بۆ کۆشکەکەی ئەردۆغان سروشتی ناوچەی خەڵاتی بەدلیس لە لێواری دەریاچەى وان وێران دەکرێت

بە فەرمانی ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لە خەڵات-ی بەدلیس لە باکووری کوردستان و بۆ دورستکردنی 'کۆشکی سەرۆک کۆماری' دەستکراوە بە تێکدان و وێرانکردنى سروشتى ئەو ناوچەیە.

تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک پار سەردانی خەڵات -ی بەدلیسی کردبوو و وتبووی لە خەڵات "کۆشکی سەرۆک کۆماری دروست دەکرێت". لە مانگی ڕابردووەوە دەست بە دروستکردنی ئەو کۆشکە کراوە. کاری دروستکردنی 'کۆشکی سەرۆک کۆماری' لە قەراغ گۆڵی وان لەسەر رووبەری ٣٢ دۆنم زەوی دروست دەکرێت. بۆ دروستکردنى ئەو کۆشکەش دەستکراوە بە تێکدان و وێرانکردنى سروشتى ئەو ناوچەیە و دارەکانی قەراغ گۆلەکە لە رەگەوە هەڵدەکێشرێن و لمی کەناراوەکەش لەناو دەبرێت.

کۆشکی سەرۆک کۆماری تورک لە چوارچێوەی سیاسەتی تواندنەوە و سڕینەوەى گەلی کورد دا دروست دەکرێت.

بە دزییەوە کاری تێدا دەکەن

کاری دروستکردنی کۆشکەکە لە نیسانەوە دەستی پێکردووە و بڕیارە لە مانگی ئاب دا تەواو بکرێت. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کاری دروستکردنى کۆشکەکە بەدزییەوە بەڕێوەدەچێت. ژمارەیەک کرێکار کە لە دروستکردنی کۆشکەکە کاریان کردووە، بە بیانووی وێنەگرتن لە کار دەرکراون. کۆشکەکە هەم لەسەر وشکانی و هەم لەسەر ئاویش دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی کارکردنەکە لە دەرەوە نەبیندرێت و وێنەی نەگیرێت چواردەوری گیراوە.

ناوچەی خەڵات هیچ کار و کاری بەرهەمێنانى تیادا نییە و ڕیژەی بێکاری ٨٠ لە سەدە (٨٠%) و  خەڵک ناڕازین لە درزوستکردنی ئەو کۆشکە بۆ ئەردۆغان، کە ملیۆنان لیرەی تێدەچێت. هاووڵاتییانی خەڵات دەڵێن، بەهۆی بێکارییەوە خەڵک لە خەڵات و بەدلیس هەڵدێت، بۆیە  ئەوان لە جیاتی کۆشک و سەرا کاریان دەوێت.

ر.م