بایک: ڕێگا بە هاتنەدیى پلانەکانى دەوڵەتى تورک نادەین

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وتى، ڕێگا بە هاتنەدیى مەبەست و پلانەکانى دەوڵەتى تورکیا نادەن بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنى کورد.

 

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وەڵامی پرسیارەکانى بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی لەبارەى دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ناوچەکە دایەوە.

بۆ ئەوەى کورد بسڕنەوە دژایەتیى دیموکراسى دەکەن

جەمیل بایک ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا جەنگى سێیەمى جیهانى بەڕێوەدەچێت و وتی "کورد نەک تەنها لە باکوورى کوردستان، بەڵکو لە رۆژئاواى کوردستانیش هۆشیاربووەتەوە. لە باشووریش هەندێک دەستکەوتى بە دەستهێناوە. لە رۆژهەڵاتیش هۆشیاربوونەتەوە. کورد لە سەرتاسەرى جیهاندا هۆشیاربووەتەوە. داواى ژیانێکى ئازاد و دیموکراتیک دەکەن و بۆ ئەوەش دەیانەوێت لەسەر هێڵى نەتەوەى دیموکراتیکى رێبەرایەتى و لە ناو سنوورە سیاسییەکانى هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا چارەسەرى بخوڵقێنن. ئێمە دەمانەوێت بە نزیکایەتییەکى گونجاو و شایستە و ئاسان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام هۆشیاربوونەوەى کورد و بەڕێکخستنبوونى کورد و بەرەو پێشبردنى ئەو چارەسەرییە لەگەڵ ستراتیژى دەوڵەتى تورک و لەگەڵ سیاسەتى دەسەڵاتخوازانەى ئاکەپە – مەهەپە، کە دەیانەوێت کورد پاکتاو بکەن، نایەتەوە. لەبەر ئەوەش لە کوێ بە دیموکراسیبوون هەبیت ئەوان دژایەتیى دەکەن. نەک تەنها دژایەتیکردنى کورد، بەڵکو هاوکات لەگەڵ دژایەتیکردنى کورد دژایەتیى بە دیموکراسیکردنیش دەکەن. دەیانەوێت کورد بسڕنەوە و پاکتاوی بکەن بۆ ئەوەش بە توندى دژایەتیى بە دیموکراسیکردن دەکەن. لەبەر ئەوەى دوژمنى کوردن و دەیانەوێت کورد بسڕنەوە دژایەتیى بە دیموکراسیکردنیش دەکەن. لە کوێ دیموکراسیەت هەبێت لەوێ بوونى کورد قبوڵ دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش کێشەى کورد چارەسەر دەکرێت. کورد قبوڵ بکرێت و لەسەر بناغەی ژیانکردن بە کولتور و ڕۆشنبیری و ناسنامەى خۆیەوە، ئەوا ژیانێکى ئازاد دێتە ئارا، بەڵام بەشێوەیەک کە نەبینراوە و هاوتاى نییە، دوژمنایەتیى دیموکراسى دەکەن. پێویستە بەستنەوەى دیالکتیانەى نێوان دوژمنایەتیکردنى کورد و دیموکراسى بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە و ببینرێت".

