بۆ دروستکردنی کۆشک و زیندان پارە هەیە، بەڵام بۆ گەل پارە نییە

حکومەتی ئاکەپە/مەهەپە کە بە زۆر پارە لە خەڵک دەستێنێت، بە ملیۆنان لیرە بۆ دروستکردنی کۆشک و زیندان لە کوردستان سەرف دەکات.

حکومەتی ئاکەپە لەژێر ناوی (بەخشین) دا پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان دەستێنێت. بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ کۆشکی تەیب ئەردۆغان لە تەنیشت دەریاچەی وان لە ناوچەی خەلاتی بەدلیس ١٢٥ ملیۆن لیرە و بۆ دروستکردنی زیندانی نوێ ٨٠٠ کەسیش لە ناوجەی ئەردیشی وان ١٠٠ ملیۆن لیرە دابینکراوە. لە ناوجەی ئەردیشی وان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسە و لە ناوچەی خەڵاتی بەدلیشیش کە ژمارەی دانیشتووانی ٤١ هەزار کەسە، ٨٥%ی خەڵک هەژار و بێکارە. حکومەتی ئاکەپە بە ملیۆنان لیرە لەژێر ناوی (بەخشین) کۆدەکاتەوە  و بۆ دروستکردنی کۆشکی ئەردۆگان و زیندانەکەی ئەردیش بەکاریان دەهێنێت.

لەم دۆخەدا کە هەموو دەولەتانی جیهان لەدهی پەتای کۆرۆنا تێدەکۆشن و پشتگیری مادی یەکتری دەکەن، لە تورکیا پارە بۆ دروستکردنی کۆشکی ئەردۆغان و زیدانەکان سەرف دەکرێت. لە ناوچەی خەلاتی بەدلیس کارکردن لە قەسری ئەردۆغان لە تەنیشت دەریاچەی وان بەردەوامە. دادگای دەستووری بنەڕەتی لەبەرئەوەی یاساکانی پێشێلکردووە، پڕۆژەی کۆشکەکەی ئەردۆغان راگرتبوو، بەڵام گوێ بە یاسا نەدرا و دەست بە دروستکردنی کۆشکەکە کرا. تا ئێستا ١٢٥ ملیۆن لیرە لە کۆشکەکەدا سەرف کراوە. کۆشکەکەی ئەردۆغان لە ناوچەی خەڵات لە لایەن کۆمپانیای گوریاپی تاهوتەوە دروست دەکرێت کە خاوەنەکەی حەسەن گورسۆنە و هاوڕێی کۆنی ئەردۆغانە لەکاتی خوێندنی حوجرەدا.

زیندانە نوێکان و نیشانەی دوژمنایەتی

لە ناوچەی ئەردیشی وانیش بەشێکی زۆری زیندانە ٨٠٠ کەسیەکە تەواو بووە. زیندانەکە لەسەر زەویەکی ٦٤ هەزار و ١٨٩ مەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت و تا ئێستا ١٠٠ ملیۆن لیرەی تێدا سەرفکراوە. لەگەڵ ئەوەی لە وان ٦ زیندانی گەورە هەیە، بەڵام دروستکردنی زیندانی نوێ نیشانەی ئاشکرای ئەوەیە کە حکومەتی ئاکەپە/مەهەپە دوژمنایەتی کورد دەکات.

ف.ق