بە وێنە.. ئامادەکاری و چوونى هەزاران كەس بۆ نەورۆزی قەندیل

هەزاران كەس لە چوارپارچەی كوردستانەوە ڕوویان لە شوێنی ئامادەكارییەكانی پیرۆزبایی نەورۆز لە قەندیل كردووە.

 

ئاژانسى ڕۆژ نیوز بڵاویکردووەتەوە ، بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر ١١:٠٠ ، بە درووشمی "خۆڕاگریی عەفرین نەورۆزی گەلانە" ، بە بەشداریی هەزاران كەس نەورۆز لە بناری قەندیل پیرۆز بكرێت.

لە كاتژمێرەكانی سەرەتای ڕۆژەوە ، بە هەزاران هاوڵاتی لە كوردستانەوە ڕوویان لە قەندیل كردووە ، لە مەیدانی پیرۆزباییەكەدا ، منداڵ ، ژنان و پیاوان بە جۆشەوە نەورۆز پیرۆز دەكەن.

چەندین ژنی بەتەمەن بە جلوبەرگی ڕەسەنی كوردییەوە بەشداری جەژنی نەورۆز دەكەن.

هەروەها منداڵان و گەنجان ، بە لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی و شەڕڤانان و گەریلاوە ، ئاڵاكانی ، پەكەكە ، یەپەگە ، یەپەژە و وێنەكانی ڕێبەر ئاپۆ لە مەیدانەكەدا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەى نەورۆز پیرۆز بكەن.

 لەسەرەتای شوێنی مەراسیمەكەوە تا سەر تەختەی پێشكەشكردنی پیرۆزباییەكان ، چەندیل ژن لە مەیدانەكەدا ئامادەن و كەلوپەلەكانی تایبەت بە ژنان و كلتوری كوردییان نمایش كردووە و دەیفرۆشن.

چاوەڕوان دەكرێت ، لە ژند كاتژمێری داهاتوودا ، دەیان هەزاركەس بگەنە بناری قەندیل و گەل و گەریلا پێكەوە نەورۆز پیرۆزبكەن.

هەر لە ئێستاوە گەنجان بە گرووپی جیاجیا كۆبوونەتەوەو سرودی شۆڕشگێڕیی دەڵێنەوە. هاوكات چەندین درووشم بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی عەفرین و شەڕڤانان و گەریلاكان دەڵێنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شەوی رابردووەوە ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق لە بازگەکانی قەسرێ و گۆجار، کە دەڤەری سۆران و باڵەکایەتی و برادۆست بە قەندیلەوە دەبەستێتەوە و هەروەها بازگەی پردێ، کە ئەو دەڤەرانە بە ڕانیەوە دەبەستێتەوە، رێگریی لە چوونی هاوڵاتیان بۆ قەندیل دەکرد.

  مانەوەى هاووڵاتیان لە بازگەکان و نەگەڕانەوەیان و پێداگرییان بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزى قەندیلدا، ئاسایشی پارتی نزیکەى کاتژمێرێک لەوە پێش بە ناچاری بازگەکانی (قەسرێ)، (گۆجار) و (پردێ) ی کردەوە و هەزاران هاووڵاتیان ڕوویان لە قەندیل کرد بۆ پیرۆزکردنى نەورۆز.