کورد لە عەفرین بەرخۆدان دەکات و کۆتایى بە داگیرکاریى دەوڵەتى تورک دەهێنێت

جەمیل بایک ئاماژەى بە مەبەست و پلانى نوێى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک کرد و وتى "شەڕی سێیەمى جیهانى بەردەوامە. هاوسەنگى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا تێکچووە. دەوڵەتى تورک دەیەوێت لە قۆناغى بنیاتنانى هاوسەنگیى نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سوود لە ناکۆکییەکان و هەروەها دەرفەت و تواناکانى وەربگرێت. بۆ ئەوەش لەگەڵ هەندێک هێزدا ڕێککەوتووە بۆ ئەوەى ڕێکخستنى کورد و هێزى سیاسى و سەربازیى کورد رابوەستێنت و لەناوی ببات. پلانى لەناوبردن و تێکشکاندنى کورد لەسەر ئەو بنەمایە، لە ساڵى ٢٠١٤ەوە دەستیپێکردووە. ئەو پلانە لە ٣٠ى تشرینى یەکەمی ٢٠١٤ / ٨ى گەڵاڕێزان لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیى تورک (مەگەکە)دا بڕیارى لێدرا و هێرشیان لە دژى شار و شارۆچکەکانى کوردستان دەستیپێکرد بۆ ئەوەى کورد دەرپەڕێنن بۆ دەرەوەى کوردستان. ئەوان ئەو سیاسەتەیان پەسەند کردبوو و جێبەجێیان دەکرد. ئێستاش بە داگیرکردنى عەفرین بەشێوەیەکى ئاشکرا ئەو سیاسەتە لە دەرەوەى سنوورەکانیان بەڕێوە دەبەن. بێگومان ئەوەش سیاسەتى دەوڵەتى تورکە، بەڵام ئەو سیاسەت و قۆناغە بە داگیرکردنى عەفرین کۆتایى پێنەهاتووە و درێژەى هەیە. ئەو سیاسەت و قۆناغە لەلای ئەوانەوە درێژەى پێدەدرێت و کوردیش درێژە بە بەرەنگاری دەدات. کورد لە عەفرین خۆڕاگرى دەکات و کۆتایى بە داگیرکەریى دەوڵەتى تورک دەهێنێت".

پلانى نوێ، بڵاوکردنەوەى شەڕە لە سەرتاسەرى ناوچەکەدا

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وتى، کورد لەم دۆخەدا بووەتە خاوەنى هێز و وتیشى "ڕاپەڕینێکى ئاسایى و باوی ناوچەى نییە. یان تەنها کورد لە باکوورى کوردستان بەهێز نەبووە، بەڵکو کورد لە سەرتاسەرى ناوچەکەدا بەهێز بووە. ئەو بەهێزبوونەى کورد بەشێوەیەکى باش و ئەرێنى کاریگەریى لەسەر بەهێزبوونى یەکتر دروست دەکات. خاوەنداری لە یەکتر دەکات. دەوڵەتى تورکیش نەک تەنها لە پارچەیەک، بەڵکو دەیەوێت بە شێوەیەکى یەکگرتوو دوژمنایەتى هەموو کورد بکات. بۆ ئەوەش شەڕی بردووەتە دەرەوەى سنوورەکانى خۆی. پلانى نوێ، بڵاوکردنەوەى شەڕە لە سەرتاسەرى ناوچەکەدا. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە چۆن لە جەنگى جیهانیى یەکەمدا لەناوبردنى کوردیان لە چوارچێوەى هەندێک پەیوەندیى نێودەوڵەتیدا ئەنجامدا و چۆن خۆیان هەڵواسى بە هەندێک هێزى نێودەوڵەتیدا، ئێستاش دەیانەوێت لەگەڵ دروستکردنى هاوسەنگیى نوێدا خۆیان هەڵواسن بە هەندێک هێزى ناوچەیى و نێودەوڵەتیدا لەو ڕێگەیەوە کورد لەناو ببەن و هێرشەکانى خۆیان سەربخەن. لەو چوارچێوەیەشدا هەموو دەرفەت و تواناکانى تورکیایان پێشکەش کردووە و پێیانداون. بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى کورد، تورکیایان لەسەر مێزى قومار دانا. بە تایبەتى دەسەڵاتى ئاکەپە بۆ ئەوەى خۆی لەسەر پێ رابگرێت و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، تورکیاى خستووەتە سەر مێزی قومار و قومارى پێوە دەکات".

ئەڵمانیا لە کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکاندا چ رۆڵێکى هەبوو، ئێستاش رووسیا هەمان رۆڵی بۆ لەنابردنی کورد هەیە

بایک لە درێژەى قسەکانیدا ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە دەوڵەتى تورک بە پشتیوانیى ڕووسیا عەفرینى داگیرکردووە و دەیەوێت سیاسەتەکانى لە سوریا بە پشتیوانى رووسیا دەرێژە پێبدات.  

