بومەلەرزە لێدراوانی کرماشان لە ژێر داروپردوی بەڵێن و دڵڕەقیى حکومەتدا

کەم نین ئەو کەسانەى لەم ماوەیەدا لە ژێر گوشارە دەروونی و داراییەکاندا کۆتایى بە ژیانى خۆیان دەهێنن. حکومەتى تاران ئەو قەیرانە بە کێشەى خۆى نازانێت و تەنها لە خەمی گیرفان پڕکردن و جەنگى دواکەوتوانەدایە لەگەڵ مسوڵمانانى وڵاتانى تردا.

 بومەلەرزەکەى کرماشان ٩ مانگى بەسەردا تێپەڕی و دواى ٩ مانگ هێشتا ئەو خەڵکە لە دۆخێکى زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن. ژمارەیەکى زۆری لە هاووڵاتییانى بومەلەرزە لێدراو لەو ماوەیەدا لە ژێر گوشاری دەروونى و دارایدا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، بەڵام ئەوە لە ئێستادا بۆ حکومەتى ئێران نە کێشەیە و نە جێگەى نیگەرانی، چونکە ئەو حکومەتە و بەرپرسەکانى تەنها بیر لە پڕکردنى گیرفانیان و کۆکردنەوەى پارە لەسەر حسابى سامانى گشتى و خەڵک دەکەنەوە. هەروەها جەنگى کۆنەپەرستانە لە دژى مسوڵمانانى وڵاتانى تر بە تایبەتى وڵاتە دراوسێکانی لە ژیانى هاووڵاتیانى خۆى بۆ گرنگترە.

بومەلەرزەکەى ٩ مانگ لەوە پێشى کرماشان بووە بە هۆى گیانلەدەستدانى سەدان کەس و برینداربوونى هەزاران کەس و بێحاڵ و ماڵبوونى سەدان هەزار هاووڵاتیى تر. ئەو زیانە گەورە مرۆیى و مادییانە تا ئێستا بووەتە ئازارێکى بەردەوام بۆ ئەو هاووڵاتییانە و حکومەت بومەلەرزە لێدراوەکانى پشتگوێخستووە و خۆى بە بەرپرسیار نازانێت بەرامبەریان.

هەدیە عەزیزى کچێکى دانیشتوى شاری قەسری شیرینە و دەڵێت، ماڵەکەیان لە قەسری شیرین وێران بووە و لە دۆخێکى زۆر خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.

هەدیە عەزیزى لە بومەلەرزەکەدا باوکى لە دەستداوە و دەشڵێت، شارەوانى ئاوڕیان لێ ناداتەوە.

هەدیە وەک زۆربەى منداڵانى تری ناوچەکە، بەهۆى ئەو بومەلەرزەیەوە و بەهۆی پشتگوێخستنەکانى حکومەتەوە، هەر لە منداڵییەوە ئاشناى بێبەشی و دڵڕەقییەکانى حکومەتى ناوەندیى دیکتاتۆری بووە و ئێستاش زۆرتر باس لە نەبوونى پێداویستیى تەندروستى دەکات.

ئەگەر تەنها بەشێکى کەم لەو ٩ ملیۆن دۆلارە، کە عیزەتوڵا یوسفیان مەلا ئەندامى لیژنەى بەرنامە و بودجەى پەرلەمانى ئێران رایگەیاندبوو، بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان تەرخانکراوە، بۆ خەڵک و ناوچە بومەلەرزە بومەلەرزە لێدراوەکان خەرج بکرایە ئەوا بەشێکى زۆر لە ناوچەکە و خانووە رووخاوەکان ئاوەدان دەبوویەوە، بەڵام وادیارە بەرپرسان و دەوڵەمەندەکانى نزیک لە دەوڵەت زیاتر پێویستیان بەو پارەیە هەیە.

ژنێکى تری ئەندامى یەکێک لە بنەماڵە بومەلەرزە لێدراوەکان دەڵێت، کاتێک خانووەکەیان رووخاوە لە شاردا خانوویەکى تریان بە کرێ گرتووە، بەڵام بەهۆى زۆریى کرێى خانووەکەوە نەیانتوانیوە کرێ بدەن، بۆیە بە ناچار چوونەتە کۆنتێنەر و ئێستا لە کۆنتێنەردا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەو ژنە دەشڵێت، ئێستا نەک خانوو، بەڵکو ژیانیشان بۆ نەماوەتەوە، بەڵام بەرپرسان هێشتا هەر باسى گرتنەبەری رێوشوێن و شارەزایى و بەزەیى دەوڵەتیان بۆ دەکەن!.

ر.م