"بەدڵنیاییەوە ڕاستی سەردەکەوێت"

سلێمان و فەیسەڵ ناکش ٢ زیندانیی مانگرتوون و وتیان: "هەتا گۆشەگیریی کۆتایی پێ نەیەت، ئێمە کۆتایی بە چالاکیی خۆمان ناهێنین. بەدڵنیاییەوە ڕاستی، ماف و حەقیقەت سەردەکەوێت".

بەرخودانی مانگرتن بۆ کۆتاییپێهێنانی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە. بەناوی ئەو ٧ هەزار زیندانییەی کە لە مانگرتن دان، ڕاگەیانراوێک بڵاو کرابوەوە و ئاشکرا کراوە، کە تا کۆشەگیریی بەتەواوی لانەبرێت، بەرخۆدان بەردەوامدەبێت.

سلێمان ناکش و فەیسەڵ ناکش، کە لە گرتووخانەی پیتی (D)ی ئامەد لە مانگرتن دان نامەیەکیان بۆ بنەماڵەی خۆیانیان ناردووە و تیشکیان خستووەتە سەر ئەو بەرخۆدانەی کە لە گرتووخانەکان دەستیپێکردووە و ئەو بێدەنگییەیی، کە لە دەرەوە هەیە.

 سلێمان ناکش ماوەی ١١ مانگە لە گرتووخانەدایە و سزای ٩ ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنراوە. لە ١ی ئازاری ٢٠١٩ / ١٠ی رەشەمەوە لە مانگرتندایە. فەیسەل ناکش-یش دوای ئەوەی کە ساڵ و نیوێکی لە گرتووخانەی خارپێت بەسەر بردوو ئازاد کرا، بەڵام دوای ماوەیەک دیسان دەستگیر کرایەوە، سزای فەیسەلیش دوای دوو ساڵ کۆتایی دێت.

زیندانییەکان لە نامەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاند، مانگرتن نەک تەنیا لە زیندانەکان، بەڵکو لە هەموو دونیا بەردەوامە راشیانگەیاند: "کەس بۆ حەز و ئارەزوو، یان حەزکردن لە مردن مانی نەگرتووە، بەڵکو داواکانمان ئاشکرا و ڕەوان. دەمانەوێت گۆشەگیریی سەر ئیمرالی کۆتایی پێ بێت، کە ئەو گۆشەگیرییە هیچ شوێنێکی لە یاسادا نییە. ناکرێت ئێمە لەگەڵ ئەو گۆشەگیرییە بژین و وەکو شتێکی باو و ئاسایى وەریبگرین. لەوانەیە کە هەندێک بیانەوێت دۆخەکە قبوڵ بکەن و وەکو ئاسایی لێکیبدەنەوە، بەڵام بۆ ئێمە هی بەرگەگرتن نییە".

ئەوەشیان خستووەتەڕوو "ئەو بەرخۆدانە، کە بۆ سۆما و بینایى چاومان دەستیپێکردووە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەست دێنێت. لە گرتووخانەی ئامەد ١٧٠ هەڤاڵ مانیان گرتووە. تا ئەو کاتەی وەڵامی داواکارییەکانمان بدرێتەوە ئێمە بەردەوام دەبین. لە کاتی دەستپێکردنی مانگرتنەکە بەدواوە، ٨ هەڤاڵی ئێمە بوونە ئەستێرە و بەڕاستی زیانمان پێکەوت بەوە، بەڵام نزیکایەتیى خەمساردانەی بەرپرسان و دەوڵەت بووە هۆی ئەوە دۆخێکی وا دروست ببێت. کێ چی دەڵێت و چۆن لێی دەڕوانێت گرینگ نییە، بەڵکو راستی، ماف، حەقیقەت بە دڵنیاییەوە سەردەکەون".

ر.م