بایک لە لێکدانەوەیەدا بۆ پەیوەندیى دەوڵەتى تورک و ڕووسیا وتى "بەڕاستى پەیوەندیى رووسیا لەگەڵ دەوڵەتى تورک پارادۆکس و دژبەیەکبوونێکى گەورەیە! تورکیا تاوەکو ئێستا سوریاى دەسوتاند و کاولى دەکرد و تاوەکو ئێستاش یەکێکە لە سەرچاوەکانى نائارامی لە سوریا، ئێستا دەیەوێت بە خۆهەڵواسین بە ڕووسیا  درێژە بە سیاسەتەکانى لە سوریا بدات. لە کاتێکدا لەناوبردن و سڕینەوەى کورد بە شێوەیەکى دژوار ئەنجام دەدات، پشتوانى لە رووسیا وەردەگرێت. لە جەنگى جیهانیى یەکەمدا ئەڵمانیا لە کۆمەڵکوژکردن و جینۆسایدى ئەرمەنەکاندا چ رۆڵێکى گێڕا، ئێستاش رووسیا بۆ کۆمەڵکوژکردن و جینۆسایدکردنى کورد هەمان رۆڵ دەگێڕێت، بەڵام ئێستا راستییەکى کورد لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە، کە ئەویش ئەوەیە کوردى ئێستا کوردى سەردەمی جەنگى جیهانیى یەکەم نییە. لە ناوچەکە پێشکەوتن لە ئارادایە و گەل داواى دیموکراسى دەکات. داواى دیموکراسى و دوژمنایەتیکردنى کورد لە یەک کاتدا و پێکەوە بەڕێوە ناچێت. هەرگیز داواى دیموکراسیى گەلان و سیاسەتى دەوڵەتى تورک لەگەڵ یەک نایەنەوە. رووسیا لەلایەک پشتیوانى کۆمەڵکوژکردنى کورد لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە دەکات و لەلایەکى ترەوە راگەیاندراو بڵاودەکەنەوە و دەڵێن، چارەسەرى سیاسى لە سوریا بە بێ کورد نابێت. ئێمە باسى ئەوە دەکەین، کە دەوڵەتى تورک دەیەوێت کورد کۆمەڵکوژ بکات و بیسڕێتەوە و سیاسەتێکى لەو شێوەیە بەڕێوە دەبات، بەڵام ئاسان نییە (تورکیا) هەموان بەپێى حەز و خواستى دڵی خۆى بکاتە دوژمنى کورد، چونکە ئەوە بۆ سیاسەتى خۆی بە مەترسى دەزانێت، بۆیە ناتوانێت ئەو سیاسەتە بەپێى خواستى خۆى بەڕێوەببات. لەلایەکى ترەوە بەرخۆدانێکى گەورە لەلایەن کوردەوە هەیە. ئەوەش وادەکات نەتوانێت ئەو پلان و مەبەستە نوێیەى خۆى بە ئاسانى بەڕێوەببات. ئێمە ڕێگا نادەین کە بە ئاسانى ئەو پلان و سیاسەتە بەڕێوەبچێت. کورد دەرفەت بەو سیاسەت و پلانە نادات، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەو شەپۆل بۆ هێرش و کوشتار و لەناوبردنى کورد بەپێى شەرت و مەرجیى جەنگى جیهانیى سێیەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پلانى بۆ دانراوە و بەڕێوەدەچێت".

جەمیل بایک لەبارەى هەڵوێستى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە وتى "ئەمریکا لەسەرەتادا سیاسەتى ئەوەى بەڕێوەبرد، کە کورد لە رۆژئاواى فورات قازانج بکات، بەڵام لە بارودۆخى عەفرین و هێرش بۆ سەر عەفرین تەنها وەک سەیرکەر جوڵایەوە. رووس لە عەفرین بوو، لە رۆژهەڵاتى فوراتیش ئەمریکا. دابەشکردنى لەو شێوەیە دەبینرا. هەر ئەمریکا خۆیشى بە ئاشکرا لە دژى داگیرکردنى عەفرین نەوەستایەوە و هەروەها بە هەڵوێستەکانى دنەدەر و هاندەری ئەو داگیرکارییە بوو".

