ئەوە ئامانجێکى باشە. بۆ ئەوە پێویستە کار بکەن. لە ناو ئێزدییەکاندا و لە دەرەوەى ئێزدییەکانیش دا کار بکەن. لە هەموو ناوچەکان و شوێنەکاندا بۆ ئەوە هەر کارێکى سیاسی و دیپلۆماسی پێویستە ئەنجامی بدەن. خۆیان کاری راگەیاندن بۆ خۆیان بکەن. هەروەها دەبێت لە هەموو شوێنێکدا خاوەنداری لە ئایین، کولتور و رۆشنبیری و کەسایەتیى خۆیان بکەن. خۆیان بکەنە سەرچاوەى رێکخستن و رێکخراو و دامەزراوەکانیان بەهێز بکەن. هێزی خۆپاراستنیان لە هەموو روویەکەوە بەهێز بکەن. پاراستنى رەوای خۆیان بەهێز بکەن تاوەکو بتوانن لە دژی هەموو هێرشەکان خۆیان بپارێزن و رێگا نەدەن جارێکیتر فەرمان روو بداتەوە.
عێراق و باشووریش دەبێت رێز و حورمەت لە ئێزدییەکانمان لە شەنگال بگرن. ئەوان هەڕەشە لە کەس ناکەن و مەترسی نین بۆ سەر کەس. خزمەت بە هەموو کەسێک دەکەن، خزمەت بە مرۆڤایەتى دەکەن. ئەوەى خزمەت بە مرۆڤایەتى بکات دەبێت لەلایەن هەموو کەسێکەوە رێزی لێبگیرێت و هاوکاری بکرێن و داواکانیان قبوڵ بکەن و جێبەجێى بکەن. نەک بە پێچەوانەوە داواکانى خۆیان بە زۆر بەسەریاندا بسەپێنن. گەلی ئێزدیمان لە شەنگال چییان بۆ خۆیان دەوێت؟ پێویستە هەموو کەس ئەوە قبوڵ بکات. ئێمە ئەوەمان دەوێت و لەوە زیاتر هیچمان ناوێت.
ئەمڕۆ گەلی ئێزدیمان بۆ ئازادیی خۆی، بۆ ناسنامەى خۆی، بۆ بەهاکانى خۆی، بۆ کولتور و رۆشنبیریى خۆی و بۆ ئایینى خۆی تێدەکۆشێت. منیش بۆ ئەو تێکۆشانەیان سڵاویان بۆ دەنێرم. پێویستە تێکۆشانەکەى خۆیان بە بەس نەزانن و پێویستە زۆر زیاتر بەهێزتری بکەن. ئەوەى ئێزدییەکان دەپارێزێت و ئەوەى کوردان دەپارێزێت ئەنجامی بدەن و کارێک بکەن، کە دونیا رێز لە کورد بگرێت.
راستە داعش گورزێکى گەورەی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا لەناو نەچووە. دەبێت بە تەواوی لەناو بچێت. دەبێت فیکر و بیرەکەى، سیاسەتەکەى و رێکخستنەکەى لە ناوبچێت. راستە لە رووی سەربازییى گورزی گەورەی لێدراوە، بەڵام لە رووەکانى ترەوە هێشتا مەترسییەکى گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتى. هەموو کەس ئەوە دەزانێت، بۆ ئەوەش پێویستە دادگایى بکرێت و لێپرسینەوەیان لێ بکرێت. ئەوەندەى کە دەڵێن، دەبێت دادگایی بکرێت دەبێت ئەوەندەش لە دژی رابوەستن، چونکە دادگایکردنیان راستییەکان ئاشکرا دەکات. دەردەکەوێت کێ یارمەتیى داعشی داوە، کێ ئەوانەى گەورە و بەهێز کرد، کێ خواستویەتی لە رێگەى داعشەوە سیاسەتەکانى خۆی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بچەسپێنێت، هەموو ئەوانە ئاشکرا دەبن. لەوە دەترسن، بۆیە نایانەوێت داعش دادگایى بکرێت و رێگری لەوە دەکەن. لە پێش هەمووانەوە تورکیا رێگری لەوە دەکات. نایەوێت راستییەکانى تورکیا ئاشکرا