بڕیارێکی حکومەتی هەرێم بەشێک لە هاوڵاتیانی تووشی کێشە کردوە

هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەرەوەی وڵات هاوردەی هەرێم دەکرێن تابلۆیان پێ نەدات، بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەو ئۆتۆمبێلانە هیچ هەل و مەرجێکی سەلامەتیان تێدا نییە. ئەم بڕیارەش لەلایەن هاووڵاتیان و بازرگانەکانەوە باس وخواسێکی زۆری لێکەوتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەربازی خاکی هەرێمی کوردستان دەکرێن تابلۆیان نەداتێ، بە بیانوی ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە هەل و مەرجی سەلامەتیان تێدا نییە. هاوڵاتیان و بازرگانانیش دەڵێن' ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلانە هەل و مەرجی سەلامەتیان تێدا نییە، بۆچی لە گومرگ ئیزنی دەرباز بوونیان دەدەن و پارەی گومرک لە ئێمە وەردەگرن'.

عەلی محەمەد کە خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێلە سەبارەت بە کاریگەری ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:" ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتەکەی گونجاو نەبوو، چونکە ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە بازاڕەکاندا ماونەتەوە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ تابلۆیان بۆ ناکات. لە خالە سنوورییەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل ڕاگیراوە و گلدراوەتەوە. لە مەرزی باشماخ نزیکی ٢٠٠٠ ئۆتۆمبێل گل دراوەتەوە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێکیش پارەیەکی یەکجار زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگرن. بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەربازی شارەکان بونە، لیژنەیەک دامەزراوە و پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت ئەمەش وایکردوە کاریگەریەکی زۆر لەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێل دروست بکات."

عەلی محەمەد لە درێژەی قسەکانی باسی لەوەشکرد ئەم بڕیارە بۆتە هۆی ئەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی دروست بکات لە نێوان کڕیار و فرۆشیارەکان، ئێمە ئەم کێشەیە دەخەینە سەر ئەستۆی خاڵە سنورێکان و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ. ئەگەر گوایە تابلۆ نادەنە ئەو ئۆتۆمبێلانە، بۆچی دەهێڵن لە گومرکەکان دەرباز بن و پارەی گومرک وەردەگرن؟. هەر ئۆتۆمبێلێک بێتە ناو خاکی هەرێمەوە دەبێتە موڵک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێویستە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ یاسایی بوونی ئەو ئۆتۆمبێلانە ببەخشێ بە خاوەنەکانیان.

هاوڵاتیان جەختیان لەسەرئەوە دەکردەوە لە کاتی چونیان بۆ پشکنین (بەڕاد) لەوێ ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت و زۆرجاریش جیاوازی دەکرێت لە نێوان خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، بە جۆرێک ئۆتۆمبێل هەبوە هیچ هەل و مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبوە بەڵام لە پشکنین دەرچوە، ئۆتۆمبیلش هەبوە هەمو هەل و مەرجێکی سەلامەتی تێدا بوە و لە پشکنین دەرنەچووە.

گەنجێک بە ناوی دیاری دەربارەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند:" ئێمە کە ئۆتۆمبێلمان هێناوە پێمان نەوتراوە کە تابلۆی بۆ ناکەین. ئەوان بە ئێمەیان وت ئۆتۆمبیلێک بێت (ئێڕ باگ)ی کێشەی نەبێت و لە لێدراودا ناوەوەی نەگرتبێ، کەچی ئۆتۆمبێلمان هێناوە لایەتێکی شکاوە، ئێر باگی عەیبی و دەعمیشی نیە بەڵام تابلۆی بۆ ناکەن. بە هەزاران ئۆتۆمبێل لە مەرزەکان ماونەتەوە و زیاتر لە شەش هەزار ئۆتۆمبێل دەربازی هەرێمی کوردستان بوە و پارەی گومریکیش دراوە بەڵام تابلۆی ئۆتۆمبیلمان بۆ ناکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گومرک بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لە جۆری (قەمەرە) ٢ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دینارپارەمان لێ وەردەگرێت، پارەکەیمان لێ وەردەگرن و دواتریش تابلۆمان بۆ ناکەن".

هەروەها وتیشی ئێمە کێشەمان بۆ دروست بوە بە جۆرێک هەمو کڕیارەکان سەرەتا پرسی ئەوەمان لێ دەکەن کە ئایە تابلۆ دەکرێت؟. ئێمەش دەڵێین نەخێر ناکرێت لە کاتێکدا بە شێوەیەکی فەرمی پارەی ئۆتۆمبێلەکەمان داوە. کە دەچینە بەڕادەکان بە شێوازێکی ناشرین مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن و بە ئارەزوی خۆیان بڕیار لەسەر ئۆتۆمبێلەکانمان دەدەن. لە هەمان کاتدا کێبڕکێیەکیش هەیە کە گوایە ئەم ئۆتۆمبیلانە لە مەرزی باشماخەوە دەرباز بونە و لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە دەرباز نەبونە، ئەو بڕیارەی کە دراوە هەمو کەس ناگرێتەوە و لە بەرژەوەندی چەند لایەنێک ئەو بڕیارە دراوە.

لەم بارەیەوە وەک ئاژانسی هواڵی فورات (ANF) پەیوەندیمان بە وتەبێژی نوێنەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیەوە کرد و لە وڵامدا ڕائد کامەران پێمانی ڕاگەیاند:" بەڵێ ڕاستە لە کاتی پشکنینی (بەڕاد) هەندێک ئۆتۆمبێل دەرباز دەبێت و هەندێکیشیان دەرباز نابێت، لەم بارەیەوە ئێمە هەوڵی چارەسەر کردنمان داوە و لە حەفتەی داهاتوشدا کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدرێت دەربارەی چارەنوسی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەربازی خاکی هەرێمی کوردستان بونە و لە کاتی پشکنین دەرنەچونە. لەو کۆبونەوەیەدا چەند ڕێنماییەک دەردەکرێت و بە شێوەیەکی فەرمی بڵاوی دەکەینەوە".

ک-ش