بزووتنەوەى ئازادی هەر لە سەرەتاوە پشتبەستوو بووە بە هێزى خۆی

بایک ئەوەى خستەڕوو، کورد ئەو دۆخە دەبینێت و بەپێى ئەوە ڕێکخستنى خۆی، هێزى خۆى بۆ پاراستن و بەرگری بەرەو پێش دەبات و لەو بارەیەشەوە وتی "رێبەر ئاپۆ و بزووتنەوەى ئازادیمان هەر لە سەرەتاوە ئەوەى خستووەتەڕوو، کە بۆ کورد هێزى خۆی و تێکۆشان بە هێزى خۆی، ناچارێتییە. بزووتنەوەیەکە، کە داواکانى پشتبەستوو دەبێت بەگەل و لەسەر ئەو بنەمایە دەجوڵێتەوە. بزووتنەوەى ئازادیى کورد بزووتنەوەیەک نییە کە خۆى هەڵبواسێت بە دەوڵەتێکدا و لەو چوارچێوەیەدا بجوڵێتەوە. مەگەر کورد بە سیاسەتی پشتبەخۆبەستن بتوانێت لە پارچەکانى تردا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. بێگومان کورد دەتوانێت دیپلۆماسى ئەنجام بدات و لەگەل هێزە جۆراجۆرەکاندا پەیوەندى دروست بکات، بەڵام خاڵى سەرەکى ئەوەیە، کە کورد پشتبەستوو بێت بە هێزى خۆی، هێزى سیاسی و سەربازیى خۆى و یەکێتى بە بنەما بگرێت. هەروەها زۆر گرنگە لەگەڵ هێزە دیموکراسیخوازەکانى ناوچەکەدا بێت، چونکە کێشەى کورد و کێشەى بە دیموکراسیکردنى ناوچەکە لە هەناوى یەکتردان، چونکە تاوەکو کێشەى کورد چارەسەر نەکرێت بە دیموکراسیکردنى ناوچەکەش نایەتەدی. ئەگەر پێشکەوتنى دیموکراتیک هەبێت ئەوا کێشەى کورد چارەسەر دەبێت".

 

ساڵى ٢٠١٨ دەبێتە ساڵى تێکشکاندنى فاشیزمى ئاکەپە

 

بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند، هێرشى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە درێژەیان دەبێت و لەوبارەیەشەوە باسى ئەوەیکرد "ئەو هێرشە تا کەى درێژە دەکێشێت؟ تاوەکو تێکبشکێنرێت درێژەى دەبێت. ئایا تێکدەشێت؟ بێگومان تێکدەشکێت. ئەستەمە ئەو بیرکردنەوە و تێزە و ئەو  سیاسەت و فێڵکردنە بەردەوامیى هەبێت، چونکە بوارى نییە. هەم لە رووى نەتەوەیى و هەم لە رووی هێزە ناوچەیەکان و نە لەلاى کوردەوە و نە لەلای تورکەوە ئەو بوارە نییە کە خۆى لەسەر بەڕێوەببات. هێرشى ئەوەندە گەورە و قورس تەنها بۆ ماوەیەک بەردەوامییان دەبێت. دواى ماوەیەک و کاتێک ئەنجامێکى بە دەستنەهێناوە تێکدەشکێت. ئاکەپە لەوە دەترسێت. تواناى بەرگەگرتن و تەحمولی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایەتییەکى بچووکی نییە. بۆچی؟ دەڵێن 'ئەگەر لە ماوەیەکى کەمدا بە ئەنجام نەگەین تێکدەشکێین و لەناو دەچین'، لەبەر ئەوەش بۆ ئەوەى لە ماوەیەکى کورتدا ئیرادە و ورەى کورد تێکبشکێنن و دەستکەوتەکانى کورد لەناو ببەن، هێرشەکانیان زۆر دەکەن. دەبێت کورد لەو ڕاستییە تێبگات. بێگومان دەبێت خۆیان لە دژى ئەوە بەڕێکخستن بکەن و بەرخۆدان و بەرگرى بکەن. نابێت سەیرکەر بن. ئەو مەترسییە لە خۆییەوە لەناو ناچێت و هەر لە خۆیەوە ناڕەوێتەوە. ئەوە بە تێکۆشان نامێنێت. پێشتریش ئەو مەترسییە هەبوو، بەڵام بە تێکۆشان تێکشکێنرا. کودەتای ١٢ى ئەیلول / ٢١ى خەرمانان تێکشکێنرا. سیاسەت و هێرشی ساڵانى ١٩٩٠دەکان بە تێکۆشان تێکشکێنران. ئەو هێرشە داگیرکاری و چەوسێنەرانە و تاڵانکاریەى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بە تێکۆشان تێکدەشکێت. لەو ڕووەوە ٢٠١٨ دەبێتە ساڵى هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە".