ببن، چونکە ئەردۆغان خۆی بۆ خۆی داعشە. ئەوەى سەرۆکایەتیى داعش دەکات ئەردۆغانە. ئەردۆغان لە هەموو شوێنێکدا وەک ئەوەى گروپ و رێکخستنێکى نزیکە لە خۆیی بێت خاوەندارییان لێدەکات و دونیاش ئەوەی بە چاوی خۆی بینیوە. لەبەر ئەوەش هەڕەشە لە باکووری سوریا دەکات و دەڵێت 'من دەڕۆم بۆ ئەوێ، من ئەوی تێکدەدەم'. ئەوەش بۆ ئەوە دەکات تاوەکو بتوانێت دەرفەت بە داعش بداتەوە و داعش بۆ جارێکیتر خۆی کۆبکاتەوە و دڕندەیى ئەنجام بداتەوە. دەبێت ئێمە ئەو دەرفەتە بە تورکیا نەدەین کە دەرفەت بە داعش بداتەوە. لەبەر ئەوەش پێویستە دادگایى بکرێت. دەبێت لە کوردستان دادگایى بکرێت، چونکە دڕەندەیى سەرەکیى لە کوردستان لە دژی کورد بووە. لەبەر ئەوەش دەبێت لێرە دادگایى بکرێت و ئەوەش کارە راست و دروستەکەیە. هەندێک ئەوە قبوڵ ناکەن، ئەگەر نایانەوێت جارێکیتر داعش ببێتەوە بە بەڵایەکى گەورە بۆ سەر مرۆڤایەتى ئەوا دەبێت داعش دادگایى بکرێت و تورکیاش راوەستێنرێت.
رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ هێڵی سێیەم گونجاوە
جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە کۆتایى وتەکانیدا باسی لە قەیرانى نێوان ئەمریکا و ئیران کرد و وتی "ئێستا شەڕی جیهانیى سێیەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا روو دەدات. دیار نییە ئەو شەڕە کەی کۆتایى پێدێت. دیار نییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا چ جۆرە سیستمێک دروست دەکرێت. ئەوە لە کۆتایی و ئەنجامی ئەو شەڕەدا روون دەبێتەوە. ئێستا هێزەکانى دەرەوە دەست لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەردەدەن و شەڕ روودەدات. دەیانەوێت بەو شەڕە لەمپەرەکانى بەردەم خۆیان لاببەن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێى خواستى خۆیان و بەرژەوەندیى خۆیان سەرلەنوێ رێکبخەنەوە.
بۆ ئەوەش دەیانەوێت هەر هێزێک لە بەردەمیاندا بێت لاوازی بکەن و لەناوی ببەن. دەیانەوێت ئەو ڕێگرییانەی بەرامبەریان دروست دەکرێت و لەناوی ببەن تاوەکو ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەندێک هێز هەیە لەبەرانبەر گەلی خۆیان و لەدژی دەستێوەردانی دەرەوەش دەوەستنەوە. دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. دەوڵەت نەتەوەی خۆیان دەپارێزن. ئەوانە نەک تەنها لە دژی دەوڵەتانی دەرەوە و دەوڵەتی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری دەوەستنەوە، بەڵکو لە دژی گەلی خۆیان و گەلی ناوچەکەش دەوەستنەوە. گەلی ناوچەکەش بۆ خۆیان بە مەترسیدار دەزانن. گەلی ناوچەکە نایەوێت وەکو جاران لەژێر دەستی ئەو ڕژێمانەدا بژین. گەل دەیانەوێت لەناو دیموکراسی و ئازادیدا بژین، لە ئارامیدا بن و بۆ ئەوە تێدەکۆشن.
ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بو هێڵی سێیەم نوێنەرایەتیی هێڵی گەلان دەکەن. هێڵی یەکەم لە دەرەوە دەستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرداوە. هێڵی دووەمیش دەسەڵاتداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئەویش بۆ خۆی شەڕێک بەڕێوە دەبات. گەلی ناوچەکەش لەدژی هەردوو هێڵەکە بۆ خۆی هێڵێکی دیکەی کردووەتە بنەما. هێڵی سێیەم بەڕێوە دەبەن. واتە نە لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەن، نە لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشن. چونکە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەواندا نابیننەوە. رەنگ لە ڕووی تاکتیکییەوە هەندێک پەیوەندی دروست بکەن، ئەو دەوڵەتە دەسەڵاتدارانەش، دەوڵەتە مۆدێڕنە سەرمایەدارەکان پەیوەندیی تاکتیکی لەگەڵ هەموو کەسێک دروست دەکەن. خۆی لە خۆیدا لەمڕۆدا بەرە نییە. هەمووان لەناو پەیوەندی و ناکۆکییدا دەژین. بەرژەوەندییەکانیان چیی دەوێت ئەوە جێبەجێی دەکات. لەگەڵ هەندێکیان پەیوەندییەکانی پتەوتر دەکات، لەگەڵ هەندێکی تریش کەمتر. هەموو بەو شێوەیە لە پەیوەندیدان. دەیانەوێت لەناو ئەو شەڕەدا ئامانجی خۆیان بەدەست بهێنن، بەرژەوەندییەکانیان بەهێز بکەن. گەلی ناوچەکەش ئەوە بۆ خۆی بەڕێوەدەبات. ئەوە ئەو هێڵەیە کە لەبنەڕەتدا ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە نوێنەرایەتیی دەکەن. بۆ گەلی ناوچەکە تێدەکۆشێت. کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئازادی، دیموکراسی و ئارامی بێتەکایەوە. کار دەکات بۆ نەتەوەی دیموکراتیک، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک. دەیەوێت کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئازادیی ژن و ژینگەپارێزی بونیاد بنێت، بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە ئارامی، بگاتە ڕاستیی خۆی، رەگ و ریشەى خۆی و مێژووی خۆی، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستپێکی مرۆڤایەتییەوە ئەرکێکی گرنگی گێڕاوە، هەموو شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشکەوتووە و دونیا لەسەر ئەوە بونیاتنراوە، بەڵام ئەو ڕاستییەی خۆی ون کردووە، لە تاریکیدا ماوەتەوە. دەبێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ڕاستی، رەگ و ریشە و مێژووی خۆی. بۆ ئەوەش دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی رووبدات. ئەوەش بە گەلان دەکرێت، بە ئازادیی ژن دەکرێت. بۆیە لە هێڵی سێیەمدا ئازادیی ژن بنەڕەتە، ئازادیی ژینگە بناغەیە. بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەسەر ئەو بناغەیە گرنگە. لەناو کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا ژیانی پێکەوەیی و برایەتی بناغەیە.
ئەمڕۆ کۆمەڵگەى ئازاد و دیموکراتیکى رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار) و پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) هێڵی خۆیان دیاریکردووە و رایانگەیاندووە، ئەوان هێڵی سێیەم بە بنەما دەگرن. یانی وتویانە "ئێمە نە لەگەڵ ئەمریکاداین و لەگەڵ دەوڵەتى ئێرانداین. ئێمە لەگەڵ دیموکراسیداین، لەگەڵ گەلانداین و لەگەڵ برایەتیداین. ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەو بنەمایە تێبکۆشین".
ئێمە دەستێوەردان لە دەرەوە بە راست نازانین. دەستێوەردان لە دەرەوە کێشەکانى گەلانی رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چارەسەر ناکات. رەنگە هەندێک خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، بەڵام ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات. کێشەى گەلانى رۆژهەڵات ناوەڕاست تەنها لەلایەن گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە چارەسەر دەبێت. ئەوەش بە سیستمێکى دیموکراتیک بەدی دێت. مرۆڤ دەتوانێت بەو شێوەیە کێشەکان چارەسەر بکات. سیستمە دەسەڵاتدارەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش ناتوانن داخوازیى گەلان بەو شێوەیە جێبەجێ بکەن، چونکە سیستمی دیموکراتیک نین. لەبەر ئەوەش کێشەکانى گەلان چارەسەر نابن. تەنها گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆیان دەتوانن کێشەکانى خۆیان چارەسەر بکەن. بە ئیرادەى خۆیان دەتوانن چارەسەری بئافرێنن. رەنگە هەندێک ئەوە قورس و بە ئازار بێت، بەڵام بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەوە رێگا و کار و سیستمە راست و دروستەکەیە".
ژ.ت