بزووتنەوەى گۆڕان داواى تورکیاى بۆ چاوپێکەوتن ڕەتکردەوە

بزووتنەوەى گۆڕان بە بەرپرسانى تورکیاى راگەیاندووە "ئێوە داگیرکاریتان کردووە، هاووڵاتییانى مەدەنیتان کوشتووە، بۆیە لەگەڵتان دانانیشین" و داواى چاوپێکەوتنەکەى تورکیایان رەتکردەوە.

 

دەوڵەتى تورک هەوڵ دەدات رەوایى بدات بە داگیرکەری، تاڵانى و کۆمەڵکوژییەکانى لە عەفرین و ڕێگاش بۆ داگیرکردنى باشوورى کوردستان خۆش بکات. بۆ ئەوەش دەیەوێت حزبەکانى باشورو لە سلێمانى و هەولێر پارچە بکات و دوورەبەرەکێ دروست بکات. چەند رۆژ لەوەپێش و بۆ ئەو مەبەستە لە شارى سلێمانى چاوپێکەوتنیان لەگەڵ چەند حزبێکى سیاسیدا ئەنجامدابوو.

هاکان کاراچای کونسوڵى گشتیى تورکیا لەگەڵ بەرپرسانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامیى کوردستان و چەند حزبێکى تر چاوپێکەوتنى ئەنجامدابوو. کاراچاى داواى چاوپێکەوتنیشى لە عومەر سەید عەلی ڕێکخەرى گشتیى بزووتنەوەى گۆڕان کردبوو، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن ڕێکخەرى گشتیى گۆڕانەوە ڕەتکرابووە.

عومەرى سەید عەلی بۆ هۆکارى ڕەتکردنەوەى چاوپێکەوتنەکەى کونسوڵى گشتیى تورکیا ڕایگەیاندبوو "داگیرکەری و کۆمەڵکوژی و تاڵانییەکەتان لە عەفرین تەنها لە دژى پەیەدە و پەکەکە نەبوو. ئەو داگیرکارییە لە دژى هەموو کورد بوو. لە دواى عەفرین دەستان کرد بە بەرفراوانکردنى داگیرکاریەکەتان لە باشووری کوردستان. بە فڕۆکەى جەنگی گوندى هاووڵاتیان بۆردومان دەکەن و هاووڵاتیان شەهید دەکەن. بە کردنەوەى فڕۆکەخانەى هەولێر و داخستنى فڕۆکەخانەى سلێمانى، دەستتان کردووە بە سیاسەتى پارچەکردن و ناکۆکی و دنەدانى شەڕی ناوخۆیی، لەبەر ئەوانەش هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئێوە ئەنجام نادەین".

راشگەیاندرا کاراچاى بە بێ ئەوەى چاوپێکەوتن ئەنجام بدات بە دەست بەتاڵى لە مەکۆى سەرەکیى بزووتنەوەى گۆڕان چووەتە دەرەوە.

"سەلماندمان کە داگیرکەری قبوڵ ناکەین"

بەرپرسێکى بزووتنەوەى گۆڕان لەبارەى ڕەتکردنەوەى داواى چاوپێکەتنەکەى تورکیا وتى "لە عەفرین دەستیان کردووە بە کۆمەڵکوژی و داگیرکاری و پاکتاوکاریى گەورە. لە ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و لە هەموو شوێنێک لە دژى دەستکەوتەکانی کورد، کەوتوەتە جموجوڵ. لە ڕێگەى هەندێک کەسى باشوورییەوە لە باشوور سیاسەتى دوژمنکارانە و پارچەکردن بەرەو پێش دەبات. ئێمە بە ڕەتکردنەوەى داواى ئەو چاوپێکەوتنە ئەوەمان خستەڕوو، کە ئەو سیاسەتانە قبوڵ ناکەین. خواستمان بە رەتکردنەوەى ئەو چاوپێکەوتنە پێیان بڵێین،کە ئێمە سیاسەتى داگیرکارانە و کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردن و دوژمنایەتیان بەرامبەر بە کورد قبوڵ ناکەین و ئەوەش هەڵوێستمان بوو لە دژى سیاسەتەکانیان".

چى روویدابوو

رۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارە (٦١٩)ی رۆژی سێشەممە ٣ى نیسانی ٢٠١٨ / ١٤ى خاکەلێوە بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردو عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاکان کاراجای کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان رەتکردوەتەوە، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر سیاسەتەکانی تورکیا دژی رۆژئاوا و باشوری کوردستان.

رۆژنامەکە بڵاوی کردەوە؛ هەفتەی رابردو لەکاتی سەردانی شاری سلێمانی، بڕیاربووە هاکان کاراجای سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان بکات و لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی کۆببێتەوە، بەڵام بەماوەیەکی کەم پێش وادەی دیاری کراوی کۆبوونەوەکە، رێکخەری گشتی کۆبوونەوەکەی رەتکردوەتەوە.

سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هۆکاری رەتکردنەوەی کۆبوونەوە لەگەڵ کونسوڵی گشتی تورکیا، لەلایەن عومەر سەید عەلییەوە، لەبەر ٣ هۆ بووە، یەکەم لێدوانی بیناڵی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا کە رایگەیاندبو: رێگە نادەن ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتی ئاسمانی بۆ شاری سلێمانی بەکاربهێنرێت، چونکە سلێمانی پشتیوانیی تیرۆر دەکات، ئەوەش دوای پشتیوانی سلێمانی لە رۆژئاوای کوردستان و خۆپیشاندان دژی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و راگەیاندنی ٣ رۆژ ماتەم لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و داگرتنی ئاڵای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ نیوە بەهۆی داگیرکردنی عەفرینەوە.

هۆکارێکی دیکەی رەتکردنەوەی  کۆبونەوەکە، داگیرکردنی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوو لەلایەن سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە، کە بزووتنەوەی گۆڕان ئیدانەی کرد و داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد رێگریی لە هێرشی تورکیا بکەن بۆ سەر ئەو بەشەی رۆژئاوای کوردستان.

سێیەم هۆکاری رەتکردنەوە دیداری کونسوڵی تورکیا لەلایەن عومەر سەید عەلییەوە، بەهۆی بەزاندنی سنووری هەرێمی کوردستان بووە لەلایەن سوپای تورکیاوە، کە چەندین کیلۆمەتر سنووری هەرێمی بەزاندووە و سەرقاڵی دروستکردنی بنکە و بارەگانی نوێیە، بەتایبەتی لە سنووری بادینان و ناوچەی خواکوڕک و سێگۆشەی سنووریی تورکیا- عێراق- ئێران.

بەپێی رۆژنامەی ئاوێنە؛ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی گۆڕان لەبریی رێکخەری گشتی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی تورکیا کۆبوونەتەوە و پێیانڕاگەیاندوە، کورد هەموی یەک نەتەوەن و سیاسیەتی رەسمی بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی کردنە لە کوردانی سەرجەم پارچەکان بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان، تورکیا ماف دەدات بەخۆی بەرگری لە تورکمان لە عێراق یان ئازەربایجان، یان رۆهینگەکانی میانمار بکات و لەسەریان بێتە دەنگ، کوردیش هەمان مافی هەیە بۆ بەرگریی و پشتیوانی لە یەکتری.

 

ر.م