له چیاكانی كوردستان گه‌ریلاكانی هه‌په‌گه (هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل) و یه‌ژا ستار (یه‌كینه‌كانی ژنی ئازاد) سه‌ره‌ڕای هه‌موو هێرشه‌كانی دوژمن، به‌رده‌وامن له كار و خه‌باتیان. له ته‌ك ئه‌مه‌شدا گه‌ریلا له ئه‌كادیمیاكاندا په‌روه‌رده‌ی خۆیان ده‌بینن. یه‌كێك له‌و ئه‌كادیمیایانه‌ش ئه‌كادیمیای ته‌ندرووستیی محه‌مه‌د خه‌یری دوورمووش-ه. خه‌یری دوورمووش له دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌دا ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بووه، له هه‌مان كاتدا پزیشك بووه. گه‌ریلاكان كه هه‌میشه له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌و شه‌هیدانه تێكۆشانی خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن جارێكی دیكه به شوێنپێی خه‌یری دوورمووشدا له ئه‌كادێمیای ته‌ندرووستیدا په‌روه‌رده ده‌بینن. به‌شداربوانی ئه‌و ئه‌كادێمیایه ده‌ڵێن: «باشترین ده‌رمان هاوڕێیه‌تییه.»
«ئه‌م ئه‌كادیمیایه ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ ته‌ندرووستی»
گه‌ریلا ئاڤاشین ده‌لیلا ده‌رباره‌ی ئه‌كادیمیای ته‌ندرووستیی محه‌مه‌د خه‌یری دوورمووش گوتی: «به‌شداریكردنم له‌م ئه‌كادیمیایه‌دا بۆ من واتایه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه. وه‌ك ده‌زانرێت هه‌ڤاڵ خه‌یری دوورمووش خۆیشی به‌شی پزیشكی ده‌خوێند. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه په‌روه‌رده بینین ئه‌ركێكی گرینگمان ده‌خاته سه‌رشان. له لایه‌نی ته‌ندرووستییه‌وه ئه‌م ئه‌كادیمیه فرسه‌تێكی گه‌وره‌یه. له قۆناغێكی وه‌هادا و له چیادا مرۆڤ بتوانێت به‌كاریبێنێت، بۆ هاوڕێكانی ببێته هاریكار، ڕه‌نج و به‌هایه‌كی زۆر گه‌وره‌یه. له‌به‌رئه‌وه ده‌مه‌وێ له‌م ئه‌كادیمیایه‌دا هه‌تا له ده‌ستم بێت له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه خۆم به‌ره‌و پێش ببه‌م.»
ده‌لیلا ده‌ستنیشانی كرد كه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و ڕه‌نجه‌ی كه كه‌سانی وه‌ك هه‌ڤاڵ خه‌یری و دڵپاكه‌كان داویانه، ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت به شوێنپێیاندا بچن. گوتی: «له قۆناغێكی وه‌هادا ئێمه ده‌مانه‌وێت وه‌ڵامێكی به‌هێز بده‌ینه‌وه. كاتێك ئێمه یه‌كه‌م جار ناوی هه‌ڤاڵ خه‌یری دوورمووشمان بیست هێزێكی گه‌وره‌ی به ئێمه دا. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی له زیندانه‌كاندا له كه‌سایه‌تیی خه‌یرییه‌كاندا سه‌ریهه‌ڵداوه گه‌وره‌ی بكه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێمه بۆ خۆمان كردووه‌ته ئامانج، له دوای ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ش به هه‌نگاوی گه‌وره خاوه‌نداره‌تی كردنه له ڕه‌نجی ئه‌و هه‌ڤاڵانه.»
«به‌م ئه‌كادیمیایه مرۆڤ هه‌ست به جیاوازی شێوازی په‌روه‌رده‌ی په‌كه‌كه و سیسته‌م ده‌كات»
ئازێ سه‌رحه‌د به‌شدارێكی دیكه‌ی خووله‌كه‌یه و هه‌سته‌كانی خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌كادیمیایه‌كه ده‌رده‌بڕێت. له قسه‌كانیدا ده‌ستنیشانی ده‌كات كه ئه‌و خۆی له‌نێو سیسته‌مدا به‌شی ته‌ندرووستی خوێندووه و ئێستاش له ڕیزه‌كانی په‌كه‌كه‌دا به پراكتیك ئه‌م خه‌باته جێبه‌جێ ده‌كات. گه‌ریلا ئازێ سه‌رنجی خسته سه‌ر جیاوازی له‌نێوان شێوازی په‌روه‌رده‌ی ته‌ندرووستیی په‌كه‌كه و سیسته‌م.