لە ئێستا بە دواوەوە دەوڵەتەکان بە قورسى بەشداریى شەڕی سوریا دەکەن

جەمیل بایک لە درێژەدا باسى ئەوەیکرد، شەڕی سوریا چووەتە قۆناغێکى نوێ و وتى "پێشتر شەڕ بۆ ئەوە دەکرا، کە هاوسەنگى بۆ هێزەکان دروست بکرێن. هەر کەس هێزى خۆی نیشان دەدا. لە ئێستا بە دواوە لە سوریا شەڕ بۆ ئەوە دەکرێت، کە کێ تا چەند دەتوانێت جێ بۆ خۆی بکاتەوە. لە قۆناغى سەرلەنوێ دامەزراندنەوەى سوریادا شەڕ بۆ ئەوە دەکرێت، کە کام هێز تا چ رادەیەک بوونى هەبێت و کاریگەریى سیاسیى چەند بێت. شەڕ بۆ ئەوە دەکرێت، بەڵام ئەو شەڕەش لە ماوەیەکى کورتدا کۆتایى پێنایەت. شەڕی خوڵقاندنى هێز و نیشاندانى هێز ماوەیەکى درێژ بەردەوامبوو. شەڕی جێگرتن لە سیستمى سوریاشدا درێژەى دەبێت. پێشتر ئاکتۆرە ناوچەیەکان زیاتر رۆڵیان هەبوو، بەڵام ئیتر لەمەودوا دەوڵەتەکان بە چڕی و قورسى دەکەونە ڕۆڵگێڕاندن. ئاستى نوێى شەڕ لە سوریا بەوشێوەیە دەبێت. دەبێتە شەڕێک کە زیاتر دەوڵەتەکان بەشدار دەبن تیایدا. ئەمریکا بەشدارە، رووسیا بەشدارە و تورکیاش کەوتووەتەخۆ، فەڕەنساش دەکەوێتەخۆ و ئێرانیش بەشدارە. بۆ ئەوەش شەڕەکە چووەتە قۆناغی نوێییەوە".

سوریا بەبێ کورد دانامەزرێت

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئاماژەى بەوەکرد، کە رۆڵی کورد لە شەڕی سێیەمى جیهانیدا گرنگە و بۆ ئەوەش وتی "کورد لەدژى سیاسەتى کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە بەرخۆدان دەکات. عەفرین لە هەر چوارلاوە گەمارۆ درابوو. بە پشتیوانیى رووسیا عەفرین داگیرکرا، بەڵام بەرخۆدان لە عەفرین درێژەى دەبێت. داگیرکردنى عەفرین سەرکەوتو نابێت. گەلی عەفرین دەگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی و بە شێوەیەکى ئازادانە و دیموکراسیانە درێژە بە ژیانى دەدات. رۆژهەڵاتى فورات کورد و گەلانى تر بە بەردەوامیى کاریگەرییان تیایدا دەبێت. گەلۆ بە بێ قبوڵکردنى بوونى کورد دەتوانرێت سوریایەکى نوێ بنیات بنرێت؟ ئەستەمە بنیات بنرێت. هەتاوەکو کورد کۆمەڵکوژ نەکرێن ئەوا بە بێ کورد سوریا بنیات نانرێت. کۆمەڵکوژکردنێکى لەو شێوەیەش ئەستەمە لە هەموو سوریا ئەنجام بدرێت. سوریا بە بێ کورد ناتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە. گەرەنتیى یەکپارچەیى سوریا کوردە. کورد لایەنگرى یەکپارچەیى سوریایە. هەر بۆ ئەوەش بەو رادەیە پەیوەندى لەگەڵ عەرەبەکاندا دروست دەکەن. کورد دەیانتوانى لە سوریادا تەنها لە ناچەکانى خۆیاندا بمێننەوە، بەڵام ئەوەیان نەکرد. لەبەر ئەمەش ئەوەیان نەکرد، کە ژیانێکى ئازاد و دیموکراتیک بۆ کورد لە سوریایەکى دیموکراتیکدا دەبێت. هەتاوەکو وڵاتانى ناوچەکە دیموکراتیک نەبن، کورد ناتوانێت ئازاد بێت. بۆ ئەوەش کورد تێکۆشانى خۆى بۆ سەرتاسەرى سوریا بڵاوکردەوە. بۆ یەکێتى سوریا کورد جێ و رۆڵێکى کاریگەرى دەبێت".

 

ر.م