«بیست ساڵەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پیرۆز بێت!»

ئه‌نجومه‌نی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (كه‌نه‌كه‌) به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ساڵیادی دامه‌زراندنی كه‌نه‌كه‌ی پیرۆز كرد.

٢٠ ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر دامه‌زراندنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌). به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌نه‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و پیرۆزبایی له‌ هەموو ئەندامان و دڵسۆزانی کورد و کوردستان كرد.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

خانی لە سەدەی حەڤدەهەمدا دەفەرموێت "گەر ئێمە ئیتیفاقێکمان هەبووایە". بەڵێ، لە مێژە کورد بەم پرسە گرانەوە دەناڵێت بۆیە خانی مەزن ناچار بووە بکەوێتە هاوار و بانگ لە کوردان بکات و لێیان بپاڕێتەوە کە بێن و چارەسەرێک بۆ ئەم دەردە گرانەی کورد بدۆزنەوە. بەڵام مەخابن وا ئێمە لە سەدەی بیستویەکهەمین داین و هێشتا بەو یەکیەتیە نەگەیشتووین کە خانی داوامان لێ دەکات. بێگومان ئەمە جێی داخ و پەژارەیە چون گەورەترین ئاستەنگی بەردەم خەباتی ئازادیخوازیی و ڕزگاریی کورد و کوردستانە.

لەگەڵ هەموو ئەو تێکۆشان و ڕەنجدان و قوربانیەدا کە کوردان لە مێژوودا کردویانە و داویانە نەیانتووانیوە بگەنە خواست و ئامانجی خۆیان. نەبوونی یەکیەتیی نەتەوەیی سەدە دوای سەدە بەردەوام بووە و بووە بە مایەی بەردەوامبوون و درێژبوونەوەی دەرد و ئازاری کورد. بیرەوەرانی کورد هەمیشە ئاماژەیان بەم دەردە کردوە. باسی ئەم پرسە گرانە لە لایەکەوە ئەو مانایەی هەیە کە کوردان بۆ ئازادیی خۆیان و وڵاتیان هەمیشە لە ناو تێکۆشاندا بوون، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هەر وەکوو خانی و مەزنانی دیکەی کورد پێمان دەڵێن، بە هۆی نەبوونی یەکیەتیی نەتەوەییەوە تووشی زێدەزەحمەتیی و زێدەبارگرانیی بووین و نەمانتوانیووە بگەینە ئامانجی بڵندمان. دیارە ئەوەیش شایانی باسە کە لەم میژووە تاڵ و ترشەدا کوردان هەر هەوڵیان داوە.  لە لایەکیشەوە هەبوونی حیسابی بچووک و ڕووانینێکی بەرتەسکی ناوخۆیی و لەملایشەوە داگیرکەران و دوژمنان بە پیلان و ئۆینی خۆیان نەیانهێشتووە ئەم یەکیەتییە دروست ببێت.

لە سەدەی بیستهەمدا لەگەڵ ئەوەشدا کە هەوڵدان و تێکۆشان بۆ دروستکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی زیاتر پەرەی ستاندووە، بە داخەوە هێشتا هەر کوردان نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجە مەزنە. 

لە کۆتایی سەدەی بیستدا پرسی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد لە هەر کاتێکی دییکە گرینگتر بوو و لەبەرئەوەش باسێکی گەرمی ئەوڕۆیی بوو. لەم سەدەیەدا هەروەها خەباتی ئازادیخوازیی گەلی کوردیش بەهێزتر بوو هەروەکوو چۆن هاوتەریب، هێرشی داگیرکەران و دڕندایەتیی ئەوانیش لەو پەڕی ئاستی خۆیدا بوو. هەمیشە لە مێژووی کورددا وا بووە کە کاتێک داوای یەکیەتیی نەتەوەیی کرابێت تێکۆشانیش گەرمتر و بەجۆشتر بووە و هەستی یەکدەنگیی و هاوسەنگەریی کوردانیش بەهێزتر بووە.

لە کۆتایی سەدەی بیستهەمدا ئیدی کورد بە ناچاریی لە دووڕیانێکدا وێستابوو. پرسی دروستکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی و بەڕێکخستنی ئەو یەکیەتییە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بوو. ئەوە بوو هێزی دەینامیکی سیاسیی کوردستانیی پێکهاتوو لە کەسایەتیگەلی سەربەخۆ، لە ڕێکخراوە و سازمان و پارت و حیزبی جیاوازی خاوەن ئەزموون لە سەرانسەری کوردستان و هاوکات بە پێشینەی ئەزموونی پێشووی خەباتی ئازادیخوازیی و خەڵکی کوردستان، کۆبوونەوە و لە 24ی گوڵانی ساڵی 1999 دا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـیان دامەزراند.

لەدایکبوونی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک پێداویستیەکی مێژوویی ئارەزووکراو و چاوەڕووانکراو بوو. ئەو ساڵە هەم خەباتی ئازادیخوازیی و تێکۆشان لە ئاستێکی شایانباسدا بوو و هەمیش هێرش و دڕندەیی داگیرکەران لە پلەیەکی ترسناکدا بوو. لەو دەمەدا بوو کە لایەنانی دڵسۆزی کورد، چ وەکوو تاک و چ وەکوو ڕێکخراوە، هەنگاوێکی پێویست و مێژووییان لە وڵاتی هۆڵەند هەڵگرت. لەم بڵندگۆیەوە دەنگی یەکیەتیی کوردان و هاوسەنگەرییان بڵندبووە و گەرمیی و شانازیی بە خەڵکی کوردستان بەخشیی و هاوکاتیش ئیرادەیەکی پۆڵایینی ئازادیخوازیی نیشانی داگیرکەران و دوژمنان دا.

24ی گوڵانی 2019 کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک دەبێت بە (20) بیست ساڵ. لەم بیست ساڵەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەوڵی داوە هەموو هێزێکی کورد، لە هەر جۆرە شێوەیەکی رێکخستندا بن، لە یەک نزیک ببنەوە و لە ناو یەک مەیدان و شورا ی نەتەوەیی و نیشتیمانییدا کۆببنەوە و هەم خۆیان بەهێز بکەن و هەم یەکتر بەهێز بکەن و لەو ڕێگایەشەوە کورد و کوردستان بەهێز ببێت. بەو شێوەیە لە هەموو بوارەکانی سیاسیی، کۆمەڵگایی، زمان و کولتوردا خەبات و تێکۆشان بە بەردەوامیی کردراوە، ئەگەرچی لەو ئاستەیشدا نەبن کە چاوەڕووان دەکرێت و کە شایستە بە خەڵکی کوردستان بێت. بەڵام بە بێگومانییەوە هەوڵ و تەقەڵا و خەبات و تێکۆشان بۆ خاڵە بناخەییەکە، کە دروستکردن و بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەییە، بە حەز و دڵخوازیی و خۆبەخشییەوە بەردەوام بووە.

ئەم ساڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بیست ساڵ لە تەمەن لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و بەرەو ئەو ئامانجە بەردەوام دەبێت کە خەڵکی کوردستان ئاواتەخوازیین.

لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی ک ن ک ـەوە هەتا ئەمڕۆ کەسایەتیگەلی سەربەخۆ و سازمان و ڕێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵگاییەکان ڕۆڵی بەرچاو و شایانباسیان هەبووە و دڵسۆزانە بەشدار بوون و خزمەتێکی گەورەیان کردووە. بە سەدان کەس لە دەورەی جیاواز و بە بەردەوامیی بوون بە ئەندامی ک ن ک.  لەم پرۆسە مێژووییەی ئەم بیست ساڵەدا ڕەنج و کار و خەباتی هەمووان هەیە و جێی نرخە و لە مێژوودا دەمێنێتەوە. بە داخەوە لەم مێژووە بیست ساڵەییەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی دڵسۆز کۆچی دوواییان کردووە کە لەم دەرفەتەدا یادیان بە خێر دەهێنین و ڕێگایان پڕ ڕێبوار دەکەین. هەروەها سپاسی هەموو ئەو هاوڕێ ئەندامانەیش دەکەین کە دەوری ئەندامیەتیان کۆتایی پێ هاتووە و ئەوانەیش کە هەر ئێستا لە کار و خەبات دان.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ڕێگای بەرخۆدانی گەیشتن بە ئازادیی و ڕزگاریی کوردستاندا بە هیوایە و ئاسۆ بینە، بەڵام هاوکات ک ن ک بە بەردەوامی کوردستانیان و دڵسۆزانی ئەو خەباتە ئازادیخوازییە لە مەترسی هەڕەشەی گەورەی داگیرکەریی و ئۆینی دوژمنان ئاگادار دەکاتەوە. لەو بارەیەوەیە کە ک ن ک دەیەوێت خەڵکی کوردستان تێکڕا پێکەوە، شان بە شانی یەک، دژ بە دەوڵەتانی داگیرکەر و تاوانبارانی تورکیا و ئێران و سووریا و بە دەسەڵاتدارانێکی نەژادپەرست و شەڕانگێز لە ئێراق بووەستن. داگیرکەران دژ بە خەڵکی کوردستان پێکەوە لە هەمئاهەنگیی دان و لە یەک سەنگەردان. لە بەرامبەر ئەم داگیرکەریی و کۆنەپەرستیەدا کوردانی ئازادیخوازیش دەبێت یەکدەنگ و هاوسەنگەر بن.

لە بیست ساڵەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا لە دووبەشی کوردستان، لە باشوور و ڕۆژئاوا، بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆسەر پێک هاتووە. ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا دەستکەوتی گەورە و بە نرخن. بەڵام جێی داخ و ناڕەحەتییە لە کاتێکدا کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بیستهەمین ساڵی هەبوونی خۆی پیرۆز دەکات ئەم دوو بەڕێوەبەڕایەتییە لە یەک دوورن و ڕێککەوتنێکی نەتەوەیی نیشتیمانییان لە ئاستێکدا لە نێواندا نییە کە بۆ خەڵکی کوردستان جێگای خۆشحاڵیی بێت و لایک بەوان بێت. لەم دەرفەتدا داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی هەردوولا دەکەین کە بەرەو ڕێککەوتننامەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی نێوخۆیی هەنگاو بنێن کە ببێت بە مایەی دڵخۆشبوون و شانازیی خەڵکی کوردستان و بە ئازاری سەر دڵی ناحەزان. 

ک ن ک هەروەها داوا لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و لە کەسایەتیە سەربەخۆکان دەکات کە لە بەهێزکردن و بەرەوپێشەوەبردنی ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییەدا دڵسۆز و هاوکار و ڕێنیشاندەر بن. 

ک ن ک هەروەها داوا لەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە دەکات کە لە ناو سنووری جوگرافیای خۆیاندا کە تیایدا حوکم دەکەن ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ، لە ئازادیی و شانازیی و سەروەریی و بەرابەریی خەڵک بگرن و سیستەمێکی دیموکراسیی پێش بخەن کە شایستە بە گەلی کوردستان بێت.

ک ن ک تێکۆشانی ئازادیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکات و بەرز دەنرخێنێت و داوا لە هەموو کوردستانیان دەکات کە هاوسەنگەریان بن و خاوەن لێیان دەر بکەون. 

ک ن ک بە گەرمیی داوا لە کوردستانیانی تاراوگە دەکات کە لە کار و تێکۆشانی نەتەوەیی نیشتیمانییدا خۆدوور نەگرن و بە دەربەستەوە بێن و بەشدار بن، چون دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن بەتایبەتیی کە دەتوانن لە دەرەوەی وڵات دەنگیان بگەیەننە ناوەندەکانی دەسەڵات. 

ک ن ک لەگەڵ هەموو زۆر و زەحمەتیی و کەم و کورتهێنان و کەمتەرخەمیی و هەڵەیەکیشدا کە لە پرۆسەی ئازادی و ڕزگاریی کوردستاندا ڕوو دەدەن، هێشتا هەر بە هیوایە و گەشبینە، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات کە هیوا و ئامانجیان بەرز ڕابگرن، کە بۆ قوربانیدان و خەباتی نەتەوەکەیان شاناز و سەربەرز بن، کە بە بەردەوامیی بۆ بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی لە کاردا بن، و کە نەهێڵن داگیرکەر دڵیان سارد بکاتەوە و تووشی ترس و دوودڵیی و گومانیان بکات.

ک ن ک ڕاستبینە و دەزانێت لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی کوردستان هەیە و هەموو ئەو کار و خەباتەیش کە بە بەردەوامیی کراوە، هێشتا یەکیەتیەکیی نەتەوەیی نیشتیمانیی سەرانسەریی کوردستانیی پێک نەهاتووە، هەر لەبەرئەوە ک ن ک لە بەردەوامیی هەبوونی خۆیدا زیاتر و شێلگیرتر و جەسوورتر پێ لە سەر ئەم ئەرکە مێژووییە دادەگرێت و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پەیگیر دەبێت.

ک ن ک لەم دەرفەتی بیستەهەمین ساڵیەدا داوا لە هەموو شێوەکانی رێکخستن و لە تاکەکەس و گرووپ و لایەنەکان لە کوردستان دەکات کە ئەم ئەرکە مێژووییە گرینگە، یەکیەتیی مەزنی نیشتیمانیی، لە ڕیزی سەرەوەی کاردا دابنێن تا خەڵکی کوردستان بە ئاواتی لەمێژینەیان دەگەن.

ک ن ک لە بیستهەمین ساڵیادی خۆیدا دووبارە زەحمەتیی و دژواریی پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی وەبیری هەمووان دەهێنێتەوە، بەڵام ئەوەیش کە ئێمە هەرگیز نابێت لەو بارە گرانە بسەڵەمێینەوە و خۆمان وەدوور بگرین، نابێت خۆمان بیهیوا و پەرێشان و دەستخەڕۆ ببینین، بەڵکو دەبێت وزە و توانا و ورەمان بۆ ئاستی ئەو ئەرکە مێژووییە بەرز بکەینەوە.

ک ن ک لە یادی بیستەهەمین ساڵەی خۆیدا هەروەها بە چاوی خۆڕەخنەکردنەوە و لە کار و خەباتی خۆی دەڕووانێت و لە هەوڵدا دەبێت کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشوو، بە وزەیەکی زیاتر و ورەیەکی قایمتر و دڵێکی ئاوەڵاترەوە مەیدان بۆ پێکهێنانی یەکیەتیەکی نەتەوەیی نیشتیمایی سەرانسەریی کوردستانیی فەراهەم بکات.

بیستهەمین ساڵەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە هەموو ئەندامان و لە دڵسۆزانی کورد و کوردستان پیرۆز بێت.

بژی یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانیی!

s.m