«له ئه‌ڵمانیای ناوه‌ندی سه‌رمایه‌داریدا من به‌شی ته‌ندرووستیم خوێند. ماوه‌یه‌كیش له‌وێ هه‌ر له‌و بواره‌دا كارم كرد. دواتر بڕیارمدا و هاتمه چیاكانی كوردستان. ئێستا به‌شداربوویه‌كی خوولی ئه‌كادیمیای محه‌مه‌د خه‌یری دوورمووشم. له‌نێو سیسته‌مدا مرۆڤ ناتوانێت به‌بێ پاره بژیت، له‌به‌رئه‌وه‌ش پێویسته تۆ خاوه‌ن ئه‌ركێك یان كارێك بیت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه خوێندمان. كاتێك مرۆڤ پارتی ده‌ناسێت، سه‌رۆكایه‌تی و هه‌ڤاڵه‌تی ده‌ناسێت، ئه‌و كاته هه‌ست به جیاوازییه‌كه ده‌كات. له ڕووی ته‌ندرووستییه‌وه له‌م چیایانه‌دا بوونه هاریكار بۆ هه‌ڤاڵی خۆت شتێكی زۆر پیرۆزه. له كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك كارمه‌ندێك ته‌نیا نه‌خۆش دێن، سه‌یریان ده‌كه‌ی، ده‌رمانیان پێده‌ده‌ی یان ده‌رزیان لێ ده‌ده‌ی، به‌ڵام لێره وه‌ها نییه. هه‌ڤاڵانی ئێمه بریندار ده‌بن، تۆ به ڕوحی هه‌ڤاڵه‌تی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ی. ئه‌م ڕوحیه‌ته ڕۆڵ ده‌گێڕێت و به‌م شێوه‌یه ده‌بینه هاریكار بۆ هه‌ڤاڵه‌كانمان. ئێستا شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ڕاستیی ئێمه‌یه. ئێمه زۆر شت له‌م ئه‌كادیمیایه فێربووین. خۆی له‌خۆیدا جیاوازی ئێره و سیسته‌م زۆر به‌رچاوه. له سیسته‌مدا وه‌ك ئامێرێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن. مرۆڤه‌كان پارچه پارچه له‌به‌رچاومان داده‌نێن و ته‌نیا لایه‌نی جه‌سته‌یی به‌بنه‌ما ده‌گرن. هه‌ستكردن یان ڕوحیه‌تێكی تێدا نییه. له‌وێ به ماده‌ی كیمایی به‌قه‌ستی مرۆڤ نه‌خۆش ده‌كرێت. له په‌روه‌رده‌ی ئێره ئه‌وه‌ی پێش هه‌موو شتێك فێری ده‌بین، هه‌ڤاڵه‌تییه.»
«له‌نێو په‌كه‌كه‌دا باشترین ده‌رمان هه‌ڤاڵه‌تییه»
گه‌ریلا ئازێ هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه لێره یه‌كه‌مین ده‌رمان هه‌ڤاڵه‌تییه، كاتێك هه‌ڤاڵێك بریندار ده‌بێت و ده‌ستی ده‌گری، ئه‌و وره‌یه‌ی هه‌ڤاڵه‌كانمان وه‌ریده‌گرن باشترین ده‌رمانه. گوتیشی: «كاتێك لێره هه‌ڤاڵێك بریندار ده‌بێت، ئێمه وه‌ك سیسته‌م مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكه‌ین یان وه‌ك ئامێرێك سه‌یری ناكه‌ین. له ته‌ك ئه‌م برینه‌دا هه‌ستكردنیش هه‌یه. كاتێك ده‌چینه لای هه‌ڤاڵه برینداره‌كه‌مان، به وره‌وه ده‌چین. ئێمه لێره وه‌ها فێربووین. پێویسته هه‌ست به برینی هه‌ڤاڵه‌كه‌شمان بكه‌ین. وه‌ك به‌شداربوویه‌كی خوولی ئه‌كادیمیای شه‌هید محه‌مه‌د خه‌یری دوورمووش ده‌توانم ئه‌م جیاوازییه بخه‌مه‌ڕوو.»